موحسین رەزایی: نابێت بگەڕێینەوە بۆ ناکۆکییەکانی پێش شەڕ

 
رووداو دیجیتاڵ

موحسین رەزایی لە پەیامێکدا هۆشداری دەدات لە گەڕانەوە بۆ ناکۆکییەکانی پێش سەردەمی شەڕ و رایدەگەیێنێت، پێویستە ئەو "برایەتی و یەکڕیزییەی" ئێستا لە وڵات دروستبووە، وەک دەستکەوتێکی نیشتمانی بپارێزرێن.
 
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیای فەرمیی ئێران، موحسین رەزایی، راوێژکاری رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران و فەرماندەی پێشووی سوپای پاسداران رایگەیاند، پێویستە گەلی ئێران متمانەبەخۆبوون و ئەو تەباییەی لە کاتی شەڕدا هەیانە بپارێزن.
 
رەزایی گوتیشی، "نابێت بگەڕێینەوە بۆ ئەو ناکۆکییانەی پێش شەڕی 12 رۆژە و شەڕی رەمەزان (شەڕی ئێستا لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل) هەبوون. ئەم یەکگرتووییە تەنیا بۆ سیاسەت نییە، بەڵکو بۆ تاک بە تاکی خێزانە ئێرانییەکان گرنگە تاوەکو بتوانن ژیانێکی باشتر و بێ کێشەتر بەڕێ بکەن."
 
لە تەوەرێکی دیکەی قسەکانیدا، موحسین رەزایی تیشکی خستە سەر دۆخی ئابووریی وڵات و پێشنیاری "نەخشەڕێگەی ئابووری" کرد.
 
رەزایی پێیوایە کلیلی چارەسەری تەنگژە ئابوورییەکان لە دەستی خەڵکدایە و گوتی، "حکومەت دەتوانێت بە پاڵپشتی خەڵک و بە جەماوەریکردنی کەرتی بەرهەمهێنان و وەبەرهێنان، بەسەر گرفتە ئابوورییەکاندا زاڵ بێت."
 
بە بڕوای ئەو بەرپرسە ئێرانییە، بەبێ بەشداریی راستەوخۆی خەڵک لە ئابووریدا، دەوڵەت ناتوانێت بە تەنیا هەموو کێشەکان چارەسەر بکات، بۆیە داوا دەکات سەرمایەی خەڵک بخرێتە خزمەت بەرهەمهێنانی ناوخۆییەوە.