رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی کۆمپانیای پاڵاوتنی نەوتی تاران رایگەیاند، پاڵاوگەکەیان بە تەواوی سەلامەتە و هیچ کێشەیەکی نییە، روونیشی دەکاتەوە ئەو دووکەڵەی لە نزیک پاڵاوگەکەوە بینراوە، پەیوەندیی بە ئەوانەوە نییە.
شاکر خەفایی، بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی کۆمپانیای پاڵاوتنی نەوتی تاران رایگەیاند, "چالاکییە ئۆپەراسیۆنییەکانی پاڵاوگەی تاران بەبێ وەستان و بەپێی پلان بەردەوامە و هیچ جۆرە کێشەیەک لە پرۆسەی بەرهەمهێنان، دابینکردن و دابەشکردنی سووتەمەنیدا دروست نەبووە."
لەبارەی ئەو دووکەڵەی لە ناوچەکە بینراوە، خەفایی گوتی: "ئەو دووکەڵەی ئەمڕۆ بینرا، پەیوەندیی بە سووتانی پاشماوەی سووتەمەنی لە یەکێک لە کۆگەکانی ئەمباری نەوتی 'رەی'ـەوە هەیە، کە لە رۆژانی رابردوودا تووشی رووداو بووبوو، ئەم کۆگەیەش لە دەرەوەی پاڵاوگەی تارانە."
هاوکات کۆمپانیای پاڵاوتن و دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی ئێران رایگەیاند، چالاکییەکانی پاڵاوگەی تاران بە شێوەیەکی ئاسایی بەردەوامە و ئەو دووکەڵەی لە نزیک پاڵاوگەکەوە دەبینرێت، پاشماوەی ئەو کۆگا سووتەمەنییەیە کە هەفتەی رابردوو لەلایەن ئیسرائیلەوە کرایە ئامانج.
کۆمپانیای پاڵاوتن و دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان هەروەها رایگەیاند: "هیچ کێشەیەک لەبارەی چالاکییەکانی پاڵاوگەی تارانەوە نییە و کارەکانی بەشێوەی ئاسایی بەردەوامە."
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، ئیسرائیل هەفتەی رابردوو کۆگەیەکی سووتەمەنیی لە باشووری تاران کردووەتە ئامانج.
شاکر خەفایی دەشڵێت: "سەرەڕای ئاگرگرتنی ئەو کۆگەیە و داواکاریی زۆری خەڵک بۆ بەنزین بەهۆی هاتووچۆی پەیوەست بە جەنگەوە، وەزارەتی نەوتی ئێران بە رێکاری جۆراوجۆر قەیرانەکەی کۆنترۆڵ کرد و چالاکیی وێستگەکانی بەنزین بەردەوام بوو و ئاسایی بووەوە."
لە 13ی حوزەیرانەوە جەنگ لە نێوان ئیسرائیل و ئێران بە هێرشی ئیسرائیل دەستیپێکرد و تا ئێستا بەردەوامە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ