رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی ئێران بۆ ساڵی نوێی دارایی، سێ ملیار دۆلار بۆ کەرتی دەرمان و پێویستیی پزیشکی تەرخان دەکات و سەرۆکی بەڕێوەبەرایەتیی خۆراک و دەرمانی ئەو وڵاتەش دەڵێت، توانیویانە بەشێکی زۆری قەرزەکانی ئەو کەرتە بدەنەوە.
مەهدی پیرساڵحی، سەرۆکی بەڕێوەبەرایەتیی خۆراک و دەرمانی ئێران رایگەیاند: "بۆ ساڵی 1405 (کۆچی هەتاوی)، بڕی سێ ملیار دۆلاری پاڵپشتیکراو بۆ کەرتی خۆراک و دەرمان دیاریکراوە."
پیرساڵحی ئاماژەی بەوە کرد، لەو بڕە پارەیە 1.5 ملیار دۆلاری بۆ دەرمان و ماددە سەرەتاییەکانی دروستکردنی دەرمان تەرخان کراوە، بڕەکەی دیکەش بۆ دابینکردنی شیری وشک و کەلوپەلی پزیشکی بەکاردێت.
هەروەها گوتیشی: "تاوەکو کۆتایی ساڵی 1404ی هەتاوی، توانراوە 65%ـی قەرزەکانی کەرتی دەرمان بدرێتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە لە ساڵی پێشتردا ئەو رێژەیە تەنیا 55% بووە."
تەرخانکردنی ئەم بودجە زەبەلاحە بۆ کەرتی دەرمان لە کاتێکدایە، ئابووریی ئێران بەهۆی سزا توندەکانی ئەمریکا و کورتهێنانی بودجەوە لە دۆخێکی سەختدایە. تاران بەهۆی گەمارۆ بانکییەکانەوە، لە گواستنەوەی دراوی بیانی بۆ کڕینی دەرمان و پێویستییە مرۆییەکان رووبەڕووی ئاستەنگی گەورە دەبێتەوە.
هاوکات، بەهۆی بەردەوامیی گرژییە سەربازییەکانی نێوان تاران و ئیسرائیل-ئەمریکاوە، حکومەتی مەسعوود پزیشکیان هەوڵدەدات لە رێگەی دابینکردنی بودجەی تایبەتەوە، رێگە لە سەرهەڵدانی قەیرانی دەرمان و ناڕەزایەتییە ناوخۆییەکان بگرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ