سوپای پاسداران: هێرشمان کردە سەر چەندین پێگەی ئەمریکا لە ناوچەکەدا
رووداو دیجیتاڵ
پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەڵێ، شەپۆلی 69ی ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە (بەڵێنی راستگۆی 4) بۆسەر ژمارەیەک ئامانج لە ئیسرائیل، لەوانەش تەلئەڤیڤ و حەیفا جێبەجێ کرا.
وەک سوپای پاسداران دەڵێ، ئەم شەپۆلە کۆمپانیاکانی پشتیوانیی سەربازی، پیشەسازییە سەربازییەکان و سیستمە راداری و گەیاندنەکانی ئیسرائیلی گرتووەتەوە.
سوپای پاسداران ئاماژە بەوە دەکات، هەروەها بنکەکانی سوپای ئەمریکا لە ناوچەکە، لەوانەش بنکەی (عەلی سالم) لە کوێت و بنکەی (خەرج) لە سعودیە کە شوێنی کۆگاکردنی سووتەمەنی و دابینکردنی سووتەمەنی فڕۆکە جەنگییەکانی جۆری F-16 و F-35ی ئەمریکین، کراونەتە ئامانج.
سوپای پاسداران باس لەوە دەکات کە لەم هێرشانەدا مووشەکەکانی (قەدر) و (خەیبەرشێکن)، مووشەکە مەودا مامناوەندەکانی (زولفەقار) و (قیام) و چەندین درۆنی بۆمبڕێژکراو بەکارهێنراون و ئۆپەراسیۆنەکە بە سەرکەوتوویی کۆتایی هاتووە.
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەی سوپای پاسداران هۆشداری دراوە و هاتووە: "ماڵوێران دەبن، ئەم شەپۆلە هێشتا بەردەوامە..."