ساڵی نوێی خوێندن لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەستیپێکرد
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ سەرۆککۆماری ئێران زەنگی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندنی لەو وڵاتە لێدا و بە بەشداریی نزیکەی 16 ملیۆن قوتابی لە قۆناخە جیاوازەکانی خوێندن، ساڵی نوێی خوێندن لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەستیپێكرد.
ئەمڕۆ سێشەممە، 23ی ئەیلوولی 2025، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران بە یاوەریی عەلیڕەزا کازمی، وەزیری پەروەردە و محەممەدسادق موعتەمیدیان، پارێزگاری تاران لە قوتابخانەی ئیساری کچانی سەرەتایی لە تاران ئامادە بوو و زەنگی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندنی 2025-2026ی لێدا.
مەسعود پزشکیان لە گوتارێکدا پیرۆزبایی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن لە قوتابییان و مامۆستایان کرد و بە قوتابییانی گوت: "ئێوەی قوتابییان دەبێ فێری کارامەیی بن و بە یارمەتی ئەو کارامەییانە، لە داهاتوودا یارمەتی بنەماڵە، خزم و کەسوکار، ناوچە، وڵات و نیشتمانەکەتان بدەن."
وەزارەتی پەروەردەی ئێرانیش رایگەیاند، ئەمڕۆ بە بەشداری نزیکەی 16 ملیۆن قوتابی لە قۆناخە جیاوازەکانی خوێندن، ساڵی نوێی خوێندن لەو وڵاتە دەستیپێكرد.
بەپێی وەزارەتی پەروەردەی ئێران، ئەم ساڵ ژمارەی قوتابییانی قۆناخی سەرەتایی لەو وڵاتە زیاتر لە 9 ملیۆن قوتابییە و 6 ملیۆن و 980 هەزار قوتابیش لە قۆناخەکانی ناوەندی و ئامادەیی دەخوێنن.