فڕۆکەی B-2ـی ئەمریکی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێرانی بۆردوومان کرد و ئێران هەڕەشە دەکات

ئەمریکا خۆی یەکلایی کردەوە و لەگەڵ ئێران چووە جەنگەوە. دەوروبەری کاژێر 02:50 خولەکی بەرەبەیان دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، بە فڕۆکەی جەنگی و مووشەکەوە هێرشیان کردووەتە سەر بنکەی ئەتۆمیی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهانی ئێران. ئێرانیش هەڕەشەی تووند لە ئەمریکا دەکات. لە بەرامبەر دا ترەمپ هۆشداری دەداتە ئێران لەوەی بیر لە تۆڵەسەندنەوە نەکاتەوە.

22-06-2025

07:26

هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئێران نرخی نەوتی برێنتی گەیاندە 79 دۆلار

کێڵگەیەکی نەوت لە بەسرە
 
ئەمڕۆ دووشەممە نرخی نەوت لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا نزیکەی دوو دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتە بەرزترین ئاستی لە ماوەی پێنج مانگی رابردوودا.
 
هێرشی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوتە.
 
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور، لە یەکەم رۆژی کردنەوەی بازاڕەکانی جیهان لەم هەفتەیە دا دوو دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتە 79 دۆلار و 30 سەنت، هەرچەندە دوای چەند کاژێرێک کەمێک لە قازانجەکانی لەدەستدا و ئێستا بە نزیکەی 78 دۆلار و 50 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.
 
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش دۆلارێک و 90 سەنت بەرزبووەوە و گەیشتە 75 دۆلار و 80 سەنت.
 
بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی نەوت لە دوای هێرشی رۆژی یەکشەممەی ئەمریکا دێت کە سێ دامەزراوەی ئەتۆمیی سەرەکی ئێرانی کردە ئامانج.
 
شرۆڤەکارانی بازاڕی نەوت پێیانوایە، ئەگەری بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی نەوت هەیە. بەتایبەتی نیگەرانی هەیە ئێران وەک کاردانەوە بەرامبەر هێرشەکانی ئەمریکا گەرووی هورمز دابخات کە 20٪ـی نەوتی جیهانی پێدا دەگوازرێتەوە. 
 
جگە لە ئەگەری داخستنی گەرووی هورمز، ئەگەری بە ئامانجکردنی دامەزراوە نەوتییەکانی ئێران لەلایەن ئیسرائیلەوە دەبێتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی نەوت.
 
گۆڵدمان ساکس لە نوێترین راپۆرتیدا رایگەیاندووە نرخی نەوت دەتوانێت تاوەکو 110 دۆلاریش بەرزبێتەوە، ئەگەر هاتووچۆی کەشتییە نەوتییەکان لە گەرووی هورموز بۆ ماوەی یەک مانگ، بۆ نیو هێندە دابەزێت یان ئەگەر لە ماوەی 11 مانگی داهاتوودا هاوتووچۆی کەشتییەکان بە رێژەی 10٪ کەمبێتەوە.
 
 

07:06

کۆریای باکوور سەرکۆنەی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران دەکات

کیم جۆنگ ئون، رێىەری کۆریای باکوور.
 
تەنیا ئەحمەد 
 
کۆریای باکوور رۆژی دووشەممە سەرکۆنەی هێرشەکانی ئەمریکای بۆ سەر ئێرانی کرد و بە "پێشێلکارییەکی گەورەی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان"ـی ناوبرد. هاوکات، ئیسرائیلی بە هۆکاری گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست تۆمەتبار کرد. 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێک کە ئاژانسی هەواڵی فەرمیی وڵاتەکە بڵاویکردووەتەوە، گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوە رایگەیاندووە: "کۆماری دیموکراتی گەلی کۆریا بە تووندی سەرکۆنەی هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئێران دەکات، کە بە شێوەیەکی گەورە پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێزگرتن لە سەروەریی پێشێل کردووە."
 
لە راگەیێندراوەکەدا، گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست خراوەتە ئەستۆی "رووقایمیی بێباکانەی ئیسرائیل."
 
هەڵوێستی کۆریای باکوور لە کاتێکدایە کە پەیوەندییەکی دێرین لەنێوان پیۆنگیانگ و تاراندا هەیە، بەتایبەتی لە بواری تەکنەلۆژیای سەربازیدا. هەردوو وڵات بەهۆی بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکییەکانیانەوە رووبەڕووی سزای قورسی نێودەوڵەتی بوونەتەوە و زۆرجار لە دژی سیاسەتەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی یەکیانگرتووە.

06:02

ترەمپ وردەکاریی نوێ لەبارەی هێرشەکان ئاشکرادەکات: زیانی گەورە لە قووڵایی زەویدا بووە

دۆناڵد ترەمپ و بنکەی فۆردۆ.
 
 
تەنیا ئەحمەد
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکی نوێدا وردەکاریی زیاتر لەبارەی هێرشەکانی سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران ئاشکرادەکات و دەڵێت، گەورەترین زیان زۆر لەژێر ئاستی زەوییەوە بووە و دەستەواژەی "وێرانکردن" بۆ وەسفکردنی دیمەنەکە گونجاوە.
 
ترەمپ لە پۆستێکدا لە Truth Social نووسیویەتی: "زیانێکی مەزن بە هەموو بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران گەیێنراوە، وەک لە وێنە سەتەلایتییەکاندا دەرکەوتووە. 'وێرانکردن' دەستەواژەیەکی دروستە! گەورەترین زیان زۆر لەژێر ئاستی زەوییەوە روویداوە. رێک لە ناوەندی ئامانجەکە دراوە."
 
ئەم پۆستە نوێیەی ترەمپ دوای ئەوە دێت کە لە چەند لێدوانێکی پێشوتردا ئاماژەی بە سەرکەوتنی هێرشەکان و زیانی "مەزن" کردبوو.
 
هاوکات، بەرپرسانی باڵای پێنتاگۆن لەوانە پیت هێگسەس، وەزیری بەرگری و دان کەین، سوپاسالاری هێزە هاوبەشەکان لە لێدوانەکانیاندا ئاماژەیان بەوە کردووە کە هەڵسەنگاندنە سەرەتاییەکان "زیان و وێرانکاریی قورس" لە بنکەکاندا نیشان دەدەن.
 
لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسانی باڵای ئەمریکا، لەنێویاندا جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک رایانگەیاندووە کە نازانن شوێنی کۆگەکراوی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران لە کوێیە، کە بەشی دروستکردنی چەندین چەکی ئەتۆمی دەکات.
 
رافاێل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیش، رایگەیاندووە کە پێدەچێت ئێران ئەو ماددەیەی گواستبێتەوە پێش ئەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل دەستپێبکات.
 

05:32

ئوسترالیا پشتگیری لە هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران دەکات

بنکەی ئەتۆمیی فۆردۆ پێش و دوای بۆردوومانەکە. وێنە: AFP
 
تەنیا ئەحمەد 
 
حکومەتی ئوسترالیا رۆژی دووشەممە، 23-06-2025، رایگەیاند، پشتگیری لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران دەکات، بەڵام داوایکرد رێگە لە پەرەسەندنی ململانێکە بۆ "جەنگێکی سەرتاسەری" لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بگیرێت.
 
پێنی وۆنگ، وەزیری دەرەوەی ئوسترالیا رایگەیاند: "نابێت رێگە بە ئێران بدرێت پەرە بە چەکی ئەتۆمی بدات. ئێمە پشتگیری لەو کردەوانە دەکەین کە رێگری لەوە دەکەن رووبدات."
 
وەزیری دەرەوەی ئوسترالیا گوتیشی: "ئەوەی ئێستا روودەدات گرنگە. ئێمە نامانەوێت زیادبوونی گرژی ببینین. ئێمە داوای دیپلۆماسی، کەمکردنەوەی گرژی و گفتوگۆ دەکەین، چونکە جیهان نایەوێت جەنگێکی سەرتاسەری لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ببینێت."
 
وۆنگ ئاماژەی بەوەشکرد، هێرشەکانی ئەمریکا ئامانجیان ئەو شوێنانە بووە کە تایبەتن بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و پشتی بە دۆزینەوەکانی چاودێری ئەتۆمیی نەتەوە یەکگرتووەکان (IAEA) بەست کە پیتاندنی یۆرانیۆمی تاران، پابەندییە نێودەوڵەتییەکانی پێشێل کردووە.
 
ئۆپۆزیسیۆنی ئوسترالیاش پشتگیریی لە کردەوە سەربازییەکەی ئەمریکا کردووە، هەرچەندە پارتی بچووکی سەوزەکان سەرکۆنەی کردووە و بە "پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسای نێودەوڵەتی" ناوی بردووە.
 

05:29

ئەنجوومەنی ئاسایش؛ گۆڕەپانی رووبەڕووبوونەوەی ئێران، ئیسرائیل و ئەمریکا دوای هێرشەکان

کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی. وێنە: AFP
 
تەنیا ئەحمەد 
 
ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بووە شانۆی رووبەڕووبوونەوەیەکی تووندی دیپلۆماسی، کاتێک لە کۆبوونەوەیەکی بەپەلە دا، نوێنەرانی ئێران، ئیسرائیل، و ئەمریکا، یەکدییان سەبارەت بە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران تۆمەتبارکرد. 
 
لە کۆبوونەوەکەدا کە تێیدا هەڵوێستی جیاوازی زلهێزەکان بە روونی دەرکەوت، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریی لە "وەرچەرخانێکی مەترسیدار" دا و داوای دانبەخۆداگرتنی کرد.
 
نەتەوە یەکگرتووەکان و ئاژانسی وزەی ئەتۆم: نیگەرانیی زۆر لە دەرەنجامەکان
 
کۆبوونەوەکە بە گوتەی ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەستیپێکرد. گوتێرێز گوتی: "بانگەوازی پێشووم بۆ پێدانی دەرفەت بە ئاشتی، گوێی لێنەگیرا. لەبری ئەوە، بۆردوومانکردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە، وەرچەرخانێکی مەترسیدارە ئێستا مەترسیی ئەوەمان لەسەرە بکەوینە نێو چاڵێکی تۆڵەسەندنەوەی یەک لەدوای یەک."
 
دواتر، رافاێل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم (IAEA)، زانیاریی تەکنیکی خستەڕوو و گوتی: "سیستمی بڵاونەکردنەوەی چەکی ئەتۆمی کە زیاتر لە نیو سەدەیە ئاسایشی نێودەوڵەتی پاراستووە، لە مەترسیدایە." 
 
گرۆسی پشتڕاستی کردەوە، "چاڵ لە بنکەی فۆردۆدا دیارە، کە ئاماژەیە بۆ بەکارهێنانی تەقەمەنیی زەویبڕ لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە." لەگەڵ ئەوەشدا، دڵنیاییشیدا کە بەپێی زانیارییەکانی ئێران، "هیچ زیادبوونێک لە ئاستی تیشکدانەوەی دەرەوەی بنکەکاندا رووینەداوە."
 
ئێران: وەڵامی ئێمە لەلایەن سوپاوە دیاری دەکرێت
 
ئەمیر سەعید ئیرەڤانی، باڵیۆزی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە گوتارێکی دوورودرێژ و پڕ لە رەخنەدا، رایگەیاند: "ئەمڕۆ، پەڵەیەکی دیکە لە مێژووی سیاسیی ویلایەتە یەکگرتووەکاندا تۆمارکرا." گوتیشی: "جارێکی دیکە، نەتەنیاهوو، تاوانباری جەنگی داواکراوی نێودەوڵەتی، سەرکەوتوو بوو لە فڕاندنی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا و راکێشانی بۆ نێو جەنگێکی بێبنەما." 
 
نوێنەری ئێران هێرشەکانی بە پێشێلکاریی روونی یاسای نێودەوڵەتی و پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان ناوبرد و جەختی کردەوە: "کات و شێواز و قەبارەی وەڵامدانەوەی ئێران، لەلایەن هێزە چەکدارەکانییەوە بڕیاری لێدەدرێت،" هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە هێرشەکان هەوڵە دیپلۆماسییەکانیان لەباربردووە، لەکاتێکدا وڵاتەکەی ئامادەکاریی دەکرد بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپی.
 
ئیسرائیل: مێژوو گۆڕا، جیهانی ئازاد پێویستە سوپاسگوزار بێت
 
لە بەرامبەردا، دانی دانن، باڵیۆزی ئیسرائیل گوتی: "شەوی رابردوو مێژوو گۆڕا. ویلایەتە یەکگرتووەکان گەورەترین هەڕەشەی بەرجەستەی لەناوبرد کە رووبەڕووی جیهانی ئازاد ببووەوە." 
 
دانن سوپاسگوزاریی خۆی بۆ سەرۆک ترەمپ دەربڕی و رەخنەی تووندی لە بێدەنگیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گرت: "هەندێک دێنە ئێرە بۆ سەرکۆنەکردنی ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئیسرائیل. با لێتان بپرسم، ئێوە لە کوێ بوون؟ لە کوێ بوون کاتێک ئێران بەپەلە بەرەو بۆمب دەچوو؟ ئێوە بێدەنگ بوون. ئێوە هاودەست بوون. ئێوە ترسنۆک بوون." نوێنەری ئیسرائیل هێرشەکەی بە "دوا هێڵی بەرگری" وەسف کرد دوای ئەوەی "دیپلۆماسی چەندین جار تاقیکرایەوە و شکستی هێنا."
 
ئەمریکا: ئامانجی لەنێوبردنی توانای پیتاندن
 
دۆرۆسی شیا، باڵیۆزی ئەمریکا بەرگریی لە هێرشەکان کرد و رایگەیاند: "ئۆپەراسیۆنەکە ئامانجی لەناوبردنی توانای پیتاندنی ئەتۆمیی ئێران و راگرتنی هەڕەشەی ئەتۆمی بوو، هەروەها بۆ یارمەتیدانی ئیسرائیلی هاوپەیمانمان بوو لە مافی رەوای بەرگریکردن."
 
شیا هۆشدارییەکی تووندیشی ئاراستەی ئێران کرد و گوتی: "نابێت ئێران گرژییەکان زیاد بکات. وەک سەرۆک ترەمپ گوتی، هەر هێرشێکی ئێران بۆ سەر ئەمریکییەکان، رووبەڕووی تۆڵەسەندنەوەیەکی وێرانکەر دەبێتەوە."
 
رووسیا و چین
 
هەڵوێستی رووسیا و چین تووند و روون بوو. ڤاسیلی نێبێنزیا، باڵیۆزی رووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان بە گاڵتەجاڕییەوە رەخنەی لە داواکاریی بەریتانیا گرت بۆ دانبەخۆداگرتنی ئێران و گوتی: "ئەمە نموونەیەکی سەرسوڕهێنەری دووڕووییە." لەلایەکی دیکەوە، فو کۆنگ، باڵیۆزی نوێنەری چین رایگەیاند، "چین بە تووندی سەرکۆنەی هێرشەکانی ئەمریکا دەکات،" و بە "گورزێکی کوشندە"ی لە سیستمی نێودەوڵەتی ناوبرد.
 
بەریتانیا و فەرەنسا: بەشداریمان نەکردووە و داوای دیپلۆماسی دەکەین
 
وڵاتە ئەوروپییەکان خۆیان لە هێرشەکان دوورخستەوە. باربرا ودوۆرد، باڵیۆزی بەریتانیا گوتی: "بەریتانیا بەشداریی لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل نەکردووە. کردەوەی سەربازی بە تەنیا ناتوانێت چارەسەرێکی هەمیشەیی بهێنێت." جیرۆم بۆنۆفانت، باڵیۆزی فەرەنسا رایگەیاند، "فەرەنسا نە لە پلاندانان و نە لە جێبەجێکردنی ئەم ئۆپەراسیۆنانەدا بەشدار نەبووە. ئێستا کاتی ئەوەیە هێرشەکان رابگیرێن و دانوستاندن بکرێت."
 
عێراق: نیگەرانین و رێگە بە بەکارهێنانی خاکمان نادەین
 
عەباس کازم، باڵیۆزی عێراق، وەک وڵاتێکی دراوسێ کە راستەوخۆ کاریگەریی قەیرانەکەی لەسەرە نیگەرانیی وڵاتەکەی دەربڕی و رایگەیاند: "عێراق هێرشەکە بە گرژییەکی مەترسیدار و هەڕەشەیەکی راستەوخۆ بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی هەرێمی و نێودەوڵەتی دەزانێت." جەختیشی کردەوە، "عێراق بە تەواوەتی رەتیدەکاتەوە خاک یان ئاسمانەکەی بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بەکاربهێنرێت."
 

03:15

مووشەکێک ئاراستەی ئیسرائیل کرا؛ سوپای پاسداران رەتی دەکاتەوە ئەوان بووبن

دیمەنێکی مووشەکەکە
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی سوپای ئیسرائیل، هێرشێکی مووشەکی کرایە سەر وڵاتەکە؛ میدیای ئێران لە زاری سوپای پاسدارانەوە دەڵێت، ''ئێمە نەبووین و مووشەکی یەمەنە.''
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 23-06-2025، میدیای ئێران دەستپێکردنی هێرشێکی نوێی مووشەکیی هێزەچەکدارەکانی وڵاتەکەی بۆ سەر ئیسرائیل راگەیاند، بەڵام هەر زوو خۆیان رەتیان کردەوە ئەم هێرشە لەلایەن ئێرانەوە کرابێت.
 
 
هاوکات سوپای ئیسرائیل کاژێر 03:09 خولەک راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، ''کەمێک پێش ئێستا، هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل چەند مووشەکێکیان دەستنیشانکرد کە لە ئێرانەوە بەرەو خاکی ئیسرائیل هەڵدراون.''
 
زەنگی ئاگادارکردنەوە لە ئیسرائیل لێدرا و سوپاکە داوای لە هاووڵاتییان کرد لە پەناگەکاندا بمێننەوە بۆ ئەوەی لە هێرشەکەدا پارێزراو بن.
 
دوای ئاساییبوونەوەی دۆخەکە، میدیای ئیسرائیلی بڵاوی کردەوە کە تەنیا بە یەک مووشەک هێرشەکە کراوە.
 
پاشان میدیای فەرمیی ئێرانیش لە زاری سوپای پاسدارانەوە رایگەیاند، ''هێشتا شەپۆلی 21ـەمی ئۆپەراسیۆنی بەڵێنی راست 3 دەستی پێنەکردووە و ئەم مووشەکەش لە یەمەنەوە ئاراستەی ئیسرائیل کراوە، نەوەک لە ئێران.''
 
جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل پێی ناوەتە 11ـەمین رۆژ و تاوەکو ئێستا لە هێرشکردنە سەر یەکدی بەردەوامن.
 
لە دوایین پێشهاتەکاندا، ئەمریکاش بە شێوەی سنووردار هاتە نێو جەنگەکەوە و بە فڕۆکەی B-2سێ بنکەی ئەتۆمیی نەتەنز، ئەسفەهان و فۆردۆی لە ئێران بۆردوومان کرد.
 
لە کاردانەوەی بۆردوومانەکەدا، بەرپرسانی ئێرانی هەڕەشەی وەڵامدانەوەی تووند دەکەن. لە بەرامبەردا ترەمپ هۆشداری دەداتە تاران لەوەی بیر لە تۆڵەسەندنەوە نەکاتەوە.

 

02:55

میدیاکانی نزیک لە سوپای پاسداران: هێرشکرایە سەر پارچین لە رۆژهەڵاتی تاران

دیمەنێکی تەقینەوەکان لە پارچین.
میدیاکانی نزیک لە سوپای پاسداران هێرشێکی ئیسرائیلیان بۆ سەر بنکەی مووشەکی و ئەتۆمیی پارچین لە باشووری رۆژهەڵاتی تاران پشتڕاستکردەوە.
 
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە 23-06-2025، لە درێژەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکە، میدیاکانی نزیک لە سوپای پاسداران بڵاویان کردەوە، بنکەی ئەتۆمی و مووشەکیی پارچین لە باشووری رۆژهەڵاتی تاران کراوەتە ئامانج.
 
بەگوێرەی میدیاکانی نزیک لە سوپا، دەنگی تەقینەوەی بەهێز لە ناوچەکە بیستراوە و سیستمی بەرگریی ئاسمانی کارا کراوە.
 
پارچین کۆمەڵگەیەکی پیشەسازی، سەربازیی گرنگە لە ئێران، کە دەکەوێتە باشووری رۆژهەڵاتی تاران و نزیکەی 30 کیلۆمەتر لە ناوەندی شارەکەوە دوورە.
 
ئەم ناوچەیە لەژێر کۆنتڕۆڵی وەزارەتی بەرگریی وڵاتەکەدایە و بە یەکێک لە ناوەندە هەستیار و ستراتیژییە سەربازی، مووشەکی و ئەتۆمییەکانی ئێران هەژمار دەکرێت.
 
هاوکات میدیاکان باس لە بیستنی دەنگی تەقینەوەی بەهێز لە گۆڕەپانی ''کشاوەرز'' و گەڕەکی ''فاتمی'' دەکەن لە تاران.

 

02:42

میدیای ئێران: سێ سیخوڕی هەواڵگریی ئۆکراینا لە ئەسفەهان دەستگیر کران

دیمەنێک کە مۆساد بڵاویکردووەتەوە و بانگەشە دەکات لەنێو ئێران سیخوڕەکانیان درۆنیان بەرەو ئامانجەکان هەڵداوە.
بەگوێرەی میدیای ئێران، لە درێژەی جەنگی نێوان ئیسرائیل و وڵاتەکە، سێ ''سیخوڕ''ـی هەواڵگریی ئۆکراینا لە شاری ئەسفەهان دەستگیرکراون کە مەبەستیان بووە هێرش بکەنە سەر کارگەیەکی دروستکردنی درۆن.
 
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە 23-06-2025، میدیای ئێران دەستگیرکردنی سێ ''سیخوڕ''ـی هەواڵگریی ئۆکراینایان لە شاری ئەسفەهان پشتڕاستکردەوە.
 
وەک میدیاکە دەڵێت، هێزە ئەمنییەکانی ئێران لەکاتێکدا ئەو سێ تۆمەتبارەیان دەستگیکردووە کە مەبەستیان بووە هێرش بکەنە سەر کارگەیەکی دروستکردنی درۆن (فڕۆکەی بێفڕۆکەوان) لە شاری ئەسفەهان.

 

02:41

هۆشداریی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی: ئەم رۆژانە زیاتر ئاگاتان لە خۆتان بێت

رووداو
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هۆشداری بە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی لە تەواوی جیهان دەدات: لەم رۆژانەدا ئاگاتان لە خۆتان بێت و لەگەڵ لایەنە فەرمییەکان لە پەیوەندی و هەماهەنگیدا بن.
 

 

02:17

میدیای ئێران: لە پارێزگای مەرکەزی درۆنێک خرایە خوارەوە

ئەگەر هەواڵەکە پشتڕاست بکرێتەوە، هێرمس یەکێک لە گرنگترین درۆنەکانی تەلئەڤیڤە.
بەگوێرەی میدیای ئێران، لە درێژەی جەنگی نێوان تاران و تەلئەڤیڤدا، سیستمی بەرگریی ئاسمانی لە پارێزگای مەرکەزی کارا کراوە و درۆنێکی ئیسرائیلی کردووەتە ئامانج کە دەگوترێت لە جۆری هێرمس-900 بووە.
 
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە 23-06-2025، میدیای ئێران پشتڕاستی کردەوە، لە ئەنجامی کاراکرانی سیستمی بەرگریی ئاسمانی لە پارێزگای مەرکەزی، درۆنێکی ئیسرائیل کراوەتە ئامانج.
 
وەک میدیاکە دەڵێت، ئەو درۆنە لە جۆری ''هێرمس 900'' بووە و بڕیارە لە چەند کاژێری داهاتوودا وێنەی پاشماوەکەی و ڤیدیۆی کاتی تێکشکاندنی بڵاو بکرێتەوە.
 
هێرمس یەکێک لە گرنگترین درۆنەکانی تەلئەڤیڤە کە لە لایەن کۆمپانیای ''ئێلبیت سیستم''ـی ئیسرائیلییەوە دروست کراوە. درۆنەکە لە دوو جۆری ''هێرمس 450'' و ''هێرمس 900''ـدا خراونەتەڕوو و توانای کۆکردنەوەی زانیاری و بە ئامانجگرتنیان هەیە.

 

02:13

میدیای ئێران: دەنگی تەقینەوەی بەهێز لە کەرەج و کرماشان بیسترا

رووداو
 
بەگوێرەی میدیای ئێران لە درێژەی هێرشەکانی ئیسرائیلدا بۆ سەر وڵاتەکە، دوای بیستنی دەنگی چەند تەقینەوەیەکی بەهێز لە شاری کەرەج، سیستمی بەرگریی ئاسمانی کاراکراوە.
 
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە 23-06-2025، میدیای ئێران بیستنی دەنگی چەند تەقینەویەکی بەهێزی لە شاری کەرەجی سەر بە پارێزگای ئەلبورز راگەیاند.
 
وەک میدیاکە دەڵێت، سیستمی بەرگریی ئاسمانی کاراکراوە و بەرپەرچی چەند هێرشێکی داوەتەوە.
 
هاوکات میدیای فەرمیی وڵاتەکە بیستنی دەنگی تەقینەوەی بەهێزی لە شاری کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش پشتڕاستکردووەتەوە.
 
جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل پێی ناوەتە 11ـەمین رۆژ و تاوەکو ئێستا لە هێرشکردنە سەر یەکدی بەردەوامن.

 

01:16

جێگری سەرۆکی ئەمریکا ستایشی هێرشەکەی سەر ئێران دەکات

جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا
 
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، ستایشی ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییە دەکات کە شەوی رابردوو کرایە سەر ئێران و بە "بەڵگەیەکی بێوێنە" لەسەر لێهاتوویی فڕۆکەوانان و هێزەکانی ئەمریکای وەسف دەکات. هاوکات رەخنە لە میدیاکان دەگرێت و بەرگری لە تیمی ئاسایشی نیشتمانیی سەرۆک ترەمپ دەکات.
 
ڤانس لە پۆستێکدا لە ئێکس نووسی: "ئۆپەراسیۆنەکەی شەوی رابردوو بەڵگەیەکی بێوێنەیە لەسەر لێهاتوویی فڕۆکەوانانی ئەمریکی و ئەندامانی دیکەی خزمەتگوزاری، لە جەنەراڵ کەین و جەنەراڵ کورێلاوە تادەگاتە خوارەوە."
 
هەروەها ڤانس رەخنەی لە میدیاکان گرت و گوتی: "لەکاتێکدا میدیا بەبێوچان هێرشی کردووەتە سەر تیمی باڵای سەرۆک و هەوڵی چاندنی دووبەرەکی داوە، ئۆپەراسیۆنەکەی شەوی رابردوو بەبێ هاوئاهەنگی و نهێنیپارێزیی تەواوی تیمی ئاسایشی نیشتمانیی سەرۆک، مەحاڵ دەبوو. من شانازییەکی بێئەندازەیان پێوە دەکەم و دەزانم سەرۆکیش هەروایە."

 

01:12

ترەمپ: زیانی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران "مەزنن"

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا: AFP
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکی ترووس سۆشیەڵ زیانەکانی هێرشی وڵاتەکەی بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران بە "مەزن" وەسف دەکات و ستایشی "لێهاتوویی" سوپاکەی دەکات.
 
ترەمپ نووسیویەتی: "دەگوترێت زیانەکانی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران 'مەزنن'. هێرشەکان بەهێز و ورد بوون. لێهاتووییەکی گەورە لەلایەن سوپاکەمانەوە نیشاندرا. سوپاس."

 

01:07

سەرمایەدارێکی ئێرانی: نرخی نەوت 80 دۆلار تێدەپەڕێنێت

رووداو
 
سەرمایەدارێکی ئێرانی لەدوای هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر سێ بنکەی ئەتۆمیی وڵاتەکەی دەڵێت، نرخی نەوت 80 دۆلار و زێڕ 3400 دۆلار تێدەپەڕێنێت.
 
شەوی یەکشەممە 22-06-2025، بابەک زەنجانی، سەرمایەدار و وەبەرهێنەری بەناوبانگی ئێرانیی نزیک لە دەسەڵات، لەبارەی هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی نەتەنز، فۆردۆ و ئیسفەهان لە ئێکس نووسیویەتی، ''ئەمشەو نرخی نەوت (برێنت) دەگاتە 80 دۆلار و نرخی زێڕیش 3400 دۆلار تێدەپەڕێنێت.'' 
 
هاوکات بابەک زەنجانی باسی لە دابەزینی نرخی بیتکۆین کرد و ئاماژەی دا، ''نرخی بیتکۆین دادەبەزێت، چونکە پشتیوانانی جەنگ، بیتکۆینەکانیان دەفرۆشن.''

 

00:42

دوای هێرشەکان، ترەمپ ئاماژە بە "گۆڕینی رژێم" لە ئێران دەکات

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا: AFP
 
هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی گرژییەکان و دوای کەمتر لە 24 کاژێر لە هێرشی بەرفراوانی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکدا بە ئاشکرا باسی "گۆڕینی رژێم"ـی لە ئێران کرد.
 
دۆناڵد ترەمپ لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی Truth Social نووسیویەتی: "لە رووی سیاسییەوە دروست نییە دەستەواژەی 'گۆڕینی رژێم' بەکاربهێنرێت، بەڵام ئەگەر رژێمی ئێستای ئێران نەتوانێت ئێران دووبارە مەزن بکاتەوە، بۆچی گۆڕینی رژێم روونەدات؟".
 
لە کۆتایی پۆستەکەشیدا نووسیویەتی: "!!!MIGA" کە کورتکراوەی دروشمی "ئێران دووبارە مەزن بکەرەوە"یە و هاوشێوەی دروشمی هەڵبژاردنی خۆیەتی (MAGA - Make America Great Again).
 
ئەم پۆستەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی باڵای ئیدارەکەی لە چەند کاژێری رابردوودا بەردەوام جەختیان لەوە دەکردەوە کە ئامانجی هێرشەکانی ئەمریکا تەنیا بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانە، نەک گۆڕینی دەسەڵات.
 
پیت هێگسەس، وەزیری بەرگریی ئەمریکا رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکە "هێزە ئێرانییەکان و خەڵکی ئێرانی نەکردە ئامانج" و ئامانج لێی گۆڕینی رژێم نییە.
 
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکی تەلەڤزیۆنیدا گوتی: "ئێمە لەگەڵ ئێران لە جەنگدا نین، ئێمە لەگەڵ بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران لە جەنگداین".

 

23:23

نەتەنیاهوو: زانیاریی سەرنجڕاکێشمان لەسەر شوێنی یۆرانیۆمە پیتێندراوەکان هەیە

بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل: AFP

بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل: زانیاریی هەواڵگریی سەرنجڕاکێشمان لەسەر شوێنی یۆرانیۆمە 60% پیتێندراوەکەی ئێران هەیە.

22:29

بنیامین نەتەنیاهوو: دوای بۆردوومانەکەی ئەمریکا، لە ئامانجەکانمان نزیکتر بووینەتەوە

بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

بنیامین نەتەنیاهوو دەڵێت، ئیسرائیل "لە ئامانجەکانی لە ئێران نزیکتر بووەتەوە"، دوای ئەوەی ئەمریکا ژمارەیەک لە بنکە ئەتۆمییەکانی ئێرانی بۆردوومان کردن.
 
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی: "دەستکەوتێکی گەورەمان بەدەستهێناوە. سوپاس بۆ سەرۆک ترەمپ، لە ئامانجەکانمان نزیکتر بووینەتەوە". 
 
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتیشی: "کاتێک ئامانجەکان بەدەست هێندران، ئۆپەراسیۆنەکە کۆتایی دێت."

 

 

22:24

عێراقچی گەیشتە مۆسکۆ

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران گەیشتە مۆسکۆ؛ بڕیارە لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا دیداری هەبێت.

22:18

ئیسرائیل هێرشی کردەوە سەر ئێران

ئیسرائیل هێرشی کردەوە سەر ئێران

سوپای ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ناوچەیەکی تاران و رۆژئاوای ئێران.
 
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، هێرشیان کردووەتە سەر چەند ئامانجێک لە رۆژئاوای ئێران.

 

21:11

ترەمپ: ئێرانمان لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆم بێبەش کرد

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا. وێنە: AFP

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، دوێنێ سەرکەوتنێکی بەرچاوی سەربازیمان لە ئێران بەدەستهێنا. ئێرانمان لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆم بێبەش کرد.
 
سەرۆکی ئەمریکا دەشڵێت، ئێران چەکی ئەتۆمی بەکاردەهێنا ئەگەر بیتوانیبا.

 

 

19:45

میدیای ئێران: لە 24 کاژێردا هێرش کراوەتە سەر 12 شوێن

 
میدیای ئێران دەڵێت، ئیسرائیل لە 24 کاژێردا هێرشی کردووەتە سەر 12 شوێن و لە ئەنجامدا 11 کەس کوژراون.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 22ی حوزەیرانی 2025 میدیای ئێران بڵاویکردەوە، هێرشەکانی ئیسرائیل لە 24 کاژێری رابردوودا بۆسەر شوێنە جیاوازەکان بەردەوام بوون، لەو چوارچێوەیەشدا هێرش کراوەتە سەر 12 شوێن و 11 کەس کوژراون.
 
ئەو شوێنانەی کراونەتە ئامانج بریتین لە:
 
- تەورێز؛ هێرش کراوەتە سەر 3 شوێن و کەسێک کوژراوە
- نەتەنز؛ هێرش کراوەتە سەر دامەزراوی ئەتۆمی
- ئیسفەهان؛ هێرش کراوەتە سەر دامەزراوەی ئەتۆمی
- فۆردۆ؛ هێرش کراوەتە سەر دامەزراوەی ئەتۆمی
- قوم؛ هێرش کراوتە سەر بنکەیەکی سەربازی و 4 کەس کوژراون
- ئەهواز؛ هێرش کراوەتە سەر ناوچەیەک لەسەر رێگەی ئەندیمێشک
- کرماشان؛ هێرش کراوەتە سەر چەند شوێنێک و 5 کەس کوژراون
- بوشێهر؛ هێرش کراوتەوە سەر دوو بنکەی سەربازی
- قەزوین؛ هێرش کراوەتە سەر شوێنێک و کەسێک کوژراوە
- شاهروود؛ هێرش کراوەتە سەر ناوچەیەکی دەرەوەی شارەکە 
- یەزد؛ هێرش کراوەتە سەر دوو بنکەی سەربازی 
 
جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران لە بەرەبەیانی رۆژی 13ی مانگ بە هێرشی ئیسرائیل دەستیپێکرد.
 

19:40

قۆناخەکانی هێرشەکەی ئەمریکا لەسەر نەخشە

قۆناخەکانی هێرشەکەی ئەمریکا لەسەر نەخشە
بەگوێرەی ئەو نەخشەیەی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا بڵاویکردووەتەوە لەبارەی وردەکاریی ئۆپەراسیۆنی "چەکوشی نیوەشەو"، کە تایبەت بوو بە لێدانی سێ دامەزراوەی سەرەکی ئەتۆمی ئێران کە ئەوانیش هەریەک لە دامەزراوەکانی؛ فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان. 
 

19:33

پزیشکیان بۆ ماکرۆن: پێویستە وەڵامی دەستدرێژییەکەی ئەمریکا بدرێتەوە

رووداو

مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، رۆژی یەکشەممە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند، پێویستە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا "وەڵامی بدرێتەوە" بەرامبەر هێرشەکانی بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
 
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئیرنا، پزیشکیان بە سەرۆکی فەرەنسای گوتووە: "پێویستە ئەمریکییەکان وەڵامی دەستدرێژییەکەیان بدرێتەوە."

 

18:56

سێ ئەندامی سوپای پاسداران لە زەنجان بە بۆردوومانی ئیسرائیل کوژران

بۆردوومانێکی ئیسرائیل بۆ سەر پارێزگای زەنجان. وێنەکە پەیوەندی بەم هەواڵەوە نییە و تەنیا بۆ روونکردنەوە دانراوە.
 
ژیلا ئەسعەد
 
سوپای پاسداران کوژرانی سێ ئەندامی لە پارێزگای زەنجانی ئێران راگەیاند.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 22ـی حوزەیرانی 2025، سوپای پاسداران بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی هێرشێکی ئیسرائیل بۆسەر بارەگایەکی سوپاکە لە پارێزگای زەنجان، سێ ئەندامی کوژراون.
 
سوپای پاسداران باس لەوە دەکات، ئەو کەسانەی کوژراون بە ناوەکانی مەجید قاسمی، محەممەد رەزا فروغی و عەلی توری بوون.
 
لە لایەکی دیکەوە جێگری پارێزگاری بوشێهر گوتی، ئیسرائیل هێرشی کردوەتە سەر دوو بنکەی سەربازی لە پارێزگاکە.
 
ئیحسان جەهانیان، جێگری پارێزگاری بوشێهر رایگەیاند، کاژێر 02:00ی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ، ئیسرائیل دوو پێگەی سەربازی لە بوشێهر بۆردوومان کرد. 
 
ئێحسان جەهانیان گوتی: "زیانەکانی هێرشەکە نەزانراون و بەدواداچوون و هەڵسەنگاندن دەکرێ."
 
بەڕێوەبەری گشتیی هۆبەی رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی پارێزگای تەورێزیش گوتی، تاوەکو ئێستا لە ئەنجامی هێرشی ئیسرائیل 52 کەس لە پارێزگاکەی کوژراون.
 
مەجید فەرشی، بەڕێوەبەری گشتیی هۆبەی رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی پارێزگای تەورێز گوتی، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل 52 کەس لە پارێزگاکەی کوژراون کە زیاتر لە 30 کەسیان لە هێزە ئەمنییەکان بوون.
 
مەجید فەرشی گوتی، ئەمڕۆش لە پارێزگاکە چوار شوێن لە لایەن ئیسرائیلەوە کراونەتە ئامانج کە یەکێکیان پێگەی سەربازی بووە.

 

18:30

کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان لەسەر هێرشی ئەمریکا بۆسەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران

بنکەی ئەتۆمیی فۆردۆ پێش و پاش بۆردوومانکردنی لەلایەن ئەمریکاوە
 
رۆژی یەکشەممە، ئەمریکا هێرشی کردە سەر سێ بنکەی ئەتۆمیی ئێران، بەمەش دوای چەندین رۆژ لە گومان و پێشبینی، بەشداریی لە جەنگی ئیسرائیل لە دژی ئەو وڵاتەدا کرد. ئەوەش کاردانەوەی لەسەر ئاستی جیهان لێکەوتەوە.
 
دوای هێرشەکان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە گوتارێکی تەلەڤیزیۆنیدا لە کۆشکی سپییەوە رایگەیاند، "دامەزراوە سەرەکییەکانی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران بە تەواوەتی لەنێوبران. ئێران، کە شەڕفرۆشی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە، دەبێت ئێستا ئاشتی بنوێنێت."
 
ئەمانەی خوارەوە بەشێکن لە گرنگترین کاردانەوەکان:
 
ئێران: ئەمریکا و ئیسرائیل هێڵی سووریان بەزاند
 
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، سەرکۆنەی ئەمریکا و ئیسرائیلی کرد، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە ئیستەنبووڵ گوتی، "ئەوان بە هێرشکردنەسەر بنکە ئەتۆمییەکان، هێڵێکی سووری زۆر گەورەیان بەزاند." وەزیری دەرەوەی ئێران هەروەها گوتی، "مەترسیدارترینیان شەوی رابردوو روویدا." 
 
رێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێرانیش هێرشەکانی ئەمریکای بە "کردەوەیەکی دڕندانە، کە پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتییە" ناوبرد و رایگەیاند، "رێگە نادەین رێڕەوی گەشەپێدانی ئەم پیشەسازییە نیشتمانییە رابگیرێت."
 
ئیسرائیل: 'مێژوو دەگۆڕێت'
 
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، پیرۆزبایی لە ترەمپ کرد و گوتی، هێرشەکان "یارمەتیدەر دەبن لە بردنەپێشەوەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و دەرەوەی، بۆ داهاتوویەکی پڕ لە گەشەسەندن و ئاشتی."
 
لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا نەتەنیاهوو بە ترەمپی گوت، "بڕیارە بوێرانەکەت بۆ کردنەئامانجی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بە هێزی شکۆمەند و رەوای ئەمریکا، مێژوو دەگۆڕێت." ئاماژەی بەوەش کرد، هێرشەکان دەریانخست "ئەمریکا بەڕاستی بێهاوتایە."
 
هەروەها نەتەنیاهوو بە ئیسرائیلییەکانی گوت، بەڵێنەکەی بۆ لەنێوبردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران "بەجێگەیێندرا."
 
بەریتانیا: 'سەقامگیری لەپێشینەیە"
 
کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، داوای لە ئێران کرد "بگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستاندن و بگاتە چارەسەرێکی دیپلۆماسی بۆ کۆتاییهێنان بەم قەیرانە."
 
لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ستامەر نووسیویەتی، "نابێت هەرگیز رێگە بە ئێران بدرێت چەکی ئەتۆمی پەرەپێبدات، ئەمریکا هەنگاوی ناوە بۆ کەمکردنەوەی ئەو هەڕەشەیە،" جەختی لەوە کردەوە "سەقامگیری لە ناوچەکەدا لەپێشینەیە."
 
یەکێتیی ئەورووپا: 'پاشەکشە بکەن'
 
کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا، داوای کەمکردنەوەی گرژییەکان و گەڕانەوەی بۆ دانوستاندن کرد.
 
کالاس لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی، "داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەم پاشەکشە بکەن، بگەڕێنەوە سەر مێزی دانوستاندن و رێگری لە پەرەسەندنی زیاتر بکەن،" هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، نابێت رێگە بە ئێران بدرێت چەکی ئەتۆمی دروستبکات و وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا رۆژی دووشەممە تاوتوێی دۆخەکە دەکەن.
 
نەتەوە یەکگرتووەکان: 'پەرەسەندنێکی مەترسیدار' 
 
ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، هێرشەکانی بە "پەرەسەندنێکی مەترسیدار لە ناوچەیەکدا کە هەر خۆی لە لێواری تەقینەوەدایە" ناوبرد.
 
گۆتێرێس لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "هیچ چارەسەرێکی سەربازی نییە. تاکە رێگە بۆ پێشەوە دیپلۆماسییە. تاکە هیوایش ئاشتییە."
 
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیش رایگەیاند، دوای هێرشەکان بۆ سەر سێ بنکە ئەتۆمییەکەی ئێران، هیچ بەرزبوونەوەیەکی لە "ئاستی تیشکدانەوە لە دەرەوەی بنکەکان" بەدینەکردووە.
 
سەرۆکی ئاژانسەکە داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی بۆ رۆژی دووشەممە کرد.
 
عێراق: 'هەڕەشەیەکی گەورە'
 
عێراق هۆشداریدا کە هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانی دراوسێی، هەڕەشەیە لەسەر ئاشتی و سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
 
باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند: "ئەم پەرەسەندنە سەربازییە هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و مەترسیی جددی بۆ سەر سەقامگیریی ناوچەکە دروست دەکات."
 
سعودیە: 'دان بەخۆدا بگرن'
 
سعودیە "نیگەرانیی گەورەی" خۆی دەربڕی دوای هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی "کۆماری ئیسلامیی ئێرانی دەستەخوشک"ی دراوسێی.
 
وەزارەتی دەرەوەی سعودیە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند: "شانشینەکە جەخت لە پێویستیی بەکارهێنانی هەموو هەوڵێکی گونجاو دەکاتەوە بۆ دانبەخۆداگرتن، کەمکردنەوەی گرژییەکان و خۆلادان لە پەرەسەندنی زیاتر."
 
پاکستان: هێرشەکانی ئەمریکا 'پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتین'
 
پاکستان، کە تاکە وڵاتی موسڵمانی خاوەن چەکی ئەتۆمی و هاوپەیمانێکی دێرینی واشنتنە، رایگەیاند هێرشەکانی ئەمریکا "هەموو بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی پێشێل دەکەن."
 
وەزارەتی دەرەوەی پاکستان لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "ئێمە زۆر نیگەرانی پەرەسەندنی زیاتری گرژییەکانین لە ناوچەکەدا،" هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، "ئێران بەپێی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان مافی رەوای بەرگریکردن لە خۆی هەیە."
 
حەماس: 'دەستدرێژییەکی دڕندانە' 
 
بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی سەرکۆنەی "دەستدرێژیی ئاشکرای ئەمریکای بۆ سەر خاک و سەروەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران" کرد.
 
حەماس رایگەیاند: "ئەم دەستدرێژییە دڕندانەیە پەرەسەندنێکی مەترسیدارە،" هێرشەکەی بە "پێشێلکارییەکی زەقی یاسای نێودەوڵەتی و هەڕەشەیەکی راستەوخۆ بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی" ناوبرد.
 
حووسییەکان: 'راگەیاندنی ئاشکرای جەنگە'
 
حکومەتی حووسییەکانی یەمەن، کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن، سەرکۆنەی هێرشەکانی ئەمریکایان کرد و هاوسۆزیی خۆیان بۆ گەلی ئێران دەربڕی.
 
حووسییەکان رایانگەیاند: "دەستدرێژییە سەرەڕۆیانەکەی ئیدارەی ترەمپ... راگەیاندنی ئاشکرای جەنگە دژی گەلی برای ئێرانمان. ئێمە پشتیوانیی تەواوی خۆمان بۆ گەلی برای ئێران رادەگەیێنین."
 

18:29

ئەمریکا چۆن هێرشی کردە سەر ئێران؟

بنکەی فۆردۆ پێش و دوای بۆردوومانەکە
 
بەگوێرەی ئەو نەخشەیەی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا بڵاویکردووەتەوە لەبارەی وردەکاریی ئۆپەراسیۆنی "چەکوشی نیوەشەو"، کە تایبەت بوو بە لێدانی سێ دامەزراوەی سەرەکی ئەتۆمی ئێران کە ئەوانیش هەریەک لە دامەزراوەکانی؛ فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان. 
 
رۆژی یەکشەممە، 22ی حوزەیرانی 2025، ژەنەڕال دان کەین، سوپاسالاری هێزە هاوبەشەکانی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە پێنگاتۆن باسی لە وردەکاریی هێرشەکە کرد و رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا، زیاتر لە 125 فرۆکەی جەنگی و فرۆکەی سووتەمەنی و چاودێریی بەشداریان کردووە. 
 
ئەمەی خوارەوە قۆناخ بە قۆناخی ئۆپەراسیۆنە 37 کاژێرییەکە بووە: 
 
کاژێر 07:00ی بەیانی 21ی حوزەیران: 
 
فڕۆکەکانی B-2 لە بنکەی ئاسمانی وایتمان لە ویلایەتی میزووری بەڕێکەوتن.
 
فڕۆکەی پڕکردنەوەی بەنزین لە چەند خاڵێکی رێڕەوی فڕۆکەکان دیاریکراون.
 
کاژێر 14:00ی پاشنیوەڕۆی 21ی حوزەیران:
 
فڕۆکەکانی B-2 دەگەنە ناوچەکانی ژێر چاودێریی سێنتکۆم: 
(رۆژهەڵاتی نێوەڕاست)
 
کاژێر 12:00ی بەرەبەیانی 22ی حوزەیران:
دەستپێکردنی ئامادەکارییەکانی هێرشەکە لە رێگەی هێزەکانی دەریاوە: 
 
کاژێر 01:00ی بەرەبەیانی 22ی حوزەیران: 
چوونی فڕۆکەکانی B-2 و فڕۆکەکانی دیکە بۆ سەر ئاسمانی ئێران: 
 
کاژێر 01:40ی بەرەبەیانی 22ی حوزەیران: 
یەکەم لێدانی فڕۆکەکانی ئەمریکا لە دامەزراوە ئەتۆمییەکان. 
 
کاژێر 02:30ی بەرەبەیانی 22ی حوزەیران: 
دەرچوونی فڕۆکەکان لە ئاسمانی ئێران. 
 
کاژێر 09:30ی بەیانی 22ی حوزەیران:
گەڕانەوەی فڕۆکەکان بۆ بنکەی ئاسمانیی وایتمان. 

 

 

18:24

دژە تیرۆری کوردستان: دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو تێکشکێندران و خرانە خوارەوە

یەکێک لە درۆنە تێکشکاوەکان

دژە تیرۆری کوردستان دەڵێت، ئەمڕۆ یەکشەممە، 22ـی حوزەیرانی 2025، کاتژمێر 17:10، لە نزیک گوندی دارەبەنی سەر بە پارێزگای هەولێر، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو تێکشکێندران و خرانە خوارەوە.
 
دژە تیرۆری کوردستان دەڵێت "خۆشبەختانە هیچ زیانێکی ماددی و گیانییان لێ نەبووە". 

 

 

18:04

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا: ئێستا جیهان لە 24 کاژێر پێش ئێستا سەلامەتترە

مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا
 
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بەرگری لە هێرشەکانی شەوی رابردوو بۆسەر هەر سێ بنکە ئەتۆمییەکەی ئێران دەکات و دەڵێت، ئێستا "جیهان لە 24 کاژێر پێش ئێستا سەلامەتترە."
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ، ئەمریکا فڕۆکەی B-2ی بۆمبهاوێژی بۆ بۆردوومانکردنی سێ بنکەی ئەتۆمیی ئێران بەکارهێنا و بە گوتەی دۆناڵد ترەمپ، هەر سێ بنکەی ئەتۆمیی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان لەنێوبراون.
 
لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتی، ئەو هێرشە بە واتای ئەوە نایەت ئەمریکا لەگەڵ ئێران لە جەنگدایە، بەڵام هۆشداریشی دا "ئەگەر ئێران وەڵام بداتەوە، دەبێتە گەورەترین هەڵە کە کردبێتی."
 
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتیشی، واشنتن ئامانجی لەنێوبردنی دەسەڵاتی ئێران نییە، "هێشتا ئامادەی گفتوگۆین لەگەڵ ئێران."
 
هێرشەکە کاردانەوەی بەرپرسانی ئێرانی بەدوادا هات.
 
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەمریکای تۆمەتبار کرد بەوەی بڕیاری دا دیپلۆماسی "بتەقێنێتەوە" بەهۆی دەستوەردانەکەی لە جەنگەکەدا شانبەشانی ئیسرائیل.
 
لە پۆستێکدا لە تۆڕی ئێکس عێراقچی رایگەیاند، ئیسرائیل بە هێرشەکانی رۆژی 13ی حوزەیران، دانوستاندنەکانی نێوان تاران و واشنتنی نەهێشت، لە کاتێکدا ئەمریکاش بە هێرشەکانی رۆژی یەکشەممە هەمان کاری بەرامبەر گفتوگۆکان لەگەڵ زلهێزە ئەورووپییەکان کرد.
 
لە وەڵامی داواکارییەکانی ئەورووپادا بۆ گەڕانەوەی ئێران بۆ دانوستاندن، عێراقچی دەپرسێت، "ئێران چۆن دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ شتێک کە هەرگیز جێی نەهێشتووە؟"
 
دیپلۆماتە باڵاکەی ئێران دواتر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە ئیستەنبووڵ گوتی، ئەمریکا و ئیسرائیل "هێڵێکی سووری گەورە"یان بەزاند بە هێرشکردنە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران.
 
عێراقچی گوتیشی، "هیچ هێڵێکی سوور نەماوە کە نەیانبەزاندبێت. دوایینیان و مەترسیدارترینیان، شەوی رابردوو روویدا. ئەوان بە هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان هێڵێکی سووری زۆر گەورەیان بەزاند."
 

17:07

رێگەکانی خۆپاراستن لە بڵاوبوونەوەی تیشکی ئەتۆمی

رێگەکانی خۆپاراستن لە بڵاوبوونەوەی تیشکی ئەتۆمی
رێگەکانی خۆپاراستن لە بڵاوبوونەوەی تیشکی ئەتۆمی
 
دەستەی نیشتمانیی چاودێریی ئەتۆمی، تیشکی، کیمیایی و بایۆلۆژیی عێراق رایگەیاند، هیچ پیسبوونێکی تیشکی لە عێراق تۆمار نەکراوە و سەرجەم پێوەرەکان ئاسایین.
 
د. دەشتی ئاکرێیی لە بووڵتەنی ئەمڕۆی تەندروستیدا گوتی، ''لەبەر ئەوەی مادەکانی نێو وێستگە بۆردوومانکراوەکانی دوێنێی ئێران پێشتر لابراون، بۆیە مەترسیی بڵاوبوونەوەی تیشکەکان کەمترن یاخود مەترسییان نابێت''.
 
گوتەبێژی حکومەتی ئێرانیش رایگەیاند، هیچ مەترسییەک لەسەر دانیشتووانی دەوروبەری بنکە ئەتۆمییەکان نییە و دڵنیایی دا، دەتوانن بە ئاسوودەیی لە ژیانی خۆیان بەردەوام بن.
 
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم (IAEA)ی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرای کرد، دوای هێرشەکانی ئەمریکا، هیچ بەرزبوونەوەیەکی لە ئاستی تیشکدانەوە لە بنکە ئەتۆمییە سەرەکییەکانی ئێراندا بەدینەکردووە.
 
دوێنێ ئەمریکا هێرشی کردە سەر سێ وێستگەی پیتاندنی یۆرانیۆم لە ئێران و بەمەش مەترسیی تیشکدانەوە و دەرچوونی مادە تیشکاوەرییە زیانبەخشەکانی لەو وێستگانەوە زیاد کرد. بەتایبەت لەسەر دانیشتووانی شارەکانی نزیک لەو وێستگانە. {لێرە دووریی شارەکان لەو وێستگانەوە بزانە}.
 
ئەمانەی خوارەوە چەند رێنوێنییەکن بۆ خۆپاراستن لە تیشكی ئەتۆمی
 
- چوونەدەرەوە کەم بکرێتەوە
- کڵاو و چەتر بەکاربێت
- پەڕۆی تەڕ لە دەم و لووت بپێچرێت
- خۆراک و خواردنەوەی سەرداپۆشراو بخورێت
- دەرگە و پەنجەرەی ماڵەوە دابخرێت
- ئاو زۆر بخورێتەوە
- جلوبەرگ زوو زوو بشۆردرێت
- دەمامک ببەسترێت
- جلوبەرگی قۆڵدرێژ بپۆشرێت
- تەواوکەری خۆراکی ئایۆدین وەربگیرێت

 

17:04

فەرماندەی سوپای پاسداران لە یەکەم دەرکەوتنیدا: هێرشە ئاسمانییەکانمان بۆسەر ئیسرائیل بەردەوام دەبن

سەردار محەممەد پاکپوور، فەرماندەی گشتیی نوێی سوپای پاسداران
سوپای پاسدارانی ئێران یەکەم گرتەی ڤیدیۆیی سەردار محەممەد پاکپوور، فەرماندەی گشتیی نوێی سوپاکەی لەنێو ژووری ئۆپەراسیۆنی جەنگەوە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکان راناگیرێن.
 
لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا فەرماندەی گشتیی نوێی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، "ئۆپەراسیۆنی هێزی ئاسمان - بۆشایی سوپا راناوەستێت و ئارامی لە زایۆنییەکان هەڵگرتووە."
 
هەروەها ئەو فەرماندەیە جەختی لەسەر "یەکڕیزیی گەل" کردەوە و گوتی، "هەرچەندە کات تێبپەڕێت، یەکڕیزیی گەل زیاتر دەبێت و ئەمە بەخششێکی خوداییە."
 
پاکپوور ئاماژەی بەوەش کردووە، "هێزە خۆبەخشە جەماوەرییەکانی بەسیج ئامادە دەکرێن."
 
ئەم لێدوانە دوای زنجیرەیەک رووداوی گەرمی چەند رۆژی رابردوو دێت، کە بە هێرشی ئیسرائیل بۆسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران لە نەتەنز، فۆردۆ و ئەسفەهان دەستیپێکرد، بەرەبەیانیی ئەمڕۆیش ئەمریکا هاتە ناو جەنگەکەوە و بۆردوومانی ئەو سێ بنکە ئەتۆمییەی کرد.
 
لە وەڵامدا، ئێران زنجیرە ئۆپەراسیۆنێکی بەناوی "بەڵێنی راستگۆ 3" راگەیاند، کە بە گوتەی سوپای پاسداران، تائێستا 20 شەپۆلی لێ جێبەجێ کردووە، لە دوایینیاندا فڕۆکەخانەی بن گوریۆن و ناوەندێکی لێکۆڵینەوەی بایۆلۆژی لە ئیسرائیل کراونەتە ئامانج.
 
لەسەر ئاستی سیاسی، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، ئەمریکا دوای بینینی "بێتوانایی ئیسرائیل،" ناچار بوو خۆی بێتە گۆڕەپانەوە.
 
هاوکات عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە ئیستەنبووڵەوە رایگەیاند، ئەمریکا "هەموو هێڵە سوورەکانی بەزاندووە" و ئاشکرای کرد، ئەمڕۆ بۆ دیدار لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا، سەردانی مۆسکۆ دەکات.
 
لەگەڵ ئەم گرژییە سەربازییانەدا، حکومەتی ئێران هەوڵدەدات دۆخی ناوخۆیی ئارام بکاتەوە. فاتمە مهاجرانی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران و بەرپرسانی رێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئەو وڵاتە چەندین جار دڵنیاییان داوە، "هیچ مەترسییەکی تیشکدانەوە" لە دەوروبەری بنکە ئەتۆمییەکان نییە.
 
هاوکات حکومەتی ئێران چەند بڕیارێکی وەکو زیادکردنی گەشتی ئەمنیی شەوانە لە شارەکان و هەڵگرتنی قەدەخەی سەر هاوردەکردنی برنج دەرکردووە بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخی ئاسایش و بازاڕ.
 

17:03

دوایین پێشهاتەکانی جەنگی ئیسرائیل و ئێران و بەشداریی ئەمریکا

دوایین پێشهاتەکانی جەنگی ئیسرائیل و ئێران و بەشداریی ئەمریکا
پێنتاگۆن دەڵێت، هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر سێ بنکەی ئەتۆمی، بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانی "وێران کردووە". واشنتن باس لەوە دەکات، ئامانجەکەی گۆڕینی دەسەڵات نییە لە ئێران. 
 
لە 10یەمین رۆژی جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل، ئەمانە دوایین پێشهاتەکانن:
 
دەستوەردانی ئەمریکا 
 
پیت هێگسەس، وەزیری بەرگریی ئەمریکا دەڵێت، ئەو هێرشەی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ لەسەر فەرمانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئەنجامدرا، بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانی "وێران کردووە" و داواشی لە سەرکردەکانی ئێران کرد رێگەی ئاشتی بگرنەبەر بۆئەوەی رووبەڕووی هێرشی زیاتر نەبنەوە.
 
هێگسەس لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی پێنتاگۆندا ئەمڕۆ یەکشەممە گوتی: "ئێمە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانمان وێرانکرد"؛ ئاماژەی بەوەشکرد، ئۆپەراسیۆنەکە "هێزە ئێرانییەکان و خەڵکی ئێرانی نەکردە ئامانج."
 
هێگسەس گوتیشی: "سەرۆک ترەمپ خوازیاری ئاشتییە و پێویستە ئێرانیش ئەو رێگەیە بگرێتەبەر"؛ ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەی ئەنجامیان دا بۆ گۆڕینی دەسەڵات نەبوو. 
 
پێشتر ترەمپ رایگەیاندبوو، ئەمریکا "هێرشێکی زۆر سەرکەوتووی" بۆ سەر سێ بنکەی ئەتۆمیی ئێران ئەنجامدا، لەنێویاندا دامەزراوەی پیتاندنی یۆرانیۆمی ژێرزەوی لە فۆردۆ.
 
ترەمپ لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی Truth Social نووسیبووی: "هێرشە زۆر سەرکەوتووەکەمان بۆ سەر سێ بنکە ئەتۆمییەکەی ئێران تەواوکرد،" ئاماژەی بە فۆردۆ، ئەسفەهان و نەتەنز کردبوو.
 
سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی: "بارێکی تەواو لە بۆمب بەسەر بنکەی سەرەکی" واتە فۆردۆ "بارێنرا"؛ ئاماژەی بەوەشکرد، فڕۆکەکان بە سەلامەتی لە ئاسمانی ئێران چوونەتە دەرەوە.
 
میدیاکانی ئێرانیش بڵاویانکردەوە، بنکە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ، ئەسفەهان و نەتەنز کراونەتە ئامانج.
 
دان کەین، سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی هێزەکانی ئەمریکا گوتی، حەوت بۆمبهاوێژی جۆری B-2 بۆ 18 کاژێر لە خاکی ئەمریکاوە بۆ ئێران فڕیون و لە ئاسماندا چەندین جار سووتەمەنییان وەرگرتووە بۆ ئەنجامدانی هێرشەکە.
 
ترەمپ گوتی، "پێویستە ئێران رازی بێت بە کۆتاییهێنان بەم جەنگە" و، پێداگریی کرد کە ئێران لە هیچ دۆخێکدا نابێت خاوەنی چەکی ئەتۆمی بێت.
 
ئێران: ئەمریکا بڕیاری دا دیپلۆماسی "بتەقێنێتەوە" 
 
عەباس عێراقچی، دیپلۆماتی باڵای ئێران، ئەمریکای تۆمەتبارکرد بەوەی بڕیاری دا دیپلۆماسی "بتەقێنێتەوە" بەهۆی دەستوەردانەکەی لە جەنگەکەدا شانبەشانی ئیسرائیل.
 
عێراقچی لە پۆستێکدا لە تۆڕی ئێکس رایگەیاند، ئیسرائیل بە هێرشەکانی رۆژی 13ی حوزەیران، دانوستانەکانی نێوان تاران و واشنتنی نەهێشت، لە کاتێکدا ئەمریکاش بە هێرشەکانی رۆژی یەکشەممە هەمان کاری بەرامبەر گفتوگۆکان لەگەڵ زلهێزە ئەورووپییەکان کرد.
 
لە وەڵامی داواکارییەکانی ئەورووپادا بۆ گەڕانەوەی ئێران بۆ دانوستاندن، عێراقچی پرسیاری کرد: "ئێران چۆن دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ شتێک کە هەرگیز جێی نەهێشتووە؟"
 
دیپلۆماتە باڵاکەی ئێران دواتر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە ئیستەنبووڵ گوتی، ئەمریکا و ئیسرائیل "هێڵێکی سووری گەورە"یان بەزاند بە هێرشکردنە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران.
 
عێراقچی گوتی: "هیچ هێڵێکی سوور نەماوە کە نەیانبەزاندبێت. دوایینیان و مەترسیدارترینیان، شەوی رابردوو روویدا. ئەوان بە هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان هێڵێکی سووری زۆر گەورەیان بەزاند."
 
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران سەرکۆنەی ئەمریکای کرد و گوتی، هێرشەکە دەریخست کە ئەمریکا "فاکتەری سەرەکیی پشت" هەڵمەتە سەربازییەکەی ئیسرائیل بووە لەسەر ئێران.
 
ئێران و ئیسرائیل یەکدی دەکەنە ئامانج  
 
هێزە چەکدارەکانی ئێران رایگەیاند، دوای هێرشەکانی ئەمریکا، چەندین شوێنیان لە ئیسرائیل کردووەتە ئامانج، لەنێویاندا فڕۆکەخانەی بن گۆریۆن.
 
ئامانجەکان "ناوەندێکی توێژینەوەی بایۆلۆژی"، بنکەی لۆجیستی و چەندین ئاستی ناوەندەکانی فەرماندەیی و کۆنترۆڵیان لەخۆگرت، وەک هێزە چەکدارەکانی ئێران دەڵێت.
 
ئاژانسی هەواڵی ئیرنای ئێان بڵاویکردەوە، لە "20یەمین زنجیرە"ی هێرشەکانی ئێراندا 40 مووشەک ئاراستە کراون.
 
لە ئەنجامدا لانیکەم 23 کەس برینداربوون.
 
رۆن هولدای، سەرۆکی شارەوانیی تەل ئەڤیڤ گوتی: "خانووەکانی ئێرە زۆر، زۆر بە خراپی زیانیان بەرکەوتووە. خۆشبەختانە، یەکێکیان بڕیاری رووخاندن و دروستکردنەوەی بۆ درابوو، بۆیە هیچ دانیشتووانێکی تێدا نەبوو."
 
هولدای گوتی: "ئەوانەی لە پەناگەکاندا بوون، هەموویان سەلامەتن و باشن. زیانەکان زۆر، زۆر بەرفراوانن، بەڵام لە رووی گیانی مرۆییەوە، ئێمە باشین."
 
هاوکات سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، هێرشی کردوەتە سەر رۆژئاوای ئێران و قوم. ئیرنا بڵاویکردەوە، چوار ئەندامی سوپای پاسداران لە هێرشێکدا بۆ سەر بنکەیەکی سەربازی لە باکووری قوم کوژراون.
 
هەر بە گوێرەی میدیای ئێران، رۆژی یەکشەممە "دەنگی تەقینەوەیەکی گەورە" لە پارێزگای بوشەهر بیستراوە، کە تاکە وێستگەی کارەبای ئەتۆمیی ئێرانی لێیە.
 
- ئاژانسی وزەی ئەتۆم: هیچ بەرزبوونەوەیەک لە تیشکدانەوەدا رووی نەداوە
 
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم (IAEA)ی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، دوای هێرشەکانی ئەمریکا، هیچ بەرزبوونەوەیەکی لە ئاستی تیشکدانەوە لە بنکە ئەتۆمییە سەرەکییەکانی ئێراندا بەدینەکردووە.
 
ئاژانسەکە لە پۆستێکدا لە تۆڕی ئێکس رایگەیاند: "دوای هێرشکردنە سەر سێ بنکەی ئەتۆمی لە ئێران... ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دەتوانێت پشتڕاستی بکاتەوە کە تاوەکو ئەم کاتە هیچ بەرزبوونەوەیەک لە ئاستی تیشکدانەوەی دەرەوەی بنکەکان رانەگەیێندراوە."
 
رافاێل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسەکە رایگەیاند، رۆژی دووشەممە لە بارەگای سەرەکیی رێکخراوەکە لە ڤیەننا، "کۆبوونەوەیەکی بەپەلە" لە بارەی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران سازدەکەن.
 
مانگی سوور: لە هێرشەکانی ئەمریکادا کەس نەکوژراوە 
 
پیرحوسێن کولیڤەند، سەرۆکی کۆمەڵەی مانگی سووری ئێران رایگەیاند، لە هێرشەکانی ئەمریکادا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران هیچ کەس نەکوژراوە.
 
بەگوێرەی تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران، کولیڤەند گوتوویەتی: "خۆشبەختانە، لە رووداوەکانی دەستدرێژیی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، هیچ شەهیدێکمان نەبوو."
 

 

16:52

پەرلەمانتارێکی ئێران: گەیشتینە ئەو ئەنجامەی گەرووی هورمز دابخەین

رووداو
 
ئەندامێکی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی لە پەرلەمانی ئێران دەڵێت، ئەندامانی پەرلەمانی وڵاتەکە گەیشتوونەتە ئەوەی گەرووی هورمز دابخرێت.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 22ی حوزەیرانی 2025 ئیسماعیل کوسەری، ئەندامی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی لە پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، "ئەندامانی پەرلەمان گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی پێویستە گەرووی هورمز دابخرێت."
 
کوسەری گوتیشی، بڕیاری کۆتایی لەبارەی داخستنی گەرووی هورمز لە ئەستۆی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتە.
 
ئەوەش لە کاتێکدایە، پێشتر ئێران هۆشداریی دابوو بە ئەمریکا لە ئەگەری بەشداریکردن لە جەنگدا گەرووی هورمز دادەخات.
 
گەرووی هورمز لەڕووی ئابوورییەوە دووەم گەرووی قەرەباڵخی جیهانە، رۆژانە نزیکەی 16.5 بۆ 17 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو (مەزەندەی ساڵی 2006)، کە یەکسانە بە 40%ی هەموو ئەو نەوتەی لە رێگەی کەشتییەوە بۆ جیهان دەگوازرێتەوە، بەو ناوچەیەدا تێدەپەڕێت.
 

16:33

جەی دی ڤانس دەڵێت ئەمریکا 'لە شەڕدا نییە لەگەڵ ئێران'

جەی دی ڤانس دەڵێت ئەمریکا 'لە شەڕدا نییە لەگەڵ ئێران'
 
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا بە کەناڵی ئێن بی سی نیوزی ئەمریکی گوتووە کە "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە شەڕدا نییە لەگەڵ ئێران".
 
ڤانس دەڵێت، "ئێمە لە شەڕداین لەگەڵ ویستە ئەتۆمییەکانی،" ئێران. ئەوەشی گوتووە، ئەمریکا پێی وایە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانی "لەناوبردووە".
 
جێگری سەرۆکی ئەمریکا دەشڵێت، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ئێستا کاردەکەن بۆئەوەی "بە هەمیشەیی" بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران هەڵبوەشێننەوە. 

 

 

 

16:06

فەرماندەی سوپای پاسداران: بە راستی ئەمڕۆ بە قەیرانێکی زۆر هەستیاردا تێدەپەڕین

 
بە راستی ئەمڕۆ بە قەیرانێکی زۆر هەستیاردا تێدەپەڕین. سەیرکەن کە چالاکییە ئاسمانی-بۆشاییەکانی براکانتان راناگیردرێن و ئارامی و ئاسایشیان لە زایۆنییەکان هەڵگرتووە. ئێمە بینیمان هەرچەندە زیاتر بۆمبباران بکرێین، یەکگرتوویی خەڵکمان زیاتر دەبێت. ئەمە بەخششێکی خوداییە. ئێستا خەڵک پەیوەندیی بە بنکەکانی هێزەکانی بەسیجەوە دەکەن و ئێمە خەریکین رێکیان دەخەین.

 

 

16:03

وەزیری بەرگریی ئەمریکا: بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانمان لەنێوبرد

 
وەزیری بەرگریی ئەمریکا دەڵێت، ماوەیەکی زۆر ئامادەکارییان بۆ هێرشەکەی سەر ئێران کردووە و "بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانمان لەنێوبردووە."
 
پێت هێگسەس، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا باسی لە چۆنیەتی هێرشکردنە سەر ئێران کرد و رایگەیاند، "زۆر بە وردی ئامانجەکانمان پێکاوە."
 
بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە، 22ـی حوزەیرانی 2025، ئەمریکا لە رێگەی فرۆکەی جەنگی پێشکەوتوو ناسراو بە فرۆکەی تارمایی بی 52 و بە بۆمبی حەشارشکێنی GBU-57، هێرشی کردە سەر ئێران و زیانی گەورەی پێگەیاندوون. 
 
وەزیری بەرگریی ئەمریکا لەبارەی هێرشەکەیانەوە رایگەیاند، "هێزە دەریاییەکانمان 25 مووشەکیان لە ئێران دان و 7 بۆمبهاوێژ هێرشەکەیان ئەنجامدا."
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دوای هێرشەکەیان رایگەیاند، بنکەی ستراتیژیی فۆردۆ "کۆتاییهات." 
 
پێت هێگسەس باسی بوێری سەرۆکی ئەمریکا دەکات و دەڵێت، "هیچ سەرۆکێک جورئەتی نەبوو ئاوا بەرامبەر ئێران بکات." 

 

 

15:16

وێنەی فۆردۆ دوای بۆردوومانی ئەمریکا

وێنەی فۆردۆ دوای بۆردوومانی ئەمریکا
 
لە مانگە دەستکردەکانەوە وێنەی بنکەی ئەتۆمیی فۆردۆ دەبینین دوای هێرشەکەی شەوی رابردووی ئەمریکا. بەپێی وێنەکان شوێنەواری بۆردوومانەکە دەبیندرێت.

 

14:56

جەنگەکە فراوان دەبێت؟

جەنگەکە فراوان دەبێت؟
 
سوپای پاسداران هەڕەشەی وەڵامدانەوەی تووند دەکات و دەڵێت، بنکەی زۆری ئەمریکییەکان لە ناوچەکەن و خاڵی لاوازی ئەو وڵاتەن. شرۆڤەیەک لە مێزی رووداو بۆ رووداوەکانی دوێنێ شەو و ئەو سیناریۆیانەی دەکرێت بێنەپێش.

 

14:01

ئیسرائیل؛ 9 هەزار کەس بەهۆی جەنگەوە ماڵەکانیان چۆڵکردوون

دوای هێرشی ئێران بۆ سەر شاری رامات ئەڤیڤ، کەسێک سەیری زیانی ماڵەکەی دەکات. وێنە: AFP
 
فیدراسیۆنی دەسەڵاتە خۆجێییەکانی ئیسرائیل دەڵێت، لە دەستپێکی ئۆپەراسیۆنی وڵاتەکە دژی ئێران، 9 هەزار کەس ماڵەکانیان چۆڵکردووە. 
 
بەگوێرەی ئەو فیدراسیۆنە، بەشێک لەوانە لە هۆتێلەکان جێگەیان بۆ دابین کراوە و ئەوانەی دیکە لای خێزان و هاوڕێکانیان دەمێننەوە. 
 
 
 

13:51

میدیای ئەمریکی: واشنتن پەیامی بە تاران داوە هێرشی دیکە ناکات و ئامانجی نییە حکومەتی ئێران بڕووخێنێت

بنکەی ئەتۆمیی فۆردۆ
 
دوای ئەوەی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا هێرشیان کردە سەر سێ بنکەی ئەتۆمیی سەرەکیی ئێران؛ میدیای ئەمریکی دەڵێت، واشنتن پەیامی بە تاران داوە کە هێرشی دیکە ناکاتە سەر ئێران و پلانی نییە حکومەتەکەی بڕووخێنێت.
 
سەرچاوەیەک بە کەناڵی CBS Newsی ئەمریکی راگەیاندووە، "ئەمریکا رۆژی شەممە، لە دەرچەی دیپلۆماسییەوە پەیوەندیی بە ئێرانەوە کردووە، بۆئەوەی پێی بڵێت هەموو پلانەکانی ئەمریکا تەنیا ئەم هێرشە ئاسمانییانە بوون و هەوڵدان بۆ گۆڕینی رژێم لە پلاندا نییە."
 
هەفتەی رابردوو ژمارەیەک بەرپرس بە میدیای ئەمریکییان گوتبوو، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پلانێکی ئیسرائیلی بۆ کوشتنی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران رەتکردووەتەوە.
 
بە گوتەی بەرپرسانی ئەمریکی، هێرشەکە کاژێر 02:30ی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە بەکاتی تاران، لە رێگەی فڕۆکەی بۆمبهاوێژی B-2 بۆ سەر بنکەی ئەتۆمیی فۆردۆ دەستیپێکرد.
 
فڕۆکەکان بۆمبی حەشارگەشکێنی GBU-57یان بەسەر بنکەی ئەتۆمیی فۆردۆ بەردایەوە، کە سەختترین ئامانجی ئەمریکا و ئیسرائیل بوو، لە قووڵایی 80 بۆ 90 مەتر لەژێر شاخەکانی شاری قوم.
 
هەروەها ژێردەریاییەکانی ئەمریکا لە سنوورە ئاوییەکانی کەنداوەوە، نزیکەی 30 مووشەکی تۆماهۆکیان لە بنکەکانی نەتەنەز و ئیسفەهان دا.
 
ترەمپ لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵدا رایگەیاند، "ئەمە ساتێکی مێژووییە بۆ ئەمریکا، ئیسرائیل و جیهان. پێویستە ئێستا ئێران رازیبێت بە کۆتاییهێنان بەم جەنگە. سوپاس."
 
دوای ئەوە ترەمپ قسەی بۆ گەلی ئەمریکا کرد و گوتی، "دامەزراوە سەرەکییەکانی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران بە تەواوی و یەکجاری لەنێوبران،" هەروەها هۆشداریی بە ئێران دا کە دەبێت لەگەڵ ئیسرائیل ئاشتی رابگەیێنێت.
 
گوتیشی، "یان ئاشتی دەبێت، یانیش بۆ ئێران دەبێتە تراژیدیایەک کە زۆر گەورەتر دەبێت لەو شتەی لە 8 رۆژی رابردوودا بینیویەتی. لەبیرتان بێت، هێشتا زۆر ئامانج ماون. ئەگەر ئاشتی خێرا بەرقەرار نەبێت، ئەوا بە وردی، خێرایی و لێهاتووییەوە بەدوای ئەو ئامانجانە دەکەوین."
 
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا رایگەیاند، بەگوێرەی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان، "ئێران هەموو بژارەیەکی لەبەردەستە بۆئەوەی بەرگری لە سەروەری، بەرژەوەندی و خەڵکەکەی بکات."
 
عێراقچی دەڵێت، ئەمریکا بەو هێرشە "پێشێلکارییەکی مەترسیداری لە دژی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد."
 
ئێران پێشتر بەڵێنی دابوو کە ئەگەر ئەمریکا بچێتە نێو جەنگەکەوە کە بە هێرشی ئیسرائیل بۆسەر ئێران لە 13ی حوزەیران دەستیپێکرد، ئەوا تۆڵە لە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەکەنەوە.
 
بەڵام ترەمپ لە پۆستێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەیدا هۆشداریی پێ دا و گوتی، "هەر تۆڵەکردنەوەیەک لەلایەن ئێرانەوە لە دژی ئەمریکا بکرێت، بە هێزێک وەڵامی دەدرێتەوە کە زۆر گەورەتر دەبێت لەو شتەی ئەمشەو بیندرا."
 
حەسەن ئابێدینی، جێگری بەڕێوەبەری تەلەڤیزیۆنی فەرمیی ئێران دەڵێت، پێش ئەوەی بنکە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان لەلایەن ئەمریکاوە بۆردوومان بکرێن، یۆرانیۆمەکەیان بۆ شوێنێکی دیکە گوێزرابووەوە.
 
بەرپرسەکە بە تەلەڤیزیۆنەکەی گوت، "یۆرانیۆمی پیتێندراو لەو سێ ناوەندە ئەتۆمییە گوێزراوەتە دەرەوە و هیچ مادەیەک لەوێ نەماوە کە لە ئەگەری بەئامانجکردنیدا ببێتە هۆی بڵاوبوونەوەی تیشکدانەوەی ئەتۆمی، یان زیان بە هاووڵاتییانمان بگەیێنێت."
 
هاوکات رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکی لە راپۆرتێکدا ئاماژە بەوە دەکات، دوو رۆژ پێش هێرشەکان، ئێران یۆرانیۆمی پیتێنراوی لە بنکەی ئەتۆمیی فۆردۆ بردووەتە دەرەوە.
 
راپۆرتەکە ژمارەیەک وێنەی دەخاتەڕوو کە لە لایەن مانگی دەستکردەوە گیراون و پێشانیدەدەن، "جموجوڵی نائاسایی ژمارەیەک بارهەڵگر" لە بنکەی ئەتۆمیی فۆردۆ هەبووە.
 
19ی حوزەیران، 16 بارهەڵگر لەسەر ئەو رێگەیە بینراون کە بەرەو توونێلی ژێرزەویی بنکە ئەتۆمییەکە دەڕۆن.
 
وێنەکان نیشانیدەدەن کە رۆژێک دوای ئەوە، بارهەڵگرەکان بنکە ئەتۆمییەکەیان جێهشتووە و بەرەو باکووری رۆژئاوا رۆیشتوون.
 
هەروەها ژمارەیەک بارهەڵگر و بلدۆزەری دیکە لە بەردەم دەرچەی توونێلەکە راگیرابوون.
 

13:35

عێراقچی: چۆن بگەڕێینەوە سەر مێزێک کە ئیسرائیل و ئەمریکا تێکیانداوە؟

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران
 
وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیامێکدا رایگەیاند، ئەمریکا و ئیسرائیل هەوڵەکانی دیپلۆماسییان لەباربردووە و پرسیار دەکات، ئێران چۆن دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ سەر مێزێکی گفتوگۆ کە 'تێکدراوە.'
 
رۆژی یەکشەممە 22-06-2025 عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لەبارەی هەوڵە دیپلۆماسییەکان لە ئێکس نووسی، "هەفتەی رابردوو، کاتێک ئێمە لەگەڵ ئەمریکا لە گفتوگۆدا بووین، ئیسرائیل بڕیاری دا هەوڵی دیپلۆماسی لەناوببات."
 
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەش داوە، لەم هەفتەیەدا هەوڵێکی دیکەی دیپلۆماسی لەلایەن ئەمریکاوە شکستی پێهێندراوە و دەڵێت، "ئەم هەفتەیە، کاتێک لەگەڵ گرووپی ترۆیکای ئەورووپا E3 و یەکێتیی ئەورووپا قسەمان دەکرد، ئەمریکا بڕیاری دا ئەو دیپلۆماسییەتە لەناو ببات. لەم دۆخە چ ئەنجامێک وەردەگیرێت؟"
 
عێراقچی رەخنە لە داواکارییەکانی ئەورووپا بۆ دانوستاندن دەگرێت و دەنووسێت، "لە روانگەی بەریتانیا و بەرپرسی باڵای سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپاوە، بابەتەکە ئەوەیە کە ئێران دەبێت بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ؛ بەڵام چۆن دەکرێت ئێران بگەڕێتەوە بۆ شتێک کە هەرگیز جێی نەهێشتووە، باسی ئەوەش ناکرێت کە تێکیشیان داوە؟"
 
پەیامەکەی عێراقچی لە کاتێکدایە، کە بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە 22ی حوزەیرانی 2025، ئەمریکا لە رێگەی فڕۆکەی جەنگیی  پێشکەتووی ناسراو بە فڕۆکەی B-2 و بە بۆمبی حەشارگەشکێنی GBU-57 لە بنکە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهانی دا؛ بەگوتەی ترەمپ زیانی گەورەی پێگەیاندوون.
 

12:53

جگە لە فڕۆکە شەبەحەکە، ئەمریکا مووشەکی تۆماهۆکیشی بەکارهێناوە بۆ هێرشەکەی سەر ئێران. بزانە تایبەتمەندییەکانی چین

 
چەند زانیارییەک لەسەر مووشەکەکە: 
 
مووشەکی تۆماهۆک (BGM‑109):
درێژی: 6.25م 
تیرە: 52سم
کێش: 1590کگم 
خێرایی: 880کم/کاژێر 
مەودا: 1600 بۆ 2500کم 
بە سیستمەکانی GPS, INS, TERCOM, DSMAC ئاراستە دەکرێت. 
رۆڵ: پێکانی ئامانجەکان بە وردی

 

 

12:30

گوتاری وەزیری دەرەوەی ئێران

 
ئێستا عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران قسە دەکات. ئەو دەڵێت، ئەوان لە گفتوگۆدا بوون کە ئەمریکا هێرشی کردووە. هێرشەکەش دژی یاسا نێودەوڵەتییەکانە. 
 
عێراقچی هەروەها دەڵێت، ئەمریکا بەرپرس دەبێت لە کاردانەوەکانی ئەو هێرشەی کردوویەتی. 
 
راستەوخۆ سەیری بکەن

 

 

12:22

پەیامێکی نوێ لە سوپای پاسدارانەوە لەسەر تۆڵەکردنەوەیان

پەیامێکی نوێ لە سوپای پاسدارانەوە لەسەر تۆڵەکردنەوەیان
 
سوپای پاسداران لە راگەیێندراوێکدا هێرشەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بە "تاوانێکی ئاشکرا و بێپێشینە" ناودەبات و رایدەگەیێنێت، ئەو هێرشە بێتوانایی ئەمریکا و ئیسرائیلی سەلماندەوە.
 
سوپای پاسداران جەخت دەکاتەوە، لە یەکەم ساتەکانەوە بۆیان روون بووە کە "پشتیوانی و هاوڕێیەتیی هەمەلایەنەی ئەمریکییەکان لە داڕشتن و جێبەجێکردنی ئەم دەستدرێژییەدا کاریگەر بووە." هەروەها دەڵێت، ئەم کارە "بۆ چەندینجار، بێتوانایی بەرەی دەستدرێژیکاری سەلماند... ئەوان نە دەستپێشخەرییان هەیە و نە توانای دەربازبوونیان لە وەڵامی قورس."
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، بەهۆی "چاودێریی وردی هەواڵگریی" هێزە چەکدارەکانەوە، شوێنی فڕینی فڕۆکە بەشداربووەکانی هێرشەکە "ناسراوەتەوە و لەژێر چاودێریدایە."
 
سوپای پاسداران هۆشداری دەدات کە "ژمارە، بڵاوبوونەوە و فراوانیی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، خاڵی بەهێز نین، بەڵکو لاوازی و ئامادەییان بۆ زیانپێگەیاندن دوو هێندە کردووە."
 
لەبارەی داهاتووی بەرنامە ئەتۆمییەکەیانەوە، سوپای پاسداران دەڵێت: "تەکنەلۆژیای خۆماڵی و ئاشتیخوازانەی ئەتۆمیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە هیچ هێرشێک لەناوناچێت، بەڵکو ئەم هێرشە ئیرادەی زانا گەنجەکانمان بۆ پێشکەوتن بەهێزتر دەکات."
 
هەروەها رایگەیاندووە، لە وەڵامی ئەم دەستدرێژییەدا "ئۆپەراسیۆنی بەڵێنی راستگۆیانە ٣، کە تاوەکو ئێستا زایۆنییەکان 20 شەپۆلیان ئەزموون کردووە، بەشێوەیەکی ورد، ئامانجدار و گورچکبڕ دژی ژێرخان و ناوەندە ستراتیژییەکانی رژێمی زایۆنی بەردەوام دەبێت."
 
سوپای پاسداران هۆشدارییەکی تووندتریش دەدات و دەڵێت، "دەستدرێژییەکەی ئەمڕۆی رژێمی تیرۆریستیی ئەمریکا، کۆماری ئیسلامیی ئێران ناچار دەکات لە چوارچێوەی مافی رەوای بەرگری لەخۆکردندا، پەنا بۆ بەکارهێنانی بژاردەگەلێک ببات کە لە دەرەوەی تێگەیشتن و حساباتی وەهمیی بەرەی دەستدرێژیکارە و دەبێت دەستدرێژکاران چاوەڕێی وەڵامی پەشیمانکەرەوە بن."

 

 

11:53

حووسییەکانی یەمەن دەڵێن، هێرش دەکەنە سەر کەشتییەکانی ئەمریکا لە دەریای سوور

 
حووسییەکانی یەمەن دەڵێن، پشتیوانی لەو بەڵێنە دەکەن کە رۆژی پێشوو دابوویان، ئەویش هێرشکردنە سەر کەشتییەکانی ئەمریکا بوو ئەگەر وڵاتەکە هێرش بکاتە سەر ئێران. 
 
حووسییەکان لە بەیاننامەیەکدا دوای ئەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان هێرشی کردە سەر ئێران، رایگەیاند، پابەندبوونی خۆیان بە راگەیەندراوەکەی هێزە چەکدارەکانەوە دووپات دەکەنەوە، بۆ کردنەئامانجکردنی کەشتی و کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا لە دەریای سوور.

11:50

عێراقچی: چۆن بگەڕێینەوە سەر مێزێک کە ئیسرائیل و ئەمریکا تێکیانداوە؟

عەباس عێراقچی
 
وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیامێکدا رایگەیاند، ئەمریکا و ئیسرائیل هەوڵەکانی دیپلۆماسییان لەباربردووە و پرسیار دەکات، ئێران چۆن دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ سەر مێزێکی گفتوگۆ کە 'تێکدراوە.'
 
رۆژی یەکشەممە 22-6-2025 عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لەبارەی هەوڵە دیپلۆماسییەکان لە ئێکس نووسی: "هەفتەی رابردوو، کاتێک ئێمە لەگەڵ ئەمریکا لە گفتوگۆدا بووین، ئیسرائیل بڕیاری دا دیپلۆماسی لەناو ببات."
 
وەزیری دەرەوەی ئیران ئاماژەی بەوە داوە لەم هەفتەیەدا هەوڵێکی دیکەی دیپلۆماسی لەلایەن ئەمریکاوە شکسپێهێنراوە و دەڵێت، "ئەم هەفتەیە، کاتێک لەگەڵ گرووپی ترۆیکای ئەوروپاE3 یەکێتیی ئەوروپا قسەمان دەکرد، ئەمریکا بڕیاری دا ئەو دیپلۆماسییەتە لەناو ببات. لەم دۆخە چ ئەنجامێک وەردەگیرێت؟"
 
عەباس عێراقچی رەخنە لە داواکارییەکانی ئەوروپا بۆ دانوستاندن دەگرێت و دەنووسێت: "لە روانگەی بەریتانیا و بەرپرسی باڵای سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپاوە، بابەتەکە ئەوەیە کە ئێران دەبێت بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ. بەڵام چۆن دەکرێت ئێران بگەڕێتەوە بۆ شتێک کە هەرگیز جێی نەهێشتووە، باسی ئەوەش ناکرێت کە تێکیشیان داوە؟"
 

 

11:12

درۆنێک لە سنووری شارباژێڕ کەوتە خوارەوە

 
درۆنێک لە گوندێکی سنووری قەزای شارباژێڕ لە پارێزگای سلێمانی کەوتە خوارەوە.
 
فەرهاد ساڵح، قایمقامی قەزای شارباژێڕ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "درۆنەکە ئەمڕۆ لە گۆڕستانی گوندی بێورێ کەوتووەتە خوارەوە".
 
درۆنەکە بووەتە چەند پارچە پارچە، بەڵام نەتەقیوەتەوە. قایمقامی شارباژێڕ گوتی، کەوتنە خوارەوەی درۆنەکە زیانی نەبووە.
 
لە جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیلدا کە 10 رۆژە بەردەوامە، چەندین درۆن و پاشماوەی مووشەک لە سنووری هەرێمی کوردستان کەوتوونەتە خوارەوە.
 
فەرهاد ساڵح دەڵێت: "نازانین درۆنی کوێیە و لە چی وڵاتێکەوە هاتووە".
 
دوێنێش دوو درۆنی دیکە لە سنووری سلێمانی و هەولێر کەوتنە خوارەوە، بەڵام زیانی گیانیان نەبوو.

 

11:03

ئیسحاق هێرزۆگ بۆ دۆناڵد ترەمپ: هێرشەکەت مێژوویی بوو

 
سەرۆکی ئیسرائیل بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا هێرشەکەی دۆناڵد ترەمپی بۆ سەر ئێران بە "مێژوویی" ناوبردووە.
 
ئیسحاق هێرزۆگ دەڵێت، قسەکانی ترەمپ "هاوپەیمانییەتیی قووڵ و ئازای" نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل نیشان دەدات.
 
هەروەها هۆشداری دەدات کە "هەڵمەتەکە کۆتایی نەهاتووە"، دەشڵێت، "رۆژانی داهاتوو رەنگە هەستیار، ئاڵۆز و پڕ لە ئاڵنگاری بن".
 
هێرزۆگ داوا لە ئیسرائیلییەکان دەکات بەردەوام بن لە پەیڕەوکردنی رێنوێنیی تیمە فریاگوزارییەکان.
 
 

11:02

ئاژانسی وزەی ئەتۆمیی ئێران بۆ گرۆسی: "کۆتایی بە بێ کردارییەکەت بێنە"

 
سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران لە نامەیەکدا بۆ بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، داوای لێپێچینەوە لە ئەمریکا دەکات و تۆمەتباری دەکات بە "بێکرداری و هاودەستی". لە وەڵامدا، رافائێل گرۆسی رایگەیاند، هەوڵ بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجوومەنی حاکمان دەدات.
 
محەممەد ئیسلامی، سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران، لە نامەیەکدا بۆ رافایێل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، داوای کردووە کە لێپێچینەوە لە کردەوە "پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکان"ی ئەمریکا بکرێت لە ئەنجامی هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران.
 
لە نامەکەدا ئیسلامی ناڕەزایەتیی خۆی بەرامبەر هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی نەتەنز، فۆردۆ و ئەسفەهان دەربڕیوە و رایگەیاندووە، "ئەمریکا وەک ئەندامێکی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایش، دەبوو پابەندی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بێت."
 
سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران، ئەم هێرشانەی بە "پێشێلکارییەکی زەقی یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەتی پەیماننامەی قەدەخەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی (NPT)" ناوبردووە کە نەک تەنیا هێرشکردن، بەڵکو هەڕەشەی هێرشکردنیش بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان قەدەغە دەکات.
 
لە نامەکەیدا ئیسلامی داوای لە گرۆسی کردووە "کۆتایی بە بێکردارییەکان بهێنێت و بەپێی ئەرکە بنەڕەتییەکانی، ئەم دەستدرێژیانە شەرمەزار بکات و رێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر."
 
هەروەها هۆشداریی داوەتە بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانس و دەڵێت، "کۆماری ئیسلامیی ئێران رێوشوێنی پێویست بۆ بەرگریکردن لە مافە سەروەرییەکانی خۆی دەگرێتەبەر و بەدواداچوونی یاسایی پێویست دەکات، بەتایبەتی لەبارەی بێکردارییەکەتەوە کە هاودەستە لەگەڵ ئەم تاوانە بێشەرمانەیە."
 
هاوکات رافایێل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم رایگەیاند: "بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی ئێران، بەدوای سازکردنی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجوومەنی حاکمانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمم بۆ سبەی."
 

 

10:28

بەریتانیا: داوا دەکەین ئێران بگەڕێتەوە بۆ گفتوگۆ

 
کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، ئەمریکا هەنگاوی ناوە بۆ "کەمکردنەوەی" "هەڕەشە گەورەکەی" بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران.
 
لە راگەیێندراوێکدا، ستامەر دەڵێت: "بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر ئاسایشی نێودەوڵەتی. هەرگیز نابێت رێگە بە ئێران بدرێت چەکی ئەتۆمی پەرە پێبدات و ئەمریکا هەنگاوی ناوە بۆ کەمکردنەوەی ئەو هەڕەشەیە."
 
هەروەها نووسیویەتی، "دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ناسەقامگیر دەمێنێتەوە و سەقامگیری لە ناوچەکەدا لە پێشینەیە. داوا لە ئێران دەکەین بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ و بگاتە چارەسەرێکی دیپلۆماسی بۆ کۆتاییهێنان بەم قەیرانە."
 

 

10:24

دەزگای سەلامەتی ئەتۆمیی ئێران: نیگەران مەبن و لە دەوروبەری بنکەکان ئاسایی بژین

 
دەزگای سەلامەتیی ئەتۆمیی ئێران رایگەیاند، خەڵک نیگەران مەبن و لە دەوروبەری بنکە ئەتۆمییەکان بەشێوەیەکی ئاسایی بژین.
 
بەگوێرەی میدیای فەرمیی ئێران، ئەمڕۆ یەکشەممە دەزگاکە رایگەیاندووە: "خەڵک بەبێ نیگەرانی لە دەوروبەری دامەزراوە ئەتۆمییەکان درێژە بە ژیانیان بدەن؛ رێکارمان گرتووەتەبەر بە جۆرێک کە تەنانەت بەهۆی ئەم هێرشە دوژمنکارانەیەشەوە هیچ رووداوێکی تیشکدانەوە یان دزەکردنی تیشکی ئەتۆمی لە دەرەوەی بنکەکان رووینەداوە".
 

 

10:24

وردەکاریی هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئێران

فڕۆکەی B2- Bomber
 
ئەمریکا بە 6 فڕۆکەی تارمایی B-2 هێرشی کردە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان. ئەمەی خوارەوە وردەکارییە سەربازییەکانی هێرشەکەیە وەک بەرپرسانی ئەمریکی بۆ میدیاکەیان باسیان کردووە.
 
سەرەتا فڕۆکەکان لە بنکەی ئاسمانیی وایتمەن لە ویلایەتی میزوریی ئەمریکاوە بەرەو ئێران بەڕێکەوتن. 
 
لە هیچ شوێنێک نەوەستان و راستەوخۆ گەیشتنە ئاسمانی ئێران. 
 
لە ئاسمانەوە لە رێگەی فڕۆکەی دیکەوە، سووتەمەنییان بۆ پڕکراوەتەوە.
 
12 بۆمبی حەشارشكێنی GBU‑57یان بەسەر بنکەی ئەتۆمیی فۆردۆدا باراندن و دووی دیکەیان لە بنکەی نەتەنز دا. 
 
نزیکەی 30 مووشەکی کرووز لە جۆری تۆماهۆک (BGM‑109) لە ژێردەریاییەکانی ئەمریکاوە لە بنکە ئەتۆمییەکانی نەتەنز و ئیسفەهان دران. 
 
ئەمە یەکەمین جار بوو بۆمبی حەشارشکێنی GBU‑57 لە شەڕدا بەکاربهێنرێت. 
 

10:09

سوپای ئیسرائیل دەڵێت، رەنگە مووشەکێکی سیستمی بەرگریی لە حەیفا کەوتبێتە خوارەوە

هێرشێکی ئێران بۆ سەر باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لە شاری رامات ئەڤیڤ. وێنە: AFP
 
سوپای ئیسرائیل گومان دەکات مووشەکێکی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەی لەکارکەوتبێت و لە کاتی هێرشی مووشەکە بالیستییەکانی ئێراندا لە حەیفا کەوتبێتە خوارەوە، ئەمەش هۆکاری لێنەدرانی زەنگی ئاگادارکردنەوە دەزانێت.
 
بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی سەرەتایی سوپای ئیسرائیل، لە کاتی هێرشەکەدا، مووشەکێکی بەرگریی ئاسمانی بە ئەگەرێکی زۆرەوە بە هەڵە تەقێنراوە و لە حەیفا کەوتووەتە خوارەوە.

 

 

10:07

ئەو جەنەراڵە ئەمریکییە کێیە سەرپەرشتیی هێرشەکەی سەر ئێرانی کرد؟

ئەو جەنەراڵە ئەمریکییە کێیە سەرپەرشتیی هێرشەکەی سەر ئێرانی کرد؟
ئەو جەنەراڵە ئەمریکییە کێیە سەرپەرشتیی هێرشەکەی سەر ئێرانی کرد؟
 
ژەنەراڵ جۆن دی. کەین بیست و دووەمین سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی هێزە چەکدارەکانی ئەمریکایە، کە باڵاترین پلەی سەربازییە لە وڵاتەکەدا. هەروەها راوێژکاری سەرەکیی سەربازیی سەرۆک، وەزیری بەرگری و ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانییە. ئەو سەرپەرشتیی هێرشی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییکانی ئێران کرد و ترەمپ سوپاسی کرد.
 
پێش ئەوەی لە 11ی نیسانی 2025 ئەم پۆستە وەربگرێت، جەنەراڵ کەین بەڕێوەبەری یاریدەدەر بووە بۆ کاروباری سەربازی لە دەزگای هەواڵگریی ناوەندی (CIA).
ژەنەراڵ کەین لە چەندین پۆستی جیاوازی ئۆپەراسیۆنی، ئەرکانی و هاوبەشدا خزمەتی کردووە، بە شێوەیەکی سەرەکی وەک فڕۆکەوانێکی جەنگیی F-16، ئەفسەری چەک، ئەندامی ستافی کۆشکی سپی، و ئەفسەری ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکان.
 
لە ساڵی 1990 لەڕێگەی پرۆگرامی ROTC لە پەیمانگای سەربازیی ڤێرجینیا (Virginia Military Institute) پلەی ئەفسەری پێدراوە. خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە بواری شەڕی ئاسمانی (Air Warfare) لە زانکۆی سەربازیی ئەمریکی. هەروەها چەندین خولی تایبەت بە ئاسایشی نیشتمانی و سەرکردایەتی لە دامەزراوەی باڵاکانی وەک قوتابخانەی کێنەدی لە زانکۆی هارڤارد و قوتابخانەی ماکسوێڵ لە زانکۆی سیراکیوز تەواو کردووە.
 
وەک فڕۆکەوانێکی فەرماندە، زیاتر لە 2800 کاژێر فڕینی لە فڕۆکەی F-16دا تۆمار کردووە، کە زیاتر لە 150 کاژێری لە ئۆپەراسیۆنی شەڕکردندا بووە. لە نێوان ساڵانی 2009-2016، ئەندامی نیمچە-کاتیی پاسەوانی نیشتمانی و لە هەمان کاتدا کارساز و وەبەرهێنەر بووە.
 

09:44

ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی: هیچ ئاماژەیەک بۆ زیادبوونی تیشکدانەوە نییە دوای هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران

رووداو
 
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی رایگەیاند، هیچ ئاماژەیەک نییە لە دوای هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمڕۆی ئەمریکا بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، ئاستی تیشکدانەوەی ئەتۆمی زیاد بووبێت. 
 
ئاژانسەکەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە راگەیێنراوێکدا دەڵێت: "دوای هێرشەکانی سەر سێ دامەزراوەی ئەتۆمیی ئێران، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی پشتڕاستی دەکاتەوە کە تاوەکو ئێستا هیچ ئاماژەیەک نییە لە دەرەوەی ئەو دامەزراوانە ئاستی تیشکدانەوەی ئەتۆمی زیاد بووبێت."

09:34

چەند زانیارییەک لەسەر فڕۆکەی B2

زانیاری لەسەر B2
زانیاری لەسەر B2
فڕۆکە شەبەحەکەی ئەمریکا کە هەمووان ترسیان لێی هەبوو، گورزی وەشاند. بزانە چۆن خۆی لە رادار دزییەوە و گەیشتە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران
 

09:28

پەیامێک لە حکومەتی عێراقەوە لەسەر هێرشەکان

 
حکومەتی عێراق لە راگەیێندراوێکدا نیگەرانیی قووڵی خۆی دەربڕی و هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی نێو خاکی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی سەرکۆنە کرد و رایگەیاند، ئەو پەرەسەندنە سەربازییە "هەڕەشەیەکی مەترسیدارە بۆ سەر ئاسایش و ئاشتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست."
 
لە راگەیێندراوەکەدا، کە ئەمڕۆ یەکشەممە 22ی حوزەیرانی 2025 باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق بڵاویکردووەتەوە، هاتووە: "عێراق بەتەواوی بەکارهێنانی هێز لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان رەتدەکاتەوە و داوای رێزگرتن لە سەروەریی وڵاتان و هێرشنەکردنە سەر دامەزراوە گرنگەکانی دەکات، بەتایبەتی ئەوانەی لەژێر چاودێریی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمدان و بۆ مەبەستی ئاشتییانە بەکاردەهێندرێن."
 
حکومەتی عێراق جەختی لەوە کردووەتەوە "چارەسەری سەربازی ناتوانێت جێگرەوەی دیالۆگ و دیپلۆماسی بێت" هەروەها پێیوایە، "بەردەوامبوونی ئەم هێرشانە دەبێتە هۆی پەرەسەندنێکی مەترسیدار کە دەرەنجامەکانی سنووری هەموو وڵاتێک تێدەپەڕێنێت و کاریگەری لەسەر سەقامگیریی ناوچەکە و جیهان دەبێت."
 
گوتەبێژی حکومەتی عێراق دەڵێت، "جەنگەکان جگە لە وێرانکاری شتێکی دیکە بەجێناهێڵن و پێویستە بەرپرسیارێتیی هێزە گەورەکان و رێکخراوە نەتەوەییەکان لەسەر دوورخستنەوەی جیهان بێت لە قەیرانی زیاتر، نەک هەڵگیرساندنی."
 
حکومەتی عێراقدا داوای هێورکردنەوەی دەستبەجێ و کردنەوەی کەناڵی دیپلۆماسیی بەپەلە دەکات بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە و کارکردن بۆ دامرکاندنەوەی قەیرانەکە، بە شێوەیەک کە ئاسایشی هاوبەش بپارێزرێت و رێز لە یاسای نێودەوڵەتی و گەڵاڵەنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بگیرێت."
 
 

09:21

سێ سیناریۆ لەبەردەم ئێران بۆ وەڵامدانەوەی ئەمریکا

.
 
دوای هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی کە بە گوتەی ترەمپ خاپوور بوون، ئێران ئێستا دەبێت لەنێوان سێ سیناریۆی سەرەکیدا یەکێکیان هەڵبژێرێت وەک وەڵامێک بۆ هێرشەکەی ئەمشەوی ئەمریکا.
 
هیچ نەکات
 
ئەم سیناریۆیە رەنگە بیپارێزێت لە هێرشی زیاتری ئەمریکا. تەنانەت دەتوانێت رێگەی دیپلۆماسی هەڵبژێرێت و سەرلەنوێ بچێتەوە نێو دانوستاندنەکان لەگەڵ ئەمریکا. بەڵام هیچ نەکردن وادەکات ئێران لاواز دەربخات، بەتایبەتی دوای هەموو هۆشدارییەکانی سەبارەت بە لێکەوتەی مەترسیدار ئەگەر ئەمریکا هێرشی بکاتە سەر. 
 
تۆڵەسەندنەوەی تووند و خێرا
 
ئێران هێشتا کۆگایەکی بەرچاوی مووشەکی بالیستی هەیە دوای دروستکردن و شاردنەوەیان بۆ چەندین ساڵ. لیستێکی ئامانجی هەیە کە نزیکەی 20 بنکەی ئەمریکی لە خۆدەگرێت لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست تاوەکو لێیان هەڵبژێرێت. بەشێک لەو بنکە و ئامانجانە لە عێراقن. هەروەها دەتوانێت 'هێرشی بەکۆمەڵ' بکاتە سەر کەشتییە جەنگییەکانی هێزی دەریایی ئەمریکا بە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و بەلەمی خێرای تۆرپیدۆیی.
 
تۆڵەسەندنەوە لەو کاتەی خۆی هەڵیدەبژێرێت
 
ئەم سیناریۆیەیان مانای وایە چاوەڕێ بکات تاوەکو گرژییەکانی ئێستا کەم دەبنەوە و هێرشێکی لەناکاو ئەنجام بدات کاتێک بنکەکانی ئەمریکا چیدیکە لەوپەڕی ئامادەباشیدا نین.
 
 

09:18

بەرپرسێکی ئەمریکا دەڵێت، کارمەندی زیاتر باڵیۆزخانەی بەغدایان جێهێشتووە

دوای ئەوەی واشنتن هێرشی کردە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، بەرپرسێکی ئەمریکی دەڵێت، کارمەند و بەرپرسانی زیاتر باڵیۆزخانەی وڵاتەکەیان لە بەغدا بەجێهێشتووە. 
 
بەرپرسە ئەمریکییەکە قسەی بۆ ئاژانسی فرانس پرێس کردووە و دەڵێت: "وەک بەشێک لە هەوڵە بەردەوامەکانمان بۆ رێکخستنەوەی کارەکان، کارمەندی زیاتر لە رۆژانی 21 و 22ـی حوزەیران عێراقیان بەجێهێشت."
 
پرۆسەی گواستنەوەی کارمەند و بەرپرسانی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، لەدوای هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد. 

 

 

09:13

ئیسرائیل دەستی بە شەپۆلێکی نوێی هێرش بۆ سەر رۆژئاوای ئێران کرد

 
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، هێزی ئاسمانیی وڵاتەکەی هەر ئێستا دەستی بە شەپۆلێکی نوێی هێرش کردووە دژی "ئامانجە سەربازییەکان" لە رۆژئاوای ئێران.
 
ئەمە دوای ئەوە دێت کە هێزەکانی ئیسرائیل لە کاژێری رابردوودا هۆشدارییەکی بڵاوکردەوە کە تێیدا ئاماژەی بەوە کردبوو مووشەک لە ئێرانەوە بەرەو خاکی ئیسرائیل هەڵدەدرێن.
 
هێزەکانی سوپای ئیسرائیل دەڵێن، هێرشیان کردووەتە سەر مووشەکهاوێژەکانیش لە خاکی ئێراندا.
 
پێش ئەو راگەیێندراوە، ئێران گەڕێکی دیکەی مووشەکەکانی بەرەو ئیسرائیل هەڵدا و لە تەل ئەڤیڤ و حەیفا کاریگەریی زۆریان هەبوو. 

 

 

09:13

ژمارەی برینداربووانی ئیسرائیل بۆ 16 کەس بەرزبووەوە

مووشەکێکی ئێران لە باڵەخانەیەکی تەل ئەڤیڤی داوە و تیمە فریاگوزارییەکان لە شوێنی رووداوەکەن.
دەزگای فریاگوزاری ئیسرائیل دەڵێت، ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی هێرشەکەی بەیانیی ئەمڕۆی ئێران بریندار بوون، بۆ 16 کەس بەرزبووەوە. 
 
دەزگاکە دەڵێت، کەسێک بەهۆی پاشماوەی مووشەکەوە برینەکەی سەختە و 15ـی دیکەش بە سووکی بریندار بوون.

08:38

سوپای ئێران دەڵێت، فڕۆکەخانەی بن گۆریۆنیان کردووەتە ئامانج

رووداو
 
سوپای ئێران دەڵێت، لە هێرشەکەیان بۆ سەر ئیسرائیل، فڕۆکەخانەی بن گۆریۆن-یان لە تەل ئەڤیڤ و چەند پێگەیەکی دیکە کردووەتە ئامانج. 

 

 

08:15

تیمە فریاگوزارییەکانی ئیسرائیل: 11 کەس بەهۆی هێرشەکەی ئێران بریندار بوون

 
نزیکەی کاژێرێک لەمەوبەر، ئێران بە دەیان مووشەک هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و باڵەخانەیەکی لەنێوەڕاستی تەل ئەڤیڤ کردە ئامانج. 
 
تیمە فریاگوزارییەکانی ئیسرائیل دەڵێن، 11 کەس لە ئەنجامی هێرشەکە بریندار بوون. 

 

 

08:00

ئێران بە دەیان مووشەک هێرشی کردە سەر ئیسرائیل

رووداو
 
بەیانیی ئەمڕۆ ئێران بە دەیان مووشەک هێرشی کردە سەر شارەکانی حەیفا و تەل ئەڤیڤ لە ئیسرائیل.
 
ئێران دەڵێت، ئەم بەیانییە بە 30 مووشەک هێرشیان کردووە، وەکو لە دیمەنەکان دا دەردەکەوێت، دووکەڵ لە چەند باڵەخانە و گەڕەکێکی ئەو شارانە بەرز دەبێتەوە. 
 

07:47

سوپای پاسداران: لە مازەندەران سیخوڕێکی راهێنراوی مۆساد دەستگیر کرا

 
 
پەیمان محەممەد 
 
فیرقەی ''کەربەلا''ـی سوپای پاسداران رایگەیاند، لە مازەندەرانی ئێران ''سیخوڕ''ـێکی مۆسادیان دەستگیرکردووە. دەشڵێت، ''لە دەرەوەی وڵات راهێنانی سەربازی پێکراوە.''
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 22-06-2025، فیرقەی ''کەربەلا''ـی سوپای پاسداران لە مازەندەران، دەستگیرکردنی ''سیخوڕێکی مۆساد''ـی پشتڕاستکردەوە و لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، ''سیخوڕەکە خولی پسپۆڕی و راهێنانی سەربازی لە دەرەوەی وڵات بینیوە.''
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لەکاتی دەستگیرکردنی تۆمەتبار، لە حەشارگەکەیدا دەست بەسەر ژمارەیەک کەلوپەلی تەکنیکی، ئامێری سیخوڕی و پەیوەندیدا گیراوە.
 
دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارە لەکاتێکدایە کە جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل لە دەیەم رۆژی خۆیدایە و بەردەوامن لە هێرشکردنە سەریەکدی. هەروەها بەرەبەیانیی ئەمڕۆش سێ بنکەی ئەتۆمیی ئێران لەلایەن ئەمریکاوە بۆردوومان کران.
 
 
 
 

07:15

ئێران: هەموو بژاردەیەکمان لەبەردەستە بۆ بەگریکردن لە خۆمان

 
 
سیروان عەباس
 
وەزیری دەرەوەی ئێران هێرشی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی وڵاتەکەی سەرکۆنە کرد و رایگەیاند ئەم کارە "پێشێلکارییەکی مەترسیداری یاسا نێودەوڵەتییەکانە و لێکەوتەی هەمیشەیی دەبێت."
 
عەباس عێراقچی جەختی کردەوە کە "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، وەک ئەندامێکی هەمیشەیی لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییە ئاشتیخوازەکانی ئێران، پێشێلکارییەکی مەترسیداری پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان، یاسای نێودەوڵەتی و پەیماننامەی بڵاونەکردنەوەی چەکی ئەتۆمیی ئەنجامداوە."
 
عێراقچی هێرشەکەی بە "رەفتارێکی یەکجار مەترسیدار، یاساشکێن و تاوانکاری وەسف کرد و گوتیشی: "رووداوەکانی ئەم بەیانییە جێگەی تووڕەیی و شەرمەزارییەکی گەورەن و لێکەوتەی هەمیشەیییان دەبێت. پێویستە هەر یەکێک و هەموو ئەندامێکی نەتەوە یەکگرتووەکان هەست بە مەترسیی ئەم رەفتارە بکەن."
 
عێراقچی ئاماژەی بە مافی وەڵامدانەوەی وڵاتەکەی کرد و رایگەیاند: "بەپێی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەو بڕگانەی کە رێگە بە وەڵامدانەوەیەکی رەوا دەدەن لە چوارچێوەی بەرگری لە خۆکردندا، ئێران مافی هەموو بژاردەکان بۆ خۆی دەپارێزێت بۆ بەرگریکردن لە سەروەری، بەرژەوەندی و گەلەکەی."
 
کاژێر دەوروبەری 02:50 خولەکی بەرەبەیان دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، بە فڕۆکەی جەنگی و مووشەکەوە هێرشیان کردووەتە سەر بنکەی ئەتۆمیی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهانی ئێران.
 
دوای هێرشەکان، ترەمپ رایگەیاند، فۆردۆ کۆتاییهاتووە.

 

 

07:01

رێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران: لە بنکە ئەتۆمییەکاندا هیچ نیشانەیەک لە تیشکدانەوە نەدۆزراوەتەوە

بنکەی ئەتۆمیی فۆردۆ پێش بۆردوومانکردنی. وێنە: AFP

پەیمان محەممەد 
 
رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران لەبارەی هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر سێ بنکەی ئەتۆمیی وڵاتەکە دەڵێت، هیچ نیشانەیەک لە تیشکدانەوە لە دامەزراوەکەدا نەدۆزراوەتەوە. ئاماژە بەوەش دەکات، ''مەترسی لەسەر دانیشتووانی نزیک لە بنکەکان نییە.''
 
بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە 22-06-2025، ناوەندی هەڵسەنگاندنی تەندروستیی ئەتۆمی کە ناوەندێکی سەر بە رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێرانە، دوای هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر سێ بنکەی ئەتۆمیی نەتەنز، فۆردۆ و ئیسفەهان، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، ''دەستبەجێ پشکنینی پێویست لەبارەی ئەگەری تیشکدانەوە لە نزیک بنکە ئەتۆمییەکان کرا''.
 
ناوەندی هەڵسەنگاندنی تەندروستیی ئەتۆمیی ئێران ئاماژەی بەوەش کردووە، ''بە لەبەرچاوگرتنی ئەو زانیارییانەی کە لەلایەن ئامێرەکانی دۆزەرەوەی مادە تیشکدەرەکانەوە تۆمارکراون، هیچ نیشانەیەک لە تیشکدانەوە تۆمار نەکراوە''.
 
ناوەندەکە جەختی لەوە کردووەتەوە، ''هیچ جۆرە مەترسییەک هەڕەشە لە دانیشتووانی دەوروبەری ئەو بنکە ئەتۆمییانە ناکات کە کراونەتە ئامانج.''
 
پێشتر دۆناڵد ترەمپ لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ رایگەیاند: "ئێمە هێرشە زۆر سەرکەوتووەکەمان بۆ سەر سێ بنکە ئەتۆمییەکەی ئێران تەواو کرد... بارێکی تەواو لە بۆمب خرایە خوارەوە بۆ سەر بنکە سەرەکییەکە، فۆردۆ."
 
سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستەکەیدا ئاماژەی بەوەش کرد کە "هەموو فڕۆکەکان بە سەلامەتی لە رێگای گەڕانەوەدان بۆ نیشتمان" و وتیشی: "هیچ سوپایەکی دیکە لە جیهاندا نییە کە بتوانێت ئەمە بکات. ئێستا کاتی ئاشتییە''.
 
هاوکات سوپای پاسداران لە وەڵامدا پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، ''ئێستا جەنگ بۆ ئێمە دەستیپێکرد.''

06:40

پەیامی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر بۆردوومانکردنی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران

ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان.
 
ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانیی تووندی خۆی دەردەبڕێت "لە بەکارهێنانی هێز لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە دژی ئێران. ئەمە هەڵکشانێکی مەترسیدارە لە ناوچەیەکدا کە خۆی لەسەر لێوارە و هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی." 
 
گوتێرێز دەڵێت، "مەترسییەکی روو لە زیادبوون هەیە کە وادەکات ئەم ململانێیە بەخێرایی لە کۆنترۆڵ دەربچێت، و دەرئەنجامی کارەساتباری بۆ هاوڵاتیانی سڤیل، ناوچەکە و جیهان دەبێت."
 
سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە وڵاتانی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات، گرژییەکان کەم بکەنەوە و پابەندی ئەرکەکانیان بن بەپێی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و یاسا نێودەوڵەتییەکانی دیکە. 
 
دەشڵێت: لەم ساتە پڕمەترسییەدا، زۆر گرنگە خۆمان لە ئاژاوە بەدوور بگرین. هیچ چارەسەرێکی سەربازی نییە. تاکە رێگەی بەرەو پێشەوە دیپلۆماسییە. تاکە هیوا ئاشتییە.
 

 

 

06:36

پەیامنێری رووداو لە بەغدا: هێزێکی زۆر لە دەوروبەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا بڵاوەی پێکراوە

رووداو
 
پەیمان محەممەد 
 
لەدوای هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، چاوەڕوان دەکرێت هێرش بکرێتەوە سەر بەرژەوەندییەکانی واشنتن لە ناوچەکە. پەیامنێری رووداو لە بەغدا دەڵێت، ''لە بەردەم باڵیۆزخانەی ئەمریکا هێزێکی زیاتر لە جاران بڵاوەی پێکراوە.''
 
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، 22-06-2025، ئەمریکا بنکە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهانی بۆردوومان کرد. چاوەڕوان دەکرێت ئێران کاردانەوەی هەبێت و ئەوەش زیاتر پەرە بە جەنگی نێوان تاران و تەلئەڤیڤ، هەروەها ئاڵۆزیی ناوچەکە بدات.
 
پێشتر بەرپرسانی ئێرانی هەڕەشەیان کردبوو، لە ئەگەری بەشداریکردنی ئەمریکا لە جەنگی نێوان وڵاتەکە و ئیسرائیل، هیڕش دەکەنە سەر بەرژەوەندییەکانی واشنتن لە ناوچەکە.
 
زیاد ئیسماعیل، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە بەغدا ئاماژەی بەوە کرد، ''تاوەکو ئێستا دۆخی شارەکە ئاساییە. تەنیا ئەوە هەیە کە لە بەردەم باڵیۆزخانەی ئەمریکا، هێزێکی زیاتر بڵاوەی پێکراوە.''
 
بەگوتەی پەیامنێری رووداو، لەگەڵ دەستپێکردنی جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران لە 13ـی حوزەیرانەوە، ژمارەی هێزە ئەمنییەکان لە ناوچەی سەوز و بە دیاریکراوی لە دەوروبەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا زیادکراوە.
 
 
 

05:51

پەرلەمانتارێکی ئێران لەبارەی هێرشکردنە سەر بنکەی ئەتۆمیی فۆردۆ: مەترسیی تیشکدانەوە نییە

رووداو
 
پەیمان محەممەد 
 
ئەندامێکی پەرلەمانی ئێران لە پشکی پارێزگای قوم لەبارەی هیڕشەکەی ئەمریکا بۆ سەر بنکەی ئەتۆمیی فۆردۆ دەڵێت، ''پشکنینی سەرەتایی کراوە و هیچ مەترسییەکی تیشکدانەوە نییە.''
 
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، 22-06-2025، مەنان رەئیسی، ئەندامی پەرلەمانی ئێران لە پشکی پارێزگای قوم لەدوای بۆردوومانکرانی سێ بنکەی ئەتۆمیی نەتەنز، ئیسفەهان و فۆردۆ لەلایەن ئەمریکاوە رایگەیاند، ''پشکنینی سەرەتایی ئەنجامدراوە و هیچ تیشکدانەوەیەک نەدۆزراوەتەوە.''
 
مەنان رەئیسی دڵناییی دەداتە دانیشتووانی قوم لە ئەنجامی هێرشەکەدا بۆسەر بنکەی ئەتۆمیی فۆردۆ، هیچ مەترسییەکی تەندروستییان لەسەر نییە.
 
پێشتر دۆناڵد ترەمپ لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ رایگەیاند: "ئێمە هێرشە زۆر سەرکەوتووەکەمان بۆ سەر سێ بنکە ئەتۆمییەکەی ئێران تەواو کرد... بارێکی تەواو لە بۆمب خرایە خوارەوە بۆ سەر بنکە سەرەکییەکە، فۆردۆ."
 
سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستەکەیدا ئاماژەی بەوەش کرد کە "هەموو فڕۆکەکان بە سەلامەتی لە رێگای گەڕانەوەدان بۆ نیشتمان" و گوتیشی: "هیچ سوپایەکی دیکە لە جیهاندا نییە کە بتوانێت ئەمە بکات. ئێستا کاتی ئاشتییە''.
 
هاوکات سوپای پاسداران لە وەڵامدا پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، ''ئێستا جەنگ بۆ ئێمە دەستیپێکرد.''
 
 

05:42

کاردانەوەی نوێنەریكی خامنەیی لەدوای هێرشەکەی ئەمریکا: ئێستا نۆرەی ئێمەیە

رووداو

نوێنەرێکی رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کاردانەوەی هێرشی ئەمریکا پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "ئێستا نۆرەی ئێمەیە ئەمریکا لە بەحرەین بکەینە ئامانج.''
 
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە 22-06-2025، حوسێن شەریعەتمەداری، نوێنەری رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران و بەڕێوەبەری رۆژنامەی کەیھان، رایگەیاند، "ئێستا نۆرەی ئێمەیە بەبێ بەفیڕۆدانی کات و وەک یەکەم هەنگاو، کەشتییەکانی دەریایی ئەمریکا لە بەحرەین مووشەکباران بکەین.''
 
حوسێن شەریعەتمەداری ئاماژەی بەوەش کردووە، ''پێویستە گەرووی هورمز بەڕووی کەشتییەکانی ئەمریکی، بەریتانی، ئەڵمانی و فەرەنسیدا دابخەین.''
 
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، ئایەتێکی قورئانی پیرۆزی نووسیوە: (وَاقْتُلُوهُمْ حَيثُ ثَقِفْتُمُوهُمْ)؛ واتا لە هەر شوێنێک توانیتان بیانکوژن."

 

05:40

ترەمپ هەڕەشەی زیاتر لە ئێران دەکات

 دۆناڵد ترەمپ لە پەیامێکی نوێ دا هەڕەشەی زیاتر لە ئێران دەکات: هەر تۆڵەسەندنەوەیەک لەلایەن ئێرانەوە بەرامبەر بە ئەمریکا بە هێزێکی گەورەتر لەوەی ئەمشەو بینییان وەڵامدەدرێتەوە.

 

 

05:26

پەیامی نوێنەری خامنەیی لەدوای هێرشی ئەمریکا

رووداو
 
حوسێن شەریعەتمەداری، نوێنەری رێبەری کۆماری ئیسلامی و بەڕێوەبەری رۆژنامەی کەیھان، لە کاردانەوەی بۆ هێرشی ئەمریکا نووسی: "دوای هێرشی ئەمریکا بۆ سەر بنکەی فۆردۆ، ئێستا نۆرەی ئێمەیە کە بەبێ بەفیڕۆدانی کات  ئەمریکا لە بەحرەین بکەینە ئامانج.

05:19

لێدوانی رێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران دوای هێرشەکانی ئەمریکا

رووداو

رێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران دەڵێت، هێرشی ئەمریکا بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە، "پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکانەوە و لەژێر سێبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم کراوە''. دەشڵێت، لە پیتاندنی یۆرانیۆم بەردەوام دەبین".
 
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ رێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران لەدوای بۆردوومانکردنی سێ بنکەی ئەتۆمیی نەتەنز، ئیسفەهان و فۆردۆ، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە. رێکخراوەکە وەکو کاردانەوە رایگەیاندووە، ''بنکە ئەتۆمییەکان لە رێگەی کردەوەیەکی دڕندانە و پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەتی بڕیارنامەی قەدەخەکردنی پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی (ئێن پی تی) کراونەتە نە ئامانج''.
 
لە راگەیێندراوەکەدا رەخنە لە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دەگیرێت ''بەداخەوە ئەم کردەوە پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکانە و لە سێبەری خەمساردی و بگرە هاوکاریی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمدا کراوە.''

 

05:10

دۆناڵد ترەمپ: دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران سڕانەوە

دۆناڵد ترەمپ: دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران سڕانەوە
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، سوپای ئەمریکا هێرشی کردە سەر دامەزاراوە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهانی ئێران. گوتیشی کە ئەو بنکە ئەتۆمییانە "سڕاونەتەوە."
 
دەقی گوتاری دۆناڵد ترەمپ: 
 
زۆر سوپاس، کەمێک لەمەوبەر سوپای ئەمریکا چەند بۆردوومانێکی ورد و ئامانجداریان کردە سەر سێ دامەزراوەی ئەتۆمیی گرنگی رژێمی ئێران؛ فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان. هەموولایەک بۆ ماوەی چەندین ساڵ گوێیان لەو ناوانە بووە، کاتێک ئەو دامەزراوە تێکدەرە خراپانەیان بنیاد دەنا. ئامانجی ئێمە بریتیی بوو لە لەنێوبردنی تواناکانی پیتاندنی ئێران، هەروەها راگرتنی ئەو هەڕەشە ئەتۆمییەی کە لەلایەن سپۆنسەری یەکەمی تیرۆری جیهانەوە هەبوو. ئەمشەو دەتوانم بە هەموو جیهانی بڵێم، بۆردوومانەکان ناوازە بوون و لەڕووی سەربازییەوە سەرکەوتووبوون. دامەزراوە گرنگەکانی پیتاندنی ئەتۆمی ئێران بەتەواوی و لە بنەوە سڕانەوە. ئێران، هەراسانکاری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەبێت ئێستا ئاشتی رابگەیێنێت، ئەگەر وانەکەن هێرشەکانی داهاتوو زۆر گەورەتر و زۆر ئاسانتر دەبن. بۆ ماوەی 40 ساڵ، ئێران دەڵێت، مەرگ بۆ ئەمریکا و مەرگ بۆ ئیسرائیل. ئەوان خەڵکی ئێمەیان کوشتووە، بە بۆمبی چێنراو دەست و قاچی خەڵکی ئێمەیان پەڕاندووە. ئەوە پسپۆڕیی ئەوان بووە، ئێمە نزیکەی هەزار کەسمان لەدەستداوە، هەروەها سەدان هەزار کەس لە سەرانسەری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و هەموو جیهان بەهۆی ئەنجامی راستەوخۆی رقی ئەوانەوە مردوون. بەتایبەتی چەندین کەسی دیکە لەلایەن جەنەڕاڵەکەی ئەوان، قاسم سولەیمانییەوە کوژراون. زۆر لەمێژە بڕیاری ئەوەم دا کە رێگە نادەم ئەوە رووبدات و نابێت بەردەوامبێت. دەمەوێت سوپاسی سەرۆکوەزیران بیبی نەتەنیاهوو بکەم و پیرۆزبایی لێبکەم، ئێمە وەکو تیمێک کارمان کرد، کە هیچ تیمێک پێشتر بەمجۆرە کاری نەکردبوو. ئێمە بە رێگەیەکی درێژدا تێپەڕین بۆ ئەوەی ئەو هەڕەشە خراپە لەسەر ئیسرائیل لابەرین. دەمەوێت سوپاسی سوپای ئیسرائیل بکەم بۆ ئەو کارە  مەزنەی کردییان. لە هەمووی گرنگتر دەمەوێت پیرۆزبایی لەو نیشتمانپەروەرە مەزنە ئەمریکییانە بکەم کە ئەمشەو ئەو ئامێرە دانسقانەیان فڕاند و  هەموو سوپای ئەمریکاش، بەبۆنەی ئەو ئۆپەراسیۆنەی کە چەندین دەیەیە کاری لەمجۆرە نەبینراوە. هیوادارین کە چیدیکە پێویستیمان بە خزمەتی ئەوان و ئەو توانا زۆرە نەبێت، هیوادارم. دەمەوێت هەروەها دەمەوێت پیرۆزبایی لە سەرۆک دەستەی ئەرکانی هاوبەشی ئەمریکا، جەنەراڵ دان رەیزن کەین بکەم کە جەنەراڵێکی ناوازەیە، هەروەها لە هەموو ئەو سەربازە زیرەکانەی لەو هێرشەدا بەشداربوون. دوای ئەوەی گوتمان، ئەمە نابێت بەردەوامبێت. یان ئەوەتا ئاشتی بۆ ئێران دەبێت، یانیش تراژیدیایەک دەبێت، کە زۆر لەو شتانەی لە هەشت رۆژی رابردوو بینیمان، گەورەتر دەبێت. لەبیرتان بێت، هێشتا ئامانجی زۆر ماون. ئامانجەکەی ئەمشەو قورسترینی هەموویان بوو، لەوانەشە کوشندەترینیان بووبێت؛ بەڵام ئەگەر ئاشتی بەزوویی بەدی نەیەت، ئێمە بە وردی، خێرایی و کارامەییەوە بەدوای ئامانجەکانی دیکەوە دەڕۆین. دەکرێت زۆربەی ئامانجەکان لە چەند خولەکێک بپێکرێن. ئەوەی ئەمشەو ئێمە کردمان، هیچ سوپایەک نییە لەجیهاندا پێی بکرێت. هەرگیز هیچ سوپایەک نەبووە لە جیهاندا، هەمان ئەو شتە بکات کە کەمێک لەمەوبەر روویدا. سبەی کاژێر 8:00 جەنەراڵ کەین و پیت هێگسەس، وەزیری بەرگری لە پێنتاگۆن کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانییان دەبێت. دەمەوێت سوپاسی هەموو لایەک بکەم، بەتایبەت خودا. دەمەوێت بڵێم، خودایە تۆمان خۆشدەوێت. ئێمە سوپای خۆمان خۆشدەوێت، بیانپارێزە. خودا رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بپارێزێت، خودا ئیسرائیل بپارێزێت و خودا ئەمریکا بپارێزێت. زۆر سوپاس.
 

 

04:47

یەکەم کاردانەوەی نەتەنیاهوو لەدوای بۆردوومانکردنی فۆردۆ

 
بنیامین نەتەنیاهوو لە یەکەم پەیامی دا دوای ئەوەی ئەمریکا سێ بنکەی ئەتۆمی لە ئێران بۆردوومان کرد، سوپاسی ترەمپی کرد و رایگەیاند: "ئەم هەنگاوە مێژوو دەگۆڕێت." 
 
نەتەنیاهوو دەشڵێت: ئەوەی ئەمریکا کردی هیچ وڵاتێک لەسەر زەوی نەیدەتوانی بیکات. مێژوو شایەتی دەدات کە سەرۆک ترەمپ ترسناکترین رژێم و ترسناکترین چەکی رەتکردەوە."
 
 
 

04:39

سەرکردەی کۆمارییەکان لە سێنات: دەبێت هەوڵە ئەتۆمییەکانی تاران رابگیرێن

رووداو
 
تەنیا ئەحمەد 
 
جۆن سیون، سەرکردەی کۆمارییەکان لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا، پاڵپشتیی تەواوی خۆی بۆ بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ هێرشکردنە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران راگەیاند و گوتی، دەبێت هەوڵە ئەتۆمییەکانی تاران رابگیرێن.
 
جۆن سیون لە ئێکس نووسی: "رژێمی ئێران، کە خۆی پابەند کردووە بە هێنانی مەرگ بۆ ئەمریکا و سڕینەوەی ئیسرائیل لەسەر نەخشە، هەموو رێڕەوێکی دیپلۆماسی بۆ ئاشتی رەتکردووەتەوە. دەبێت هەوڵە چەواشەکارانەکەی مەلاکان بۆ دەستخستنی چەکی ئەتۆمی رابگیرێت."
 
سەرکردەی کۆمارییەکان گوتیشی: "لە کاتێکدا ئەمشەو هەنگاو دەنێین بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی چەکی ئەتۆمی لە دەستی ئێران دوور دەبێت، من شانبەشانی سەرۆک ترەمپ دەوەستم و نزا بۆ سەرباز و کارمەندە ئەمریکییەکان دەکەم کە لە مەترسیدان."

 

04:35

مایک جۆنسن ستایشی 'کردەوە یەکلاکەرەوەکەی' ترەمپ دەکات

مایک جۆنسن
 
تەنیا ئەحمەد
 
مایک جۆنسن، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا و یەکێک لە بەهێزترین بەرپرسە کۆمارییەکانی وڵاتەکە رایگەیاند، هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، پابەندبوونی "سەرۆک ترەمپ" بە سیاسەتی دەرەوەی "یەکەمجار ئەمریکا" نیشان دەدات.
 
جۆنسن لە پۆستێکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسیویەتی: "ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە ئێراندا دەبێت وەک یادخستنەوەیەکی روون بێت بۆ نەیار و هاوپەیمانەکانمان کە سەرۆک ترەمپ ئەوەی دەیڵێت، جێبەجێی دەکات."
 
گوتیشی: "کردەوە یەکلاکەرەوەکەی سەرۆک رێگری لە گەورەترین پشتیوانیکاری دەوڵەتیی تیرۆر لە جیهاندا دەکات، کە دروشمی مەرگ بۆ ئەمریکا دەڵێتەوە، لە دەستخستنی کوشندەترین چەک لەسەر هەسارەکە. ئەمە سیاسەتی یەکەمجار ئەمریکایە."
 
پشتگیرییەکەی جۆنسن دوای ئەوە دێت، چەندین کەسایەتیی دیکەی باڵای کۆماری، وەک لینزی گرام و جۆن سیون، بە هەمان شێوە پاڵپشتیی خۆیان بۆ هێرشەکە راگەیاند.
 
ئەم پشتگیرییە سیاسییە لە کاتێکدایە کە راپرسییەکانی ئەم دواییە دەریانخستووە زۆرینەی دەنگدەرانی ئەمریکی، بە زۆرینەی کۆمارییەکانیشەوە، پێیان وانییە کە پێویستە ئەمریکا لە جەنگی ئیسرائیل لەگەڵ ئێراندا تێوەبگلێت.
 
هێرشەکە دوای ئەوە هات، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند هێزەکانی ئەمریکا بە سەرکەوتوویی سێ بنکەی ئەتۆمیی ئێرانیان کردووەتە ئامانج. لە کاتێکدا ترەمپ داوای "کۆتاییهێنان بە جەنگ" دەکات، ئێران و هاوپەیمانەکانی هەڕەشەی وەڵامدانەوە دەکەن.

 

04:27

راوێژکارێکی سەرۆکی پەرلەمانی ئێران: هێرشکردنە سەر بنکە ئەتۆمییەکان زیانێکی ئەوتۆی لێنەکەوتووەتەوە

بنکەی ئەتۆمیی فۆردۆ

راوێژکارێکی سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دەڵێت، بۆردوومانکردنی بنکە ئەتۆمییەکان زیانێکی ئەوتۆیان پێنەگەیشتووە.
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 22-06-2025، دوای بۆردوومانکردنی بنکە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان لەلایەن ئەمریکاوە، مەهدی محەممەدی، راوێژکاری ستراتیژیی سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، ئەو بنکە ئەتۆمییانەی کراونەتە ئامانج "ماوەیەکی زۆرە چۆڵکراون."
 
مەهدی محەممەدی ئاماژەی بەوە کردووە ''دەکرێت زیانەکان قەرەبوو بکرێنەوە و دامەزراوە ئەتۆمییەکان لەم هێرشەدا زیانێکی ئەوتۆیان بەرنەکەوتووە.''

 

 

04:25

بەرپرسێکی کۆشکی سپی: ترەمپ دوای هێرشەکان پەیوەندیی بە نەتەنیاهوویەوە کردووە

رووداو
 
تەنیا ئەحمەد 
 
بەرپرسێکی باڵای کۆشکی سپی رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ دوای ئەوەی سوپای ئەمریکا هێرشی کردە سەر سێ بنکەی ئەتۆمیی ئێران، قسەی لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کردووە.
 
بەرپرسەکە، کە بە مەرجی ئاشکرانەکردنی ناوی قسەی کردووە، گوتیشی: ویلایەتە یەکگرتووەکان "پێشوەختە ئیسرائیلی ئاگادارکردووەتەوە"، لە کاتێکدا واشنتن بەشداریی لە هەڵمەتە ئاسمانییەکەی ئیسرائیلدا کردووە دژی ئێران.
 
ئەم پشتڕاستکردنەوەیەی هاوئاهەنگیی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو هێرشێکی سەربازیی "سەرکەوتووی" بۆ سەر بنکەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان راگەیاند. بەرپرسانی پێنتاگۆن پشتڕاستیان کردەوە کە بۆمبهاوێژە ستراتیژییەکانی B-2 بۆ ئەنجامدانی هێرشەکە بەکارهێنراون.
 
ئەمە لە کاتێکدایە کە ئێران و هاوپەیمانەکانی هەڕەشەی وەڵامدانەوە دەکەن و چاوەڕوانییەکان بۆ وتارەکەی سەرۆک ترەمپ لە ئاستێکی بەرزدایە.

 

04:11

ترەمپ بۆ ئێران: بە ئاشتییەکی دەستبەجێ رازی نەبیت، لێت دەدەینەوە

رووداو
 
دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی هێرشی زیاتری لە ئێران دەکات و دەڵێت "ئەگەر رازی نەبێت بە ئاشتییەکی دەستبەجێ" لەگەڵ ئیسرائیل جارێکی دیکە لێیدەدرێتەوە. 
 
دۆناڵد ترەمپ بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزی گوت کە هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران "سەرکەوتنێکی سەرسوڕهێنەر" بوون.
 
دەشڵێت: "دەبێت دەستبەجێ ئاشتی بکەن. دەبێت دەستبەجێ بوەستن. ئەگەرنا، جارێکی دیکە هێرشیان دەکرێتەوە سەر."
 

 

 

04:01

جێگری پارێزگاری ئیسفەهان: هێرشکراوەتە سەر نزیک بنکە ئەتۆمییەکانی ئیسفەهان و نەتەنز

رووداو
 
جێگری پارێزگاری ئیسفەهان بۆ کاروباری ئەمنی پشتڕاستی کردەوە هێرشکراوەتە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی نەتەنز و ئیسفەهان و دەڵێت، ''دەنگی چەند تەقینەوەیەکی بەهێز بیستراوە''.
 
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، 22-06-2025، ئەکبەر ساڵحی، جێگری پارێزگاری ئیسفەهان بۆ کاروباری ئەمنی رایگەیاند: "کاژێرێک لەمەوبەر، سیستمی بەرگریی ئاسمانی لە ئیسفەهان و کاشان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئامانجە دوژمنکارانەکان کاراکران و هاوکات دەنگی چەند تەقینەوەیەک بیسترا."
 
ئەکبەر ساڵحی ئاماژەی بەوە کرد، "ئێمە شایەتحاڵی چەند دەستدرێژییەک بووین لە نزیک بنکە ئەتۆمییەکانی ئیسفەهان و نەتەنز."
 
ئەمە لەکاتێکدایە کە کاژێرێک پێش ئێستا، دۆناڵد ترەمپ لە پەیجی خۆی هەواڵی هێرشی ئەمریکای بۆ سەر بنکەکانی فۆردۆ، ئیسفەهان و نەتەنزی راگەیاندبوو.
 
هاوکات ترەمپ نووسیویەتی، ئێستا کاتی ئاشتییە. لە وەڵامدا سوپای پاسداران پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا هاتووە، ''ئێستا جەنگ بۆ ئێمە دەستیپێکردووە.''
 

 

 

03:00

ترەمپ: فۆردۆ کۆتاییهات

رووداو
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هێرشێکی سەربازیی فراوانی وڵاتەکەی بۆ سەر سێ بنکەی ئەتۆمیی سەرەکیی ئێران راگەیاند و گوتی بنکەی ستراتیژیی فۆردۆ "کۆتاییهات." 
 
ترەمپ داوای لە ئێران کرد دەستبەجێ "کۆتایی بەم جەنگە بهێنێت" و رایگەیاند، کاژێر 5:00ی بەرەبەیان بە کاتی هەولێر، گوتارێک بۆ گەل پێشکێش دەکات.
 
"هێرشێکی سەرکەوتوو و ساتێکی مێژوویی"
 
سەرۆکی ئەمریکا لە یەکەم بڵاوکراوەیدا نووسی: "هێرشی سەرکەوتوومان کردەسەر هەر سێ پێگەی ئەتۆمیی فۆردو، نەتەنز و ئەسفەهان. هەموو فڕۆکەکان ئێستا لە دەرەوەی ئاسمانی ئێرانن. ژمارەیەکی زۆری بۆمب بەسەر بنکەی سەرەکیی فۆردۆ خرایەخوارەوە. هەموو فڕۆکەکان بە سەلامەتی لە رێگەی گەڕانەوەدان بۆ نیشتمان."
 
ترەمپ هێرشەکەی بە "ساتێکی مێژوویی بۆ ئەمریکا، ئیسرائیل، و جیهان" وەسف کرد و دووپاتی کردەوە "ئێران دەبێت ئێستا رازی بێت بە کۆتاییهێنان بەم جەنگە."
 
وردەکاریی ئۆپەراسیۆنەکە: B-2 و بۆمبی حەشارگەشکێن
 
بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری و کۆشکی سپی، کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت، وردەکاریی زیاتریان لەبارەی هێرشەکەوە خستەڕوو؛ بەرپرسێک پشتڕاستی کردەوە کە "چەندین" فڕۆکەی بۆمبهاوێژی ستراتیژی جۆری B-2 هێرشەکانیان بۆ سەر هەر سێ بنکەکە ئەنجامداوە.
 
بەرپرسێکی دیکەی پێنتاگۆن رایگەیاند، بۆ لێدانی بنکەی فۆردۆ، بۆمبی "حەشارگەشکێن"ی 30,000 پاوەندی بەکارهێنراوە، کە بە تایبەتی بۆ کونکردنی دامەزراوە پتەوە ژێرزەمینییەکان دیزاین کراوە.
 
رۆژنامەی نیویۆرک تایمزتی ئەمریکی رایگەیاند، هێرشەکان لە دەوروبەری کاژێر 2:30ی بەرەبەیان بە کاتی ئێران روویانداوە.
 
راگەیاندنی هێرشەکە دوای دوو کۆبوونەوەی ترەمپ هات لەگەڵ ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی. ئەم هێرشە کۆتایی بەو مۆڵەتە دوو هەفتەییە هێنا کە ترەمپ بۆ دیپلۆماسیەت دیاریکردبوو.
 
هاوکات، بەرپرسێکی ئیسرائیلی بە ئاژانسی هەواڵیی ئەکسیۆسی راگەیاندووە، ئیدارەی ترەمپ پێشوەختە ئیسرائیلی لە هێرشەکە ئاگادار کردووەتەوە، کە ئاماژەیە بۆ هاوئاهەنگیی ئاستبەرز لە نێوان هەردوو هاوپەیماندا.
 
جیهان ئێستا چاوەڕوانی گوتارەکەی کاژێر 5:00ی ترەمپ و کاردانەوەی ئێرانە بەرامبەر بەم هێرشە راستەوخۆیەی ئەمریکا.

 

 

12:50

فڕۆکەی B-2ـی ئەمریکی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێرانی بۆردوومان کرد و ئێران هەڕەشە دەکات

دۆخی جەنگەکە دوای 10 رۆژ لە گرافیکێکدا
دۆخی جەنگەکە دوای 10 رۆژ لە گرافیکێکدا
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هێرشیان کردە سەر بنکەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان لە ئێران.
 
ترەمپ رایگەیاند، هێرشەکەیان "زۆر سەرکەوتوو" بووە و فڕۆکەکان بە سەلامەت ئاسمانی ئێرانیان جێهێشتووە.
 
بڕیارە دۆناڵد ترەمپ لەبارەی هێرشەکەی ئەمشەو، کاژێر 05:00ی ئەم بەیانییە قسە بکات.
 
سوپای پاسداران دوای هێرشەکانی ئەمشەوی ئەمریکا رایگەیاند، "ئێستا جەنگ بۆ ئێمە دەستی پێکرد."
 

سەیری پەخشی راستەوخۆی رووداو بکەن