رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسی فەرمیی حکومەتی ئێران بڵاویکردەوە، ئەو دەنگەی لە دەوروبەری شارۆچکەی پیشەسازیی گەرمساری پارێزگای سمنان بووە، تەقینەوە نەبووە و دەنگی فڕینی فڕۆکەیەکی سەربازی بووە.
ئاژانسی ئیرنا کە زمانحاڵی حکومەتی ئێرانە، لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردووەتەوە، تەقینەوە رووینەداوە و ئەو دەنگەی بیستراوە، بە هۆی فڕینی فڕۆکەیەکی سەربازی بووە بە نزمی.
بە پێی هەواڵی میدیای ئێران، کاژێر 9:15 خولەکی بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە بە کاتی تاران (8:45 خولەک بە کاتی باشووری کوردستان) لە شارۆچکەی پیشەسازیی شاری گەرمسار لە پارێزگای سمنان دەنگێکی گەورە بیستراوە.
رەزا خانی، قایمقامی گەرمسار بە میدیای فەرمی ئێرانی راگەیاند، هیچ رووداوێک لە شوێنی پیشەسازی و نیشتەجێبوونی ئەو شارە رووی نەداوە.
هەروەها بێهنام بەختیاری، سەرۆکی فەرمانگەی پیشەسازی و بازرگانی شاری گەرمسار دەڵێت، بە پێی لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندنی تیمەکانی ئەو فەرمانگەیە، هیچ تەقینەوە یان ئاگرکەوتنەوەیەک لە شارۆچکە پیشەسازییەکانی ئەو شارەدا نەبووە.
پارێزگای سمنان دەکەوێتە باکووری ئێران و لە نزیک تاران و قوم هەڵکەوتووە. شارۆچکەی پیشەسازیی گەرمسار دەکەوێتە رۆژئاوای پارێزگای سمنان و لەسەر رێگەی گەرمسار - تاران هەڵکەوتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ