رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، بە لەبەرچاوگرتنی ئەزموونەکانی رابردوو، ناتوانن بگەڕێنەوە نێو دانوستاندنەکان، مەگەر ئەمریکییەکان رازی بن لە پێگەیەکی یەکسانەوە بچینە ناو دانوستاندن.
رۆژی چوارشەممە، 22ی تشرینی یەکەمی 2025، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند: "ئەو دانوستاندنانەی کە پێشتر لەگەڵ ئەمریکییەکان بەڕێوەچوون، هەروەها دانوستاندنەکانی نیویۆرک، بەهۆی داواکارییە زۆرەکانی لایەنی ئەمریکییەوە، وەستان."
عەباس عێراقچی گوتی: "ویتکۆف (نوێنەری ترەمپ) لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە کۆمەڵێک پەیام بۆ دەنێرێت، بێگومان کۆماری ئیسلامیی ئێران وڵاتێکی ئاشتیخواز و دیپلۆماسیخوازە."
عەباس عێراقچی ئاماژەی بەوەدا، بەبێ گوێدانە ئەزموونەکانی رابردوو، ئەم ساڵ پێنج خولی دانوستاندن کران، بەڵام لە کاتی دانوستاندنەکاندا هێرش کرایە سەر ئێران و ئەمریکاش پشتیوانی ئەم هێرشەی کرد."
سەبارەت بە مەرجی ئێران بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستاندن، وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی: "تاوەکو ئەو کاتەی ئەمریکا سیاسەتی داواکارییە زۆرەکانی خۆی وەلا نەنێت و داواکاریی نابەجێی لە ئێمە هەبێت، ناگەڕێینەوە سەر مێزی دانوستان."
بەر لە جەنگە 12 رۆژییەکەی نێوان ئیسرائیل و ئێران، لەسەر دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران پێنج گەڕی دانوستاندن لە نێوان ئێران و ئەمریکا بەڕێوەچووبوون و لە سەروبەندی بەڕێوەچوونی گەڕی شەشەمی دانوستاندنەکانی نێوانیان، رۆژی 13ی حوزەیران، ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ئێران و دانوستاندنەکان وەستان و تائێستا دەستیان پێ نەکردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ