رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی ئێران رایگەیاند، لە کاژێر 08:00ـی بەیانیی رۆژی پێنجشەممە، بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئەو وڵاتە رادەگیرێت.
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی ئێران لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، بەپێی یاسای هەڵبژاردنەکان، بانگەشەی هەڵبژاردن 24 کاژێر پێش دەستپێکردنی هەڵبژاردن، دەوەستێت و هەموو جۆرە چالاکییەکی بانگەشەکردن، قەدەخە دەکرێت. داوا لە بەربژێران و لایەنگرانیشیان دەکات، پابەندی بڕیارەکە بن و بەپێچەوانەوە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.
لە کاژێر 08:00ـی بەیانیی رۆژی هەینی، 28ـی حوزەیران، 14ـەیەمین هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران دەستپێدەکات و 10 کاژێر بەردەوام دەبێت. کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی ئێران دەڵێت، وەزیری ناوخۆی ئێران دەتوانێت بڕیار لەسەر درێژکردنەوەی کاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بدات.
بەپێی رێنماییەکانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی ئێران، بەشداربووان دەتوانن بە ناسنامە یان کارتی نیشتمانی دەنگ بدەن و، لە دەرەوەی ئێرانیش دەنگدان لە 344 بنکە بەڕێوەدەچێت.
کەنەدا رایگەیاندووە، رێگە بە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئێران نادات. سعودیەش دەڵێ لە شارەکانی مەککە و مەدینە رێگە نادات، هەڵبژاردنەکە بەڕێوەبچێت.
بۆ 14ـیەمین هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئێران شیاوبوونی شەش بەربژێر پەسند کراوە، کە پێنجیان نەریتخوازن و یەکێکێشیان ریفۆرمخوازە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ