زستان دەگەڕێتەوە بۆ ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان

21-04-2019
شادی عەبدوڵڵا
نیشانەکردن کەشوهەوا ئێران رۆژهەڵاتی کوردستان
A+ A-

رووداو-هەولێر

لە رۆژی شەممەوە شەپۆلێکی سەرما و باران و بەفر و تەرزە لە رۆژئاوا و باکووری رۆژئاوای ئێرانەوە رووی کردووەتە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان و بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسیی ئێران شەپۆلەکە تاوەکو رۆژی چوارشەممە بەردەوامدەبێت. 


رۆژی شەممە بەفربارین لە شارەکانی مەریوان و سنە دەستیپێکرد، بەڵام پێشبینی کراوە لە پاشنیوەڕۆی یەکشەممەوە بەفر هەموو پارێزگەی سنە سپێپۆش بکات. 

لە هەندێ ناوچەی پارێزگای تەورێز (ئازەربایجانی رۆژهەڵات) و ئەردەبیل رۆژی شەممە تاوەکو نیو مەتر بەفر باریوە و رێگای زیاتر لە 60 گوندی ناوچەی وەرزەقان -ی تەورێز بەهۆی بەفرەوە داخراوە.

پێشبینی دەکرێت شەپۆلی بەفربارین و دابەزینی بەرچاوی پلەکانی گەرما و باران و تەرزە و باهۆز لە رۆژی دووشەممەوە 18 پارێزگای ئێران بگرێتەوە و ئەگەری ئەوە هەیە ببێتە هۆی داخرانی قوتابخانەکانیش لە رۆژانی داهاتوودا.

هەرەوەها هۆشداریی دراوە بەوەی کە ئەگەر پێویست نەبێت، لە رۆژانی دووشەممە تاوەکو چوارشەممە گەشت بۆ زۆربەی پارێزگاکانی ئێران بەتایبەتی پارێزگای مازەندەران لە باکووری ئێران نەکرێت.

سەبارەت بە مەترسیی سەرمابردنی بەرهەمی باخ و کێڵگەکان هۆشداریی جیدی بە باخدار و جووتیاران دراوە و چەندین رێکاریش وەک دووکەڵکردن لە باخەکاندا، یان داپۆشینی دار و رووەکەکان بە نایلۆن هەروەها ئاوپرژێنکردنی گەڵای دار و سەوزەکان پێش بەرەبەیان، بە جووتیاران پێشنیار کراوە بۆ ئەوەی بتوانن بەرهەمەکانیان لە سەرمابردن بپارێزن.

پێداچوونەوە؛ عومەر شایان

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە