فریاکەوتنی تاران: زریانێکی بەهێز گیانلەدەستدانی کەسێک و برینداربوونی 29 کەسی لێکەوتەوە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی فریاکەوتنی تارانی پایتەختی ئێران رایگەیاند، با و زریانێکی بەهێز، بوونە هۆی گیانلەدەستدانی کەسێک و برینداربوونی 29ی دیکە.
شەوی یەکشەممە، 27ی نیسانی 2025، شروین تەبریزی رایگەیاند، "دوای هۆشدارییەکانی بەڕێوەبەرایەتی کەشناسیی ئێران لەبارەی ئەگەری هەڵکردنی زریانێکی بەهێز لە تاران، لە کاژێرە سەرەتاکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممەوە، تەواوی سیستەمی فریاکەوتنی شارەکە لە ئامادەیی تەواودایە بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوازی بە هاووڵاتیان."
گوتەبێژی فریاکەوتنی تاران گوتی، "بەهۆی با و زریانی بەهێزەوە، لە شاری تاران کەسێک گیانی لەدەستدا و 29 کەسی دیکەش بریندار بوون. 10 لە برینداران لە شوێنی رووداوەکە فریاگوازیی سەرەتاییان بۆ کرا و 19 بریندارەکەی دیکە بۆ نەخۆشخانەکان گوێزرانەوە."
بە گوتەی شروین تەبریزی، ئەگەری هەیە ژمارەی برینداران بەرزببێتەوە.
بەپێی میدیای ئێران، با و زریانی بەهێز لە چەندین شەقام و گەرەکی تاران بووەتە هۆی شکانەوەی دارەکان و زیانێکی زۆر بە ئۆتۆمبێلەکانیش گەیاندووە.
کەشناسیی ئێران رایگەیاندووە، ئێستا خێرایی زریان لە تاران گەیشتووەتە 108 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا و هۆشداری داوەتە هاووڵاتیان، لە شوێنی پارێزراو بمێننەوە.