ئەرتەشی ئێران بۆ ئەمریکا: ئەگەر هێرش بکەن، بەرەی نوێتان دژ دەکەینەوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی ئەرتەشی ئێران لەبارەی ئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرشەکان بۆ سەر وڵاتەکەی، هۆشداری دەداتە ئەمریکا و دەڵێت، "بە ئامراز و شێوازی نوێوە بەرەی نوێیان لە دژ دەکەنەوە."
 
پەیوەندییە گشتییەکانی ئەرتەشی ئێران لە راگەیێندراوێکدا کە ئەمڕۆ سێشەممە، 19ی ئایاری 2026 بڵاویکردووەتەوە، رایگەیاندووە، محەممەد ئەکرەمی‌نیا، گوتەبێژی ئەرتەشی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کۆبوونەوەی لایەنگرانی حکومەت لە گۆڕەپانی وەلیعەسری تاران ئامادە بووە و لەسەر شەڕ لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، ئاگربەست و گەمارۆ دەریاییەکەی ئەمریکا لەسەر بەندەرەکانی ئێران، گوتارێکی پێشکێش کردووە.
 
بەپێی راگەیێندراوەکە، گوتەبێژی ئەرتەشی ئێران ئاماژەی بەوە کردووە، "کۆماری ئیسلامیی ئێران گەمارۆ نادرێت و تێکناشکێت" و رایشیگەیاندووە، "ئەگەر دووژمن هەڵە بکات و دووبارە بکەوێتە داوی زایۆنییەکانەوە و دەست بۆ دەستدرێژییەکی دیکە بۆ سەر ئێران ببات، بە ئامراز و شێوازی نوێوە بەرەی نوێیان دژ دەکەینەوە."
 
محەممەد ئەکرەمی‌نیا ئاماژەی بە ئامادەیی سوپای ئێران لە ماوەی ئاگربەستدا کرد و گوتی، "ئەرتەشی کۆماری ئیسلامی ئێران، سەردەمی ئاگربەست وەک سەردەمی جەنگ دەبینێت و ئەم دەرفەتەی بۆ بەهێزکردنی توانا سەربازییەکانی بەکارهێناوە."
 
لە درێژەی قسەکانیدا، گوتەبێژی ئەرتەشی ئێران بانگەشەی ئەوەی کرد، ئامانجی سەرەکیی ئەمریکا و ئیسرائیل لە شەڕی 40 رۆژەدا دابەشکردنی ئێران بوو، "دووژمن بە تیرۆرکردنی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و فەرماندە باڵاکانی هێزە چەکدارەکان، پێیوابوو دەتوانێت لە خەیاڵی خۆیدا رژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بڕووخێنێت و لە کۆتاییشدا بگاتە ئامانجی سەرەکی خۆی کە دابەشکردنی ئێرانە، بەڵام گەلی بەئەزموون و شۆڕشگێڕی ئێران راپەڕین و بە ئامادەبوونیان لە شەقامەکاندا بوونە هۆی شکستی دووژمن و بەهێزبوونی توانای هێزە چەکدارەکان."
 
ئەکرەمی‌نیا بە ئاماژەدان بە دۆخی تەنگەی هورمز، جەختی لە باڵادەستی هێزە چەکدارەکانی ئێران بەسەر تەنگەکەدا کرد و گوتی، دۆخی تەنگەکە هیچ کاتێک ناگەڕێتەوە بۆ دۆخەکەی بەر لە جەنگ.
 
لە 28ی شوباتی 2026ەوە جەنگی ئەمریکا/ئیسرائیل لە دژی ئێران دەستیپێکرد و 40 رۆژی خایاند. دواتر لە 8ی نیسانی 2026، ئێران و ئەمریکاییەکان لەسەر ئاگربەستێکی دوو هەفتەیی و دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکان رێککەوتن، ئاگربەستەکە تاوەکو ئێستا بەردەوامە.
 
ئێران لە سەرەتای جەنگەوە تەنگەی هورمزی داخستووە، ئەمریکاش لە بەرامبەردا وەک تۆڵەیەک، بەندەرەکانی ئێرانی ئابڵووقە داوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە