ئیسرائیل هێرشی کردە سەر بنکەی ئەتۆمیی فۆردۆ و زانکۆیەک، زیندانێک و کەناڵێک لە تاران

23-06-2025
جووتیار قارەمان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی دەستەی قەیرانەکانی پارێزگای قوم رایگەیاند، ئیسرائیل جارێکی دیکە هێرشی کردووەتەوە سەر بنکەی ئەتۆمیی فۆردۆ. ئەمە دووەم هێرشە بۆ سەر هەمان بنکە لە ماوەی 24 کاژێردا، دوای ئەوەی دوێنێ ئەمریکا هەمان شوێنی کردە ئامانج. هاوکات ئیسرائیل لە تاران زانکۆیە، زیندانێک و کەناڵێکی تەلەڤیزیۆنییشی کردە ئامانج.

مورتەزا حەیدەری، گوتەبێژی دەستەی قەیرانەکانی پارێزگای قوم لە ئێران رایگەیاند، چەند ساتێک پێش ئێستا ئیسرائیل جارێکی دیکە هێرشی کردە سەر بنکەی ئەتۆمیی فۆردۆ.

ئەو بەرپرسە ئێرانییە هەروەها دڵنیایی دایە هاووڵاتیان و گوتی: "هەروەک بەرپرسانی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی رایانگەیاندووە، هیچ جۆرە مەترسی و هەڕەشەیەک رووبەڕووی هاووڵاتیان نابێتەوە."

دوێنێ ئەمریکا بە فڕۆکەی B-2 و مووشەکی تۆماهۆک، هێرشی کردە سەر سێ بنکەی ئەتۆمیی نەتەنز، ئەسفەهان و فۆردۆ. 

گوتەبێژەکەی قوم ئاماژەی بەوە کرد کە هێرشەکەی دوێنێی ئەمریکا "زیانی ئەوتۆی نەبووە".

هاوکات لەگەڵ ئەم هێرشانە، بەرپرسانی باڵای ئێران هەڕەشەی تووندیان لە ئەمریکا و ئیسرائیل کرد. لیوا عەبدولڕەحیم موسەوی، سوپاسالاری گشتیی هێزە چەکدارەکان، رایگەیاند "دەستی هێزە چەکدارەکان بۆ لێدانی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا کراوەیە" و ئەم بەیانییە ئێران بە مووشەک هێرشی کردووەتە سەر چەند ناوچەیەکی ئیسرائیل. 

محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانیش هۆشداریی دا کە وەڵامێک دەدەنەوە، ترەمپ پەشیمان بکاتەوە.

لەسەر ئاستی سیاسیش، ئێران جووڵەی دیپلۆماسیی فراوانی دەستپێکردووە و وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی مۆسکۆی کردووە. 

هاوکات قالیباف رایگەیاندووە، پەرلەمان خەریکی ئامادەکردنی پرۆژەیاسایەکە بۆ راگرتنی هاوکارییەکان لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم.

لە نێوخۆی ئێرانیشدا، رێوشوێنە ئەمنییەکان تووندتر کراونەتەوە، بە جۆرێک کە لە چەند رۆژی رابردوودا دوو کەس بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل لەسێدارە دراون و 36 کەسی دیکەش لە پارێزگای گیلان دەستگیرکراون.

لە تاران زانکۆیەک، زیندانێک و باڵەخانەی تەلەڤزیۆن کرانە ئامانج

لە زنجیرەیەک هێرشدا، زانکۆی شەهید بەهەشتی، باڵەخانەیەکی تەلەڤزیۆنی فەرمی و فیدراسیۆنی وەرزشی ئێران لە تاران کرانە ئامانج و زانیارییە سەرەتاییەکان باس لە هێرشی دیکە بۆ سەر ناوچەکانی دیکەی تاران و کەرەج دەکەن.

سەرەتا هەواڵی کردنەئامانجی باڵەخانەیەکی تەکنیکیی رادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئێران کە بە "باڵەخانەی نۆ دی " ناسراوە، بڵاوبووەوە. لە کاتێکدا ئاژانسە فەرمییەکان رایانگەیاند کێشەیەکی گەورە لە پەخشدا دروست نەبووە، بەڵام سەرچاوەکانی دیکە باس لەوە دەکەن پەخشی کەناڵی هەواڵ بۆ ماوەیەک راگیراوە.

کۆمەڵەی ئیسلامیی خوێندکارانی کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی شەهید بەهەشتی رایگەیاند، زانکۆکەیان کراوەتە ئامانجی هێرشی ئیسرائیل و ئەمەیان بە "هەوڵێک بۆ تێکدانی ژێرخانی زانستی و کولتووریی وڵات" ناوبرد.

هاوکات لە کۆمەڵگەی وەرزشیی ئینقلاب لە تاران فیدراسیۆنی تۆپی دەست کرایە ئامانج و بەهۆیەوە ئۆفیسی سەرۆک و ژووری کۆبوونەوەکانی فیدراسیۆنەکە وێران بوون، هەرچەندە سەرۆکی فیدراسیۆنەکە کە لەو کاتەدا لە شوێنی کارەکەی بووە، هیچ زیانێکی پێنەگەیشتووە.

زانیارییە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوەش دەکەن کە چەندین شوێنی دیکە لە باکووری رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی تاران، هەروەها چەند خاڵێک لە شاری کەرەجی نزیک پایتەخت بۆردوومان کراون.

راپۆرتی میدیا ئێرانییەکان باس لەوە دەکەن ناوچەکانی باکووری رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی تاران کراونەتە ئامانجی هێرشی مووشەکی و درۆنی. بەهۆیەوە، فیدەرێکی دابەشکردنی کارەبا لە باکووری تاران زیانی بەرکەوتووە و بووەتە هۆی پچڕانی کارەبا لە هەندێک ناوچە. 

بەڕێوەبەرایەتیی تۆڕی کارەبا رایگەیاندووە کە پچڕانەکە بەرفراوان نییە و خەریکی چارەسەرکردنی کێشەکەن.

هاوکات، لە شاری کەرەج و شار رەی، بنکە سەربازییەکان کراونەتە ئامانج. فەرماندەی پۆلیسی ئێران رایگەیاندووە، لە شاری رەی کۆگایەک دۆزراوەتەوە کە زیاتر لە 200  کیلۆگرام ماددەی تەقینەوە و چەندین فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئامادەکراوی تێدا بووە کە گومان دەکرێت پەیوەندیی بە هێرشەکانی ئەم دواییەوە هەبووبێت.

یەکێک لە ئامانجە هەرە هەستیارەکان، زیندانی ئێڤین بووە. دەسەڵاتی دادی ئێران رایگەیاند، بەشێکی باڵەخانەی زیندانەکە بەهۆی هێرشی ئیسرائیلەوە زیانی بەرکەوتووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە