رووداو دیجیتاڵ
لە هێرشێکی چەکداریدا لە پارێزگای سیستان و بەلووچستانی ئێران 5 ئەندامی پۆلیس کوژران. بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگاکە دەڵێت، گەڕان بەدوای هێرشکاراندا بەردەوامە.
رووداوەکە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 22-08-2025، لەسەر رێگەی خاش-ئیرانشاری سەر بە پارێزگای سیستان و بەلووچستان روویدا. پۆلیسی پارێزگاکە لە راگەیێندراوێکدا کوژرانی 5 ئەندامی بەهۆی هێرشە چەکدارییەکەوە راگەیاند.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ئەو پێنج ئەندامەی پۆلیس لەکاتی چاودێری و پاراستنی ناوچەکەدا لەلایەن گرووپێکی چەکدارەوە تەقەیان لێکراوە و کوژراون.
پۆلیسی پارێزگاکە ناوی کوژراوانی بە محەممەد رەزا رەحیمی، محەممەد نەورۆزی، حەسەن تەوەلی، غوڵامڕەزا وەحدانی و هادی رۆیایی راگەیاند.
هێرشکارەکان هەڵاتوون و بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سیستان و بەلووچستان دەڵێ، گەڕان بەدوایاندا بەردەوامە.
ناوە ناوە لەلایەن گرووپی سوننە مەزهەبی جەیشولعەدلەوە کە گرووپێکی چەکداری بەلووچەکانە لە ئێران و پێگەکانی لەنێو پاکستاندان، هێرش دەکرێتە سەر بنکەکانی پۆلیس لە ناوچەکانی سەر بە پارێزگای سیستان و بەلووچستان.
ئەو گرووپە 26ـی تەممووز بەرپرسیارێتی خۆیان لە هێرشێک بۆسەر باڵەخانەی دەسەڵاتی دادوەریی پارێزگاکە راگەیاند کە لە ئەنجامدا 9 کەس کوژران و 22 کەسیش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ