موحسین شەریف ساڵح، مامۆستا لە فاکەڵتی یاسا/ زانکۆی سۆران
رووداو - هەولێر
لە کابینەی روحانی، وەزارەتی نەوتی ئیران بە مەبەستی بووژاندنەوەی پیشەسازی نەوت و گاز و راکێشانی سەرمایەی بیانی، بڕیاریدا بە گۆڕینی گرێبەستە نەوتییەکانی لە جۆری (Buy-Back بۆ جۆرێکی نوێ کە ناسراوە بە IPC) .(Iranian Petroleum Contract)، بۆ ئەم مەبەستەش دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو ساڵ کارکردن و مشت و مڕێکی زۆر، لە رێکەوتی 3-8-2016 هەیئەی دەوڵەتی ئیران مۆدێلی نوێی گرێبەستە نەوتییەکانی پەسەند کرد و پاشان وەکو قۆناغی کۆتایی بۆ ئەنجامدانی IPC لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان، ئەم مۆدێلەی رەوانەی پەرلەمانی کرد بە مەبەستی وەرگرتنی رەزامەندییان.هەر لە سەرەتای ناساندن و خستنەڕووی IPC، ئەم جۆرە گرێبەستە کەوتە بەر لێشاوی رەخنە ناوخۆییەکان کە گوایا زیاتر بە سوودی کۆمپانیا بیانییەکانە نەک وڵاتی ئیران. بەڵام وەزارەتی نەوتی ئیران لە رێگای ئەنجامدانی چەندین کۆنفرانس و وۆرکشوپ و دانیشتن، هەوڵی دا بۆ نەهێشتنی ئەم رەخنانە. لە کۆتاییدا، دوای ئەنجامدانی 150 گۆڕانکاری و زیادکردنی چوار ماددە نوێ بۆ 11 ماددەی پێشتری رەشنووسی گرێبەستەکە، مۆدێلی نوێی گرێبەستە نەوتییەکان لە لایەن هەیئەی دەوڵەتەوە پەسەند کرا.
سەرەڕای پەسەندکردنی مۆدێلی IPC و دوای ئەنجامدانی ئەم گۆڕانکاریانە، رەخنەکان کۆتایی پێ نەهات. ژمارەیەکی زۆر لە شارەزایانی ئەم بوارە و ئەندام پەرلەمانەکان رەخنەیان هەبوو لەسەر شێوازی ئەم گرێبەستانە، لە گرنگترینیان: ئەمیر ئابادی، ئەندام لە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، خادێمی، ئەندام لە کۆمیتەی وزەی پەرلەمان و ئەحمەد تەوەکولی، ئەندام پەرلەمانی پێشوو و سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی رێکخراوی دیدەوانی شەفافیەت و عەدالەت لە ئیران. ئەمانە بە شێوەیەکی گشتی تێبینییان هەیە لەسەر هەندێ کێشەی تەکنیکی و مەترسی لە دەستدانی خاوەنداری عەنبارەکان و سەربەخۆیی ئابووری بەهۆی ئەو ماوە زۆرەی گرێبەستەکان کە دەکرێت تاکو 32 ساڵ بەردەوامی هەبێت. هەروەها رەخنەیان هەیە لەسەر ئەو هەموو ئیمتیازانەی کە دەدرێت بە کۆمپانیای بیانی و دەوری باڵای کۆمپانیاکان لە کاتی بڕیاردان بەپێی گرێبەستەکە.
بەڵام مۆدێلی IPC سەرەڕای رەخنەکانی زۆر، لایەنگیران و بەرگریکارانی خۆی هەیە. زۆربەی دەسەڵاتدارنی وەزارەتی نەوت وەکو بیژەن زنگەنە وەزیری نەوت، مەهدی حوسێنی سەرۆکی لێژنەی پێداچوونەوەی گرێبەستە نەوتییەکان و عەلی کاردر بەڕێوەبەری کۆمپانیای نیشتیمانی نەوتی ئیران لایەنگیرانی ئەم مۆدێلە گرێبەستەن.
ئەوان زۆربەی رەخنەکان بە نابەجێ لە قەڵەم ئەدەن و پێیان وایە دواخستنی ئەم جۆرە گرێبەستانە زیانێکی زۆر لە ئابووری وڵات دەدات. لە چەندین لێدواندا، وەزیری نەوت ئاماژەی بەوە داوە کە بۆ بووژاندنەوەی پیشەسازی نەوت و گاز و بەرزکردنەوەی رێژەی ناردنی نەوت بۆ ئاستی پێش سزا ئابوورییەکان، پێویستیمان بە سەرمایەگوزاری بیانی هەیە و ئەمەش دەکرێت بەدی بێت لەڕێی ئەم جۆرە گرێبەستە نەوتییانە کە سەرنج راکێشن بۆ کۆمپانیا نەوتییە بیانیەکان و بە هۆیانەوە دەتوانین تەکنۆلۆجیای نوێ بگوازینەوە بۆ پیشەسازی نەوت و گازی وڵاتەکەمان.
دەسەڵاتدارانی وەزارەتی نەوت نەیانتوانی وەکو پێویست قەناعەت بە هەموو رەخنەگران بێنن، لەبەر ئەمە رەخنەکان بەردەوامییان هەبوو، هەر ئەمەش وایکرد کە لەم رۆژانەی رابردوو خامنەیی رابەری کۆماری ئیسلامی ئیران نامەیەک بۆ لاریجانی سەرۆکی پەرلەمان بنێریت کە تیایدا باسی پێویستی چارەسەرکردنی 15 گرفتی سەرەکی ئەم گرێبەستانە دەکات. لە ئەنجامدا، لە رێکەوتی 21-8-2016 وەزیری نەوت بانگهێشتکرا بۆ پەرلەمان لە دانشتنێکی نافەرمی و داخراو بۆ بەرگریکردن و دیراسەکردنی مۆدێلی نوێی گرێبەستە نەوتییەکان.
لە کۆتایی دانیشتنێکی سێ کاتژمێریدا، پەرلەمان بڕیاریدا بە گەڕاندنەوەی مۆدێلی نوێی گرێبەستە نەوتییەکان بۆ هەیئەی دەوڵەت بە مەبەستی چاکسازی و نەهێشتنی 15 گرفتە سەرەکییەکان لەم مۆدێلە.
ئەوەی گرنگە و جێگای ئاماژە پێکردنە، لە سەرەتای ناساندنی مۆدیلی IPC بەهۆی تایبەتمەندییەکانی، پێشوازییەکی باشی لێکرا لە لایەن کۆمپانیا نەوتییە بیانییەکان. کەچی ئێستا پێشبینی دەکرێت دوای ئەنجامدانی ئەو هەموو گۆڕانکاریانە، سیفەتی سەرنجڕاکێش بوونی کەمتر ببێت، بەمەش لەوانەیە ئامانجی سەرەکی وەزارەت لە گۆڕینی شێوازی گرێبەستە نەوتییەکانی وەکو پێویست نەپێکێ، کە بریتییە لە راکێشانی سەرمایەکی زۆری بیانی بۆ وڵات بە مەبەستی بووژاندنەوەی پیشەسازی نەوت و گاز.
لە کۆتاییدا، دەوڵەتی ئێران کە خاوەنی ئەزموونی زیاتر لە 100 ساڵەیە لە پیشەسازی نەوت و گازدا، دەیەوێت بە گۆڕینی شێوازی گرێبەستە نەوتییەکانی بۆ IPC جارێکی تر ریژەی هەناردەکردنی نەوتی بەرزبکاتەوە بۆ سەرووی چوار ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا.بەڵام بەهۆی بوونی زۆری رەخنە ناوخۆییەکان، هەیئەی دەوڵەت دوای ئەنجامدانی چەندین گۆڕانکاری و پەسەندکردنی مۆدێلی IPC، نەیتوانی رەزامەندی پەرلەمان وەربگرێت وەکو کۆتا هەنگاو بۆ جێبەجێکردنی گرێبەستەکە، و سەرئەنجام پەرلەمان ئەم مۆدیلە گرێبەستەی گەڕاندەوە بۆ هەیئەی دەوڵەت بۆ ئەوەی جارێکی تر پێداچوونەوە و گۆڕانکاریان بۆ ئەنجام بدات بەپێی راسپاردەکانیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ