رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسدارانی ئێران هۆشداری دەداتە ئەمریکا و ئیسرائیل، کە ئەگەر هێرشەکانیان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی دەستپێبکەنەوە، ئەمجارە ئاگری شەڕەکە لە سنوورەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەردەچێت و دەگاتە ناوچەکانی دیکەی جیهانیش.
رۆژی چوارشەممە، 20ـی ئایاری 2026، سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "ئەگەر دەستدرێژییەکان بۆسەر ئێران دووبارە ببنەوە، ئەو شەڕە ناوچەییەی بەڵێنمان دابوو، ئەمجارە زۆر لە سنووری ناوچەکە تێدەپەڕێ و بە گورزی کەمەرشکێن تێکتان دەشکێنین."
ئەم هۆشدارییە تووندەی سوپای پاسداران دوای ئەوە دێت، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئەگەر لە چەند رۆژی داهاتوودا نەگەنە رێککەوتنێکی کۆتایی و هەمیشەیی، واشنتن هێرشە سەربازییەکانی بۆسەر ئێران دەستپێدەکاتەوە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "دووژمنی ئەمریکی-زایۆنی دەبێت ئەوە بزانێت، سەرەڕای ئەو هێرشانەی بە هەموو توانای دوو گرانبەهاترین سوپای جیهانەوە کرایە سەرمان، ئێمە هێشتا تەواوی هێزی شۆڕشی ئیسلامیمان بەکارنەهێناوە."
گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتن لە کاتێکدایە کە هەردوولا سەرقاڵی ئاڵوگۆڕکردنی پێشنیازن بۆ کۆتاییهێنان بەو شەڕەی کە لە 28ـی شوباتی رابردوو دەستیپێکرد، هەرچەندە لە 8ـی نیسانەوە ئاگربەست لە نێوانیاندا راگەیێندراوە.
ئەو شەڕەی نزیکەی 40 رۆژی خایاند، بووە هۆی کوژرانی چەندین سەرکردەی باڵای ئێران، لە نێویاندا عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی باڵای کۆماری ئیسلامی، ئەوەش وایکرد تاران بە مووشەک و درۆن هێرش بکاتە وڵاتانی ناوچەکە و ئیسرائیل.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ