رووداو - هەولێر
بەگوتەی چالاکڤانانی کورد، ئازەرییەکان لەبازنەی هەڵبژاردنی میاندواو و هەوشار لە بەرەبەری قۆناخی دووەمی هەڵبژاردندا گوشارییان بۆ سەر کورد زیاد کردووە.
ئازەرییە توندڕەوەکان لە هەوڵدان تەنیا بەربژێری کوردی ئەو بازنەیە دەنگ نەهێنێتەوە. ئەوان لە چەند رۆژی رابردوودا رێگەیان لە بەڕێوەچوونی کەمپەینێکی بانگەشەی ریفۆرمخوازان گرت و هێرشیان کردە سەر چالاکانی دەستەی بانگەشەی کاندیدە کوردەکە. بازنەی هەڵبژاردنی میاندواو و هاوشار لە کورد و ئازەرین، بەڵام تا ئێستا هیچ نوێنەرێکی کوردی نەبووە.
میاندواو و هەوشار دوو نوێنەری هەیە. لە قۆناغی یەکەمدا کەس دەنگی نەهێنایەوە. چوار کەس چوونەتە قۆناغی دووەم. یەک لەوان هومایون هاشمی. ئەو خەڵکی تیکاب و لە باب و دایکێکی کوردو تورکە. بەرپرسایەتی جۆراوجۆری بووە. سەردەمانێک جێگری وەزیری کار بووە. سپاییش بووە.
بڕیار بوو سەرەتای ئەم هەفتەیە سادق زیباکەلام، مامۆستای زانکۆ، لە میاندواو سمینارێک بۆ پشتگیری لە بەربژێرە ریفۆرمخوازەکان بەڕێوە ببات. بەڵام بە گوشاری ئەو شتەی کە گرووپە تایبەتەکان باس کرا، هەڵوەشێنرایەوە.
لەماوەی چەند مانگی رابردوودا ئەوە چەندەمین سمیناری کەسایەتییە ریفۆرمخوازەکانە کە بە گوشاری بناژۆخوازانی توندڕەو هەڵدەوەشێنرێتەوە.
بەڵام ئەم کێشەیە لە بازنەی هەڵبژاردنی میاندواو لایەنێکی دیکەشی هەیە. لایەنی توندڕەوی تورک زمان. کە چەند رۆژ پێش هێرشیان کردە سەر بەشێک لە کەمپەینی پڕوپاگەندەیی هومایون هاشمی. تەنیا کاندیدی کوردی ئەو بازنەیە. بازنەیەک کە بەشێکی زۆری کوردە. بەڵام لە چوار دەیەی رابردوودا بەتەواوەتی لەژێر سەیتەرەی تورکەکاندا بووە.
لە بازنەی هەڵبژاردنی میاندواو و هەوشار تەنیا لە یەکەم خولی هەڵبژاردندا کاندیدێکی کورد دەنگی هێنایەوە. یوسف رەزوانی، کە حیزبی دیمۆکرات پشتگیری دەکرد. دواتر تەنیا لە خولی شەشەمی پەرلەماندا حەسەن بەرزگەر دەتوانێت بچێتە قۆناغی دووەمی هەڵبژاردنەوە. دواتر دەنگی نەهێنایەوە.
چالاکانی کورد دەڵێن: هەست و ئۆگرییەکی کوردیی نییە. بەڵام ئێستا ئەگەر بە ئاستەمیش بۆنی کوردیت لێ بێت، بۆ تورکەکان بەسە دژایەتیت بکەن. ئەم توڕەییە تەنانەت دیوارەکانیشی نەخشاندووە. لێرە هاشمی بە ئەجنەبی و بێگانەی دەزانن. روانگەیەک کەلە چوار دەیەی رابردوودا کوردی لە هەموو ئاستەکانی بەرپرسایەتی و خزمەتگوزارییەکاندا پەرواێز خستوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ