رووداو دیجیتاڵ
پێش هەڵگیرسانی جەنگ، لە 28ی شوباتی 2026، دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتییەکان سەیری ئابووریی ئێرانیان دەکرد وەک ئابوورییەک کە "ناجێگیرییەکی بەردەوام"ی پێوەدیارە و بە "هەڵاوسانی زۆر" و "گۆشەگیربوون" دەناسرێتەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا جۆرە خۆڕاگرییەکی سەیر و پتەویشی پێشاندەدا کە دەرەنجامی ساڵانێکی زۆر لە سەپاندنی سزاکان و بازدان بەسەر ئەو سزایانەدا سەرچاوەی گرتبوو.
راپۆرتەکانی سندووقی نێودەوڵەتیی دراو (IMF) و بانکی جیهانی لە کانوونی دووەمی 2026دا ئاماژە بەوە دەکەن کە هەرچەندە ئابووریی ئێران نەچووەتە قۆناخی داڕمانی تەواوەوە، بەڵام لەنێو خولێکی "گەشەی کەم" و "هەڵاوسانی بەرز"دا گیری خواردبوو.
بێ متمانەیی و دابەزینی بەهای دراو: لە کانوونی دووەمی 2026، بەهای تمەن گەیشتە 140 هەزار بۆ 160 هەزار تمەن بەرامبەر بە 1 دۆلار. پلاتفۆرمەکانی گۆڕینەوەی دراو بەهای (ریاڵ)یان وەک "0.00" دۆلار پیشاندەدا. (ریاڵ ناوی فەرمی دراوی ئێرانە، 10 ریاڵ یەک تمەنە).
بێکاری و بەدخۆراکی: راپۆرتە فەرمییەکان ئاماژەیان بەوەکردووە کە 57%ی ئێرانییەکان تووشی جۆرێک لە بەدخۆراکی ببوون. هەروەها پەرلەمانی ئێران دانی بەوە دانابوو کە 50%ی پیاوانی تەمەن 25 بۆ 40 ساڵ بێکارن.
بودجەی سەخت: حکومەتی مەسعوود پزیشکیان بودجەی ساڵی 2026ی وەک "سەختترین بودجە" ناوبرد، کە تێیدا خەرجییەکان تەنیا بۆ دانەوەی قەرز و پابەندییە ئەمنییەکان زیادکرابوون.
رۆژی یەکەم: بۆشایی سەرکردایەتی
دەستپێکی جەنگەکە بە کوشتنی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کاژێرە سەرەتاییەکاندا بوو. ئەمە تەنیا لێدانێکی سەربازی نەبوو، بەڵکو بووە هۆی تێکچوونی ئاراستەی سەرکردایەتی، هەرچەندە کوڕەکەی وەک جێگرەوە دیاریکرا، بەڵام بەهۆی گومانەکان لە سەلامەتی رێبەری نوێ، دەسەڵاتی ئابووریی ئێران کە سوپای پاسداران دەسەڵاتێکی بەرچاوی بەسەرەوە هەیە، رووبەڕووی قەیرانی سەرکردایەتی بووەوە.
سوپای پاسداران وەک کۆمپانیایەکی ئابووری: سوپای پاسداران تەنیا سوپا نییە، بەڵکو گەورەترین کۆمپانیای ئابووری ئێرانە کە کۆنترۆڵی کەرتەکانی بیناسازی، پترۆکیمیایی و، نیوەی لۆجیستیکی هەناردەی نەوت دەکات.
بۆشایی ئابووری: پەککەوتنی سێ ئاستی سەرکردایەتی سوپای پاسداران بۆشاییەکی گەورەی لە بەڕێوەبردنی تۆڕە نهێنییەکانی بازرگانی دروستکرد.
ستراتیجی ئەمریکا لە دوورگەی خارک
دوورگەی خارک "تاجی شاهانەی ئابووری ئێرانە" چونکە نزیکەی 90%ی هەناردەی نەوتی خاوی وڵاتەکەی پێدا تێدەپەڕێت.
وێرانکردنی پارێزبەندییەکان: لە 13ی ئاداردا، ئەمریکا زیاتر لە 90 ئامانجی سەربازی لە دوورگەکە وێرانکرد.
گرەوی تاکتیکی: دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند کە هێرشی نەکردووەتە سەر تێرمیناڵە نەوتییەکان بەهۆی پابەند بوون بە بنەما"رەوشتییەکان"ەوە، بەڵام ئەمە تاکتیکێک بوو بۆ هێشتنەوەی کەرتی نەوت وەک بارمتە لە دانوستانەکان دا.
پەککەوتنی هەناردە: هەرچەندە تێرمیناڵەکان نەسووتێنران، بەڵام هیچ کەشتییەک نەیدەوێرا نەوتێک بار بکات کە لەژێر گەمارۆی هێزی دەریایی ئەمریکادایە. لەوکاتەوە کە ئەمریکا لە 12ـی نیسان گەمارۆی تەنگەی هورمزی بەسەر ئێران دا راگەیاندووە، بە کردەیی هەناردەی نەوتی ئێران پەکیکەوتووە.
لێدان لە دڵی پیشەسازی، پارسی باشوور
کێڵگەی گازی پارسی باشوور گەورەترین کۆگای گازی جیهانە و بەشدارە لە 70% بۆ 80%ی بەرهەمهێنانی گازی ناوخۆیی ئێران.
هێرشەکان: لە 18ی ئاداردا، ئیسرائیل کێڵگەکە و دامەزراوە پترۆکیمیاییەکانی عەسەلوویەی کردە ئامانج .
کاریگەرییەکان: بەرهەمهێنان لە دوو پاڵاوگەدا وەستا کە توانایان 100 ملیۆن مەتر سێجا بوو لە رۆژێکدا. ئەمەش بووە هۆی پەککەوتنی 85%ی توانای هەناردەی پترۆکیمیای ئێران.
تاریکی لە عێراق: بەهۆی ئەم وێرانکارییەوە، ئێران هەناردەی گازی بۆ عێراق بڕی، کە 1 لەسەر 3ی کارەبای ئەو وڵاتەی دابین دەکرد.
زیانی کێڵگە نەوتییەکان
یەکێک لە گەورەترین زیانەکان کە قەرەبوو ناکرێتەوە، دیاردەی "Water Coning"ە لەنێو بیرە نەوتەکاندا.
فەوتانی هەمیشەیی: کاتێک بیرە نەوتەکان بەهۆی نەمانی کۆگا و پڕبوونی کۆگاکان دادەخرێن، ئاوی سوێری نێو کێلگەکە ئاستی هێندە بەرزدەبێتەوە کە زیانی هەمیشەی لە بیرە نەوتەکە دەدات.
مەزندەی زیانەکان: شارەزایان پێشبینی دەکەن ئەمە ببێتە هۆی لەدەستدانی هەمیشەیی 300,000 بۆ 500,000 بەرمیل توانای بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوتی ئێران. واتە ساڵانە 9 بۆ 15 ملیار دۆلار داهات بۆ هەمیشە لەدەست دەچێت.
هەژمارکردنی وێرانکارییەکان: 270 ملیار دۆلار
حکومەتی ئێران زیانەکانی بە نزیکەی 270 ملیار دۆلار خەمڵاندووە
کەرتە زیانلێکەوتووەکان:
کەرتی پترۆکیمیا: 30 بۆ 50 ملیار دۆلار.
بەرهەمهێنانی پۆڵا: 70%ی پەکیکەوتووە.
ئابووری دیجیتاڵی: 2 بۆ 3 ملیار دۆلار بەهۆی پچڕانی ئینتەرنێتەوە.
ماوەی ئاوەدانکردنەوە: بانکی ناوەندیی ئێران مەزندە دەکات کە 12 ساڵی دەوێت بۆ گەڕانەوە بۆ ئاستی پێش جەنگ، ئەویش بە مەرجی لادانی سزاکان.
قەیرانی بژێوی و خۆراک
داتاکانی نرخی خۆراک لە ئێران لە نێوان ئاداری 2025 تا ئاداری 2026 نیشانیدەدەن کە جەنگەکە چۆن برسێتی خێراتر کردووە.
نرخی رۆن: 219% زیادی کردووە.
نرخی نان و دانەوێڵە: 140% زیادی کردووە.
گۆشت و مریشک: 135% زیادی کردووە.
مووچە بەرامبەر دۆلار: کەمترین مووچەی مانگانە بەهۆی داڕمانی تمەنەوە بووەتە تەنیا 56 دۆلار لە مانگێکدا کە تەنانەت دوای زیاکردنی بەڕێژەی 60٪ ناگاتە 100 دۆلار.
سیناریۆکانی داهاتوو
بەپێی مۆدێلە ئابوورییەکان، ئەگەر جەنگی ئێران بوەستێت یان بەردەوام بێت دەکرێ ئەم سیناریۆوانە رووبدەن.
رێککەوتن (ئەگەری 25%): رێککەوتنێکی گشتگیر و لادانی سزاکان کە رێگە دەدات هەناردەی نەوت بگەڕێتەوە.
دۆخی هەڵپەسێردراو (ئەگەری 50%): بەردەوامی ئاگربەست بەبێ رێککەوتن، کە تێیدا تمەن بەهاکەی دادەبەزێت بە چەشنێک یەک دۆلار بەرزدەبێتەوە بۆ220 هەزار تمەن و هەڵاوسان دەگاتە 80%.
گەڕانەوە بۆ شەڕ (ئەگەری 25%): داڕمانی تەواوی ئابووری و دابەزینی بێوێنەی بەهای تمەن بە چەشنێک یەک دۆلار بەرزدەبێتەوە بۆ 400 هەزار تمەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ