رووداو - هەولێر
بازاڕی وڵاتان لە جەژنی کریسمس و یادی سەری ساڵی زایینی جموجوڵی تێدەکەوێت، بەڵام بەپێچەوانەوە بازاڕی ئێران بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە کزبووە و فرۆشیاران و کڕیارانیش گلەییان هەیە.
لە شەقامی میرزای شیرازی لە تاران لە چەند دووکانێک کەلوپەلی تایبەت بە جەژنی کریسمس و سەرەتای ساڵی نوێ دەفرۆشرێن. بۆ دڵخۆشکردنی منداڵان و سەرنجڕاکێشانی کڕیاران چەند کەسێک جلی بابە نوئێلیان پۆشیووە، بەڵام دەڵێن بازاڕیان نییە.
میکایل، دانیشتووی تارانە کەلوپەلی تایبەت بە سەری ساڵ دەفرۆشێت، دەڵێت "بەبەراورد بە ساڵی رابردوو، توانای کڕینی خەڵک کەمتربووە و لەهەمانکاتدا هەڵاوسان زیاتربووە. بازاڕکردن لە کریسمس خۆشی بۆ خەڵک دەهێنێت، ئێمەش لەم خۆشییەیاندا بەشداردەبین، بۆیە جلی بابەنوئێلمان پۆشیوە و منداڵان دڵخۆشدەکەین".
سزاکانی ئەمریکا کاریگەری زۆری لەسەر بازاڕەکانی ئێران داناوە، ئەم کاریگەرییەش لە بازاڕی کریسمسیش رەنگیداوەتەوە. نرخەکان بەرزن و هەموو کەس توانای کڕینی شتەکانی نییە.
پەیوەند دانیشتووی تارانە و فۆتۆگرافەرە ئاماژە بەوە دەکات "نرخی کاڵاکان زۆر گرانن و دووکاندارەکان خۆیشیان دەڵێن کە لەم دۆخە تووڕەن و هەوڵدەدەن چارەسەری نرخەکان بکەن. هەروەها هەندێک دووکان هەن داشکاندنیان کردووە، بەڵام نرخەکان هێشتا بەرزن و هەموو کەس توانای کڕینی نییە".
هەبوونی بازاڕێکی تایبەت بە کریسمس لە تاران لە کاتێکدایە %0.16ـی دانیشتووانی ئێران کریستیانن کە بەپێی توێژینەوەیەک لە ساڵی 2015 ئەنجامدراوە ژمارەیان 100 هەزار کەس دەبن. کریستیانەکان بە ئازادانە یادی جەژنی کریسمس دەکەنەوە و لە دایکبوونی مەسیح بەرزڕادەگرن.
ئاغدوش ئایڤازین، کرستیانێکی تارانە و دەڵێت "سەبارەت بە لەدایکبوونی مەسیح، ئێمە ساڵانە یادی دەکەینەوە. هەندێک هۆڵ هەن بەبێ هەبوونی هیچ سنوورێک بەکاریان دەهێنین. رەنگە لە سەرەتای شۆڕشدا هەندێک سنوور هەبووبن، بەڵام بۆ 20 ساڵ دەبێت بە ئازادانە یادی دەکەینەوە".
سزاکانی ئەمریکا بۆسەر ئێران وایکردووە، بازاڕەکانی کریسمس بەبەراورد بە ساڵی رابردوو گەرم نەبن و بەهۆی گرانی نرخی کاڵاکان، ئەمساڵ خەڵک کەمتر ئەو شتانە دەکڕن کە پێویستن بۆ جەژنەکە و سەرەتای ساڵی نوێ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ