رووداو دیجیتاڵ
ئێران پەیامە پڕ لە ستایشەکەی مارک رووتە، سکرتێری گشتیی ناتۆی بۆ سەرۆک دۆناڵد ترەمپ لەبارەی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییە سەرەکییەکانی، بە "شەرمئامێز، قێزەون و نابەرپرسانە" ناودەبات.
رۆژی سێشەممە، رووتە لە پەیامێکدا کە پێش لووتکەی ناتۆ ئاراستەی ترەمپی کرد، ستایشی گوتەکانی ترەمپی کرد، کە هێرشکردنە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێرانی بە "هەنگاوی یەکلاکەرەوە"ناوبردبوو.
رووتە گوتی، ئەو هەنگاوە "بەڕاستی ناوازە بوو و شتێک بوو کە هیچ کەسێکی دیکە نەیوێرا بیکات. ئەمە ئێمە سەلامەتتر دەکات."
رۆژی چوارشەممە، ئیسماعیل باقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس وەڵامی مارک رووتەی دایەوە و نووسی، "شەرمئامێز، قێزەون و نابەرپرسانەیە کە سکرتێری گشتیی ناتۆ پیرۆزبایی کردەوەیەکی تاوانکاری و دەستدرێژی دەکات بۆ سەر دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری."
بەقائی ئاماژەی بەوەشکرد، "هەرکەسێک پشتگیریی تاوانێک بکات، بە هاوبەشی تاوانەکە دادەنرێت."
هێرشەکانی رۆژی یەکشەممەی ئەمریکا، دامەزراوە سەرەکییەکانی فۆردۆ، ئیسفەهان و نەتەنزیان کردە ئامانج و 10 رۆژ دوای ئەوە هاتن کە ئیسرائیل هێرشێکی بەرفراوانی ئاسمانی بۆ سەر ئێران دەستپێکردبوو.
هێرشەکەی رۆژی 13ی حوزەیرانی ئیسرائیل، دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانی کردبووە ئامانج و بووە هۆی کوژرانی فەرماندە باڵا سەربازییەکان و زانا ئەتۆمییەکان. ئێرانیش بە چەندین گورزەهێرشی مووشەکی وەڵامی دایەوە.
ترەمپ رایگەیاند کە هێرشەکانی ئەمریکا توانا ئەتۆمییەکانی ئێرانی "بە تەواوی لەنێوبردووە" و بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئەو وڵاتەیان "چەندین دەیە" دواخستووە.
زانیارییە دزەپێکراوەکانی هەواڵگریی ئەمریکا گومانیان لە قەبارەی زیانەکانی هێرشەکانی ئەمریکا دروستکرد و رایانگەیاند، هێرشەکان بەرنامە ئەتۆمییەکەی تارانیان تەنیا چەند مانگێک دواخستووە.
بەرپرسانی ئێران هێشتا قەبارەی وردی ئەو زیانانەیان ئاشکرا نەکردووە کە بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بەر دامەزراوەکان کەوتوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ