خامنەیی بۆ ترەمپ: تۆ کێیت بە ئێمە بڵێی چی بکەین و چی نەکەین

 
رووداو دیجیتاڵ

رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە وەڵامی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکادا کە گوتوویەتی بە بۆردوومان پیشەسازیی ئەتۆمیی ئێرانیان لەنێوبردووە دەڵێت، "تۆ کێیت، ئەگەر وڵاتێک پیشەسازیی ئەتۆمی هەبێت، پێی بڵێیت چی بکات و چی نەکات."
 
ئەمڕۆ دووشەممە 20-10-2025، عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ژمارەیەک لە وەرزشڤان و گەنجانی ئەو وڵاتە کە لەسەر ئاستی جیهان میدالیایان بردووەتەوە لە ئۆڵمپیادە زانستییە جیهانییەکان سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە کۆبووەوە و لەبارەی پرسی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، هەڵوێست و لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە پرۆگرامەکە و توانا مووشەکییەکانی وڵاتەکەی، قسەی کرد.
 
ما|ڵپەری فەرمیی رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بڵاویکردەوە، عەلی خامنەیی لە کۆبوونەوەکەدا رەخنەی تووندی لە هەڵوێست و لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی بۆردوومانکردنی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران و لەناوبردنیان گرت و رایگەیاند، ترەمپ مافی ئەوەی نییە لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران و هیچ وڵاتێکی دیکە قسە بکات.
 
خامنەیی دەڵێت: "هیچ کێشەیەک نییە، بەو شێوەیە بیری لێبکەرەوە، بەڵام تۆ کێیت، ئەگەر وڵاتێک پیشەسازیی ئەتۆمی هەبێت، پێی بڵێیت چی بکات و چی نەکات. ئایا ئێران دامەزراوە و پیشەسازیی ئەتۆمی هەبێت، چ پەیوەندییەکانی بە ئەمریکاوە هەیە؟ ئەم دەستێوەردانانە نەگونجاو، هەڵە و کەڵەگاییە."
 
خامنەیی ئاماژەی بەو قسەیەی ترەمپ کرد کە بەردەوام دووبارەی دەکاتەوە و دەڵێت، ئەوان کێشەیان لەگەڵ گەلی ئێران نییە و گوتی: "سزاکانی ئەمریکا کە ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتانی دیکەش لە ترسا پاڵپشتی لێدەکەن، لە دژی گەلی ئێرانن، بۆیە ئێوە دووژمنی گەلی ئێرانن نەک دۆستی."
 
سەبارەت بە ئامادەیی ئەمریکا بۆ دانوستاندن، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران گوتی: "من لەگەڵ دانوستاندنم، لە کاتێکدا ئەگەر دانوستاندنێک هەڕەشە و زۆرداریی لەگەڵدا بێت و ئەنجامەکەی پێشوەختە دیاری کرابێت، ئەوە دانوستاندن نییە، بەڵکو خۆسەپاندن و زۆرەملێیە. گەلی ئێران ملکەچی سەپاندن نابێت."
 
رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەمریکای بەوە تۆمەتبار کرد کە هۆکاری شەڕەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە و گوتی: "ئێوە شەڕەکان بەرپا دەکەن. ئەمریکا شەڕخوازە و جگە لە تیرۆر، هانی شەڕیش دەدات. ئەگینا ئەم هەموو بنکە سەربازییەی ئەمریکا لە ناوچەکەدا بۆ چییە؟ شەڕ و مردن لەم ناوچەیە بەهۆی بوونی ئەمریکایە."
 
توانای مووشەکیی ئێران
 
رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە قسەکانیدا ئاماژە بە توانای مووشەکی وڵاتەکەی دەکات و دەڵێت، لە جەنگی 12 رۆژەدا ئێران بە مووشەکەکانی "زللەیەکی تووند"ی لە ئیسرائیل دا.
 
عەلی خامنەیی گوتیشی: "زایۆنییەکان پێشبینیان نەدەکرد، مووشەکی ئێران بتوانێت بە بڵێسە و ئاگرە بچێتە نێو قووڵایی ناوەندە هەستیار و گرنگەکانیانەوە و لەنێویان ببات و بیانکاتە خۆڵەمێش."
 
بە گوتەی خامنەیی، ئێران خۆی مووشەکەکانی بەرهەم هێناوە و لە هیچ وڵاتێکی نەکڕیوە. گوتیشی: "هێزە چەکدارەکان و پیشەسازییە سەربازییەکانمان ئەو مووشەکانەیان ئامادە کردبوو و بەکاریانهێنا، ئێستاش هەر هەیانە و ئەگەر پێویست بکات لە کاتێکی دیکەدا بەکاری دەهێنن."