میدیای ئێران: دەنگی پێنج تەقینەوەی بەهێز لەنزیک بنکەی ئەتۆمیی ئیسفەهان بیسترا


رووداو دیجیتاڵ

میدیای ئێران دەڵێت، لە درێژەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکە، دەنگی پێنج تەقینەوەی بەهێز لەنزیک بنکەی ئەتۆمیی ئیسفەهان بیستراون.
 
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، 22-06-2025، میدیای فەرمیی ئێران پشتڕاستی کردەوە کە دەنگی پێنج تەقینەوەی بەهێز لە نزیک بنکەی ئەتۆمیی ئیسفەهان بیستراون. ئەمە لەکاتێکدایە کە جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل گەیشتووەتە لووتکە و دەنگی تەقینەوە لە تاران و چەندین شاری دیکەش بیستراون.
 
بەگوێرەی میدیاکانی ئێران، هاوکات لەگەڵ هێرشەکەی ئیسفەهان، هێرش کراوەتە سەر ناوچەکانی ناوەند، رۆژهەڵات و رۆژئاوای تارانی پایتەخت و لە ئەنجامدا سیستمی بەرگریی ئاسمانیی شارەکە کارا کراوە و رووبەڕووی "ژمارەیەک تەنی ئاسمانی" بووەتەوە.
 
هێرشەکە ناوچەی نارمەک و بنکەی هێزی ئاسمانیی سوپایشی لە شارەکە گرتووەتەوە. میدیاکانی نزیک لە سوپای پاسداران باس لەوە دەکەن، تەقینەوەیەکی بەهێز لە نزیک نەخۆشخانەی "ئیمام رەزا" لە شاری تەورێز روویداوە و لە ئەنجامی کاراکرانی سیستمی بەرگریی ئاسمانی، درۆنێک خراوەتە خوارەوە.
 
هاوکات هێرش بۆ سەر بەندەر عەباس، کاشان، شیراز و قوومیش راگەیێندراوە. میدیای ئێران ئاماژەی بەوەش کردووە سیستمی بەرگریی ئاسمانی لە شاری قووم، درۆنێکی ئیسرائیلی خستووەتە خوارەوە.
 
بەگوێرەی زانیارییەکان، لە ئاسمانی شارەکانی سنە و مهاباد لە رۆژهەڵاتی کوردستان، دەنگی فڕۆکەی جەنگی بیستراوە و لەو شارانەش سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی کارا کراون.
 
تاوەکو ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی فەرمی لەبارەی زیانە گیانی و مادییەکانی هێرشەکان، بەتایبەتی لە دەوروبەری بنکە ئەتۆمییەکەی ئیسفەهان، بڵاونەکراوەتەوە.
 
ئەم هێرشانە لە دەیەمین رۆژی جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیلدا دێن. لە بەرامبەردا، ئێران لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "بەڵێنی راستگۆیانە 3" بە مووشەک و درۆن هێرشی کردووەتە سەر ئیسرائیل.