رووداو دیجیتاڵ
جێگری پارێزگاری سنە دەڵێ، لە هەفتەی داهاتووەوە هێڵی شەمەندەفەری سنە - تاران - مەشهەد بە شێوەی ئەزموونی دەستبەکار دەبێ.
کیومەرس حەبیبی، جێگری پارێزگاری سنە بۆ کاروباری ئاوەدانکردنەوە، ئەمڕۆ سێشەممە 19ی ئایاری 2026 بە میدیای فەرمی ئێرانی راگەیاند: "دوای دوو ساڵ لە بەدواداچوون و گفتوگۆی بەردەوامی پارێزگاری سنە لەگەڵ وەزیرانی کار و رێگەوبان، بە هاوکاریی بەڕێوەبەری گشتیی هێڵی ئاسنی ئێران، پڕۆژەی هێڵی شەمەندەفەری سنە- تاران- مەشهەد چووە واری جێبەجێکردنەوە."
کیومەرس حەبیبی رایشیگەیاند، بڕیارە یەکەم گەشتی ئەم شەمەندەفەرە رۆژی 27ی ئایاری 2026 لە مەشهەدەوە بەرەو هەمەدان و سنە دەبێ و گەشتی گەڕانەوەشی کاژێر 17:00ی رۆژی پێنجشەممە 28ی ئایار، لە سنەوە بۆ تاران و پاشان مەشهەد دەبێ.
حەبیبی ئاماژەی بەوەش کرد، دووەم گەشتی ئەزموونیی ئەم هێڵە، هەفتەیەک دوای گەشتی یەکەم دەبێت، واتە رۆژی 4ی حوزەیران، شەمەندەفەرێک لە مەشهەدەوە بەڕێ دەکەوێ و دوای وەستانێک لە هەمەدان دەگاتە سنە، رۆژی دواتر لە سنەوە بەرەو تاران و مەشهەد دەگەڕێتەوە.
جێگری پارێزگاری سنە مەبەستی هێڵەکەی بۆ گەشەپێدانی کەرتی گەشتیاری، بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەکانی گواستنەوەی سەرنشین و بار و دروستکردنی پەیوەندییەکی کاریگەر لە نێوان رۆژهەڵات و رۆژئاوای وڵاتدا گەڕاندەوە.
پارێزگاری سنە داوای لە خەڵکی پارێزگای سنە کرد کە پاڵپشتیی ئەم پڕۆژەیە بکەن بۆ ئەوەی هێڵی ئاسنی سنە بە لایەنی کەمەوە بە پێنج پارێزگای دیکەوە ببەسترێتەوە و دەرفەتی گەشەکردنی زیاتری ئابووریی ناوچەکە بڕەخسێنێت.
مەودای نێوان سنە و مەشهەد نزیکەی 1350 کیلۆمەترە و بە پاس نزیکەی 16 کاژێرە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ