رووداو دیجیتاڵ
کۆبوونەوەی شاندەکانی ئێران و سێ وڵاتە ئەورووپییەکەی بەشدار لە رێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015 لە ئیستەنبووڵ کۆتاییهات؛ جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، "گفتوگۆیەکی راشکاوانە و جدی بوو، لەسەر بەردەوامبوونی دانوستاندنەکان رێککەوتین."
ئەمڕۆ هەینی 25-07-2025 گەڕێکی نوێی دانوستاندن لەسەر دۆسیەی ئەتۆمیی تاران، لەنێوان ئێران و سێ وڵاتی ئەورووپیی بەشدار لە رێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015 (ئەڵمانیا، بەریتانیا و فەرەنسا) لە ئیستەنبووڵ بەڕێوەچوو.
دانوستاندنەکە لەسەر ئاستی جێگری وەزیرانی دەرەوە بوو کە لە شاندی ئێراندا مەجید تەخت رەوانچی و کازم غەریبئابادی، جێگرانی وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە ئامادە بوون.
دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە، کازم غەریبئابادی لە ئێکس بڵاویکردەوە، "گفتوگۆیەکی جدی، راشکاوانە و تێر و تەسەلمان لەگەڵ بەڕێوەبەرانی سیاسیی سێ وڵاتە ئەورووپیەکە هەبوو."
بە گوتەی جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران، دوایین گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە لابردنی سزا نێودەوڵەتییەکانی سەر ئێران و دۆسیەی ئەتۆمیی وڵاتەکە تاوتوێ کراون.
غەریبئابادی دەڵێت، "وێڕای رەخنەگرتن لە هەڵوێستیان لەبارەی جەنگی ئەم دواییانە دژی گەلەکەمان (هێرشی ئیسرائیل)، هەڵوێستی خۆمان لەبارەی میکانیزمی ناسراو بە سناپ بەک (گەڕاندنەوەی سزا نێودەوڵەتییەکان بۆسەر ئێران) خستەڕوو."
وەکو جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، هەردوولا بیرۆکەی "دیاریکراویان" لەبارەی چارەسەرکردنی گرفتەکان پێبووە و "رێککەوتن کرا کە گفتوگۆکان لەوبارەوە بەردەوام بن."
فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا، سێ وڵاتی ئەورووپیی بەشدار لە رێککەوتنی ئەتۆمیی ئێرانی ساڵی 2015، داوایان لە ئێران کردووە، بگەڕێتەوە بۆ دانوستاندنە ئەتۆمییەکان و هەموو پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ بکات.
ئەو سێ وڵاتە هەڕەشەی ئەوەشیان کردووە، ئەگەر تاوەکو پێش کۆتاییهاتنی مانگی 8ی ئەم ساڵ لەبارەی دۆسیەی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران نەگەنە رێککەوتن، هەموو سزا نێودەوڵەتییەکانی سەر ئێران دەگەڕێننەوە کە 10 ساڵ پێش ئێستا و دوای رێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران و گرووپی 5+1 هەڵگیران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ