بازاڕەکانی ئێران لە سێبەری شەڕدا؛ بۆرسە دادەڕمێت و تمەن نزمترین ئاستی مێژوویی تۆمار دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

بازاڕی بۆرسەی تاران لە یەکەم رۆژی کردنەوەی لەم هەفتەیەدا داڕما و نرخی تمەن بەرامبەر دۆلار بۆ نزمترین ئاستی مێژوویی دابەزی؛ ئەمەش وەکو ئاماژەیەک بۆ ترسی وەبەرهێنەران لە ئەگەری سەرهەڵدانی شەڕ و هێرشی ئەمریکا بۆسەر ئەو وڵاتە.
 
لە نوێترین گۆڕانکاریدا، بازاڕی بۆرسەی ئێران 103 هەزار خاڵی لەدەستدا و بۆ ئاستی 3.7 ملیۆن خاڵ دابەزی. پشکی 500 کۆمپانیای تۆمارکراو لە بۆرسە بە رەنگی سوور هەڵگەڕاون و بەهای بازاڕی بۆرسە بە دۆلار بۆ 76 ملیار دۆلار کەمبووەتەوە، کە کەمترین ئاستیەتی لە شەش مانگی رابردوودا.
 
بۆچی کەس پشکەکان ناکڕێت؟
 
مەهدی ئازادواری، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان دەڵێت، "لەم دۆخەدا پاراستنی سەرمایە کاری لەپێشینەی وەبەرهێنەرانە، نەک قازانجکردن. مەترسییە جیۆسیاسییەکان وایکردووە بازرگانان بۆ پاراستنی داراییەکەیان روو لە کڕینی دۆلار و زێڕ بکەن."
 
تمەن بەرامبەر دۆلار؛ 164 هەزاری تێپەڕاند
 
ئەگەری هێرشی ئەمریکا و گوشارە سیاسییەکان، نرخی یەک دۆلاری گەیاندووەتە سەروو 164 هەزار تمەن. گۆڤاری "فۆرین پۆلیسی" و ماڵپەڕی "ئیکۆنۆمیست" ئاماژە بەوە دەکەن کە سیاسەتەکانی "ئەوپەڕی گوشار"ـی دۆناڵد ترەمپ وایکردووە تمەن بەهای خۆی لەدەست بدات و ببێتە دراوێکی "بێ کەڵک."
 
هەڵاوسانی خۆراک گەیشتووەتە 90%
 
دۆخی ئابووری کاریگەرییەکی تووندی کردووەتە سەر ژیانی رۆژانەی خەڵک. ئامارەکان نیشانی دەدەن، هەڵاوسانی ساڵانە گەیشتووەتە 60%. تەنیا لە یەک مانگدا هەڵاوسان 7.9% زیادیکردووە.
 
نرخی ماددە خۆراکییەکان لە ماوەی یەک ساڵدا 90% گران بوون؛ ئەمەش بەو مانایەیە کە خێزانە ئێرانییەکان بۆ کڕینی هەمان پێداویستیی ساڵی رابردوو، پێویستیان بە دوو ئەوەندە پارەیە.
 
تیرێک بۆ جەستەی بۆرسە
 
بانکی ناوەندیی ئێران بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە سوودی بانکی بۆ 30% بەرزکردووەتەوە، بەڵام ئەم بڕیارە نەک هەر بازاڕی ئارام نەکردەوە، بەڵکو گورزێکی دیکەی لە بۆرسە دا.
 
د. عەلی قاسمی، ئابووریناس لەو بارەیەوە بە رۆژنامەی "دونیای ئیقتساد"ی راگەیاندووە، "پار هەڵاوسان بزووێنەری گەشەی بۆرسە بوو، بەڵام ئەم ساڵ ناڕوونییە سیاسییەکان و بەرزبوونەوەی سوودی بانکی، بوونە تیری کۆتایی بۆ بازاڕی بۆرسەی تاران."
 
بە گوتەی شارەزایان، کاتێک بازرگانان دەتوانن لە رێگەی قەواڵە داراییەکانی حکومەتەوە 30% بۆ 35% قازانج مسۆگەر بکەن، ئامادە نین سەرکێشی بە پارەکانیانەوە بکەن لە بازاڕی بۆرسەدا کە بەهۆی مەترسییەکانی شەڕەوە بەرەو کورتهێنان دەچێت.