راوێژکارێکی خامنەیی: دوودڵ نین لە یارمەتیدانی عێراق

20-06-2014
کاروان وەلی
نیشانەکردن خامنەیی داعش
A+ A-

رووداو- هەولێر

گەورە راوێژكارێکی رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران رایگەیاند، وڵاتەكەی دوودڵ نابیت لە یارمەتیدانی عێراق لە شەڕی چەکدارانی گرووپی داعش، کە ئەو بە "تیرۆر و تەكفیر" ناویبرد. گوتیشی ئەو یارمەتییە لەسەر داوای حكومەتی عێراقی دەبێت. 

لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسێكی هەواڵی فارسی، عەلی ئەكبەر ولایەتی، گەورە راوێژكاری عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران رایگەیاند، وڵاتەكەی لە چارەسەركردنی بارودۆخی عێراق هاریكاری ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ناكات ، چونكە هەریەك لە تاران و واشنتن ئامانجی جیاوازیان لەپشت یارمەتیدانی دەوڵەتی عێراقی هەیە. 

ولایەتی گوتیشی، واشنتن لە هەوڵی ئەوەدایە لە رێگەی پێشكەشكردنی یارمەتی، هەژموونی خۆی بەسەر عێراق بسەپێنێت، بەڵام تاران نیازی خراپی نییەو نایەوێت دەست لە كاروباری نێوخۆیی عێراق وەربدات.

ئەو بەرپرسە باڵایەی ئێران ئاماژەی بەوەشكرد، كە ئەگەر واشنتن بەنیازێكی پاكەوە دەیەوێت یارمەتی عێراق بدات، ئەوا دەبیت تیرۆر بنبڕ بكات و ئەو لایەنانەش لەناو ببات كە پاڵپشتی تیرۆر دەكەن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە