راوێژکاری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران: راگەیاندنی ئاگربەست لەلایەن ترەمپەوە بۆ فریودانە
رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، راگەیاندنی ئاگربەست لەلایەن سەرۆکی ئەمریکاوە بە فێڵ و فریودان وەسف دەکات و دەڵێت: "هۆشیار نەبین گورزێکی سەختمان بەردەکەوێت."
ئەمڕۆ سێشەممە، 24.6.2025، مەهدی محەممەدی رایگەیاند، "پەیامەکانی راگرتن و کۆتاییهێنان بە جەنگ، ئاگربەست، وەڵامنەدانەوەی گورز و هەر شتێکی دیکەی لەم جۆرە، لەلایەن ترەمپ یان رژێمەوە، تەنیا فێڵ و فریوە بە مەبەستی غافڵگیرکردن، بە ئامانجی تووندکردنەوەی پێکدادان."
بەیانیی ئەمڕۆ، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ (Truth Social) رێککەوتنێکی بۆ "ئاگربەستی گشتگیر و تەواو" لەنێوان ئێران و ئیسرائیلدا راگەیاند.
ترەمپ نووسیویەتی، رێککەوتن کراوە و ئاگربەستەکە دوای نزیکەی 6 کاژێری دیکە دەستپێدەکات و بۆ ماوەی 12 کاژێر بەردەوام دەبێت، کە بە گوتەی ئەو "کۆتایی بە جەنگەکە" دێنێت.
بەپێی پۆستەکەی ترەمپ، ئێران سەرەتا دەست بە ئاگربەستەکە دەکات، دواتر لە کاژێری 12ـدا ئیسرائیل دەستپێدەکات و لە کاژێری 24ـدا "جەنگی 12 رۆژە" بە فەرمی کۆتایی دێت.
مەهدی محەممەدی، راوێژکاری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، هۆشداری دەدات و دەڵێت: "ئەگەر هۆشیار نەبین، گورزێکی سەختمان بەردەکەوێت."