گوتەبێژی پۆلیسی ئێران: ژمارەی بازگەکان زیاد دەکرێن
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی پۆلیسی ئێران پشتڕاستی کردەوە کە ژمارەی بازگەکان و خاڵەکانی پشکنین لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان زیاد کراون و دەڵێت، مەبەست لە هەنگاوەکە ''بەرەنگاربوونەوەی دز و هەلپەرستان''ـە.
ئەمڕۆ هەینی 20-06-2025، سەعید مونتەزیرمەهدی، گوتەبێژی پۆلیسی ئێران رایگەیاند، بە مەبەستی چاودێری و پاراستنی زیاتری ئاسایشی وڵات، ژمارەی بازگەکان و خاڵەکانی پشکنین زیادکراون.
بەگوتەی سەعید مونتەزیرمەهدی، بڕیارەکە بۆ ''بەرەنگاربوونەوەی جیدی دز و هەلپەرستان''ـە لە دۆخی ئێستادا کە وڵاتەکە لە جەنگدایە.
وەک هاونیشتمانییان بە رووداویان راگەیاندووە، ئەو زیادبوونە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیشی گرتووەتەوە و ژمارەی بازگەکانی نێوان شارەکان دوو هێندە زیادیان کردووە بە جۆرێک ''لە هەندێک شوێن لەنێو شارەکانیشدا، پشکنین بۆ ئۆتۆمبێل و مۆبایلی هاونیشتمانییان دەکرێت.''
بەگوێرەی پۆلیسی ئێران و وەزارەتی هەواڵگری، لە دەستپێکی جەنگی نێوان وڵاتەکە و ئیسرائیل، لانیکەم لە شارەکانی تاران، زەنجان، کرماشان، لوڕستان، بەهارستان، کەرەج و چەندین شوێنیی دیکە، ژمارەیەک لە ''تۆڕەکانی سیخوڕی'' هەڵوەشێندراونەتەوە.
هەروەها دەست بەسەر بڕێکی زۆر تەقەمەنی و درۆندا گیراوە کە بە مەبەستی ''تۆقاندن''ـی خەڵک و کاری ''تێکدەرانە'' بەکارهێندراون.
جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل لە بەرەبەیانیی 13ـی حوزەیرانەوە دەستیپێکردووە و ئێستا لە هەفتەی دووەمیدایە. بە درێژایی شەوی رابردوو و بەرەبەیانی ئەمڕۆ، ئێران و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر چەند ناوچەیەکی یەکدی.