ئیسرائیل و ئەمریکا هێرشیان کردە سەر 24 پارێزگای ئێران و ژمارەیەک فەرماندە و خەڵکی سیڤیل کوژراون

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئامانجەکانیان لە ناوچە جیاوازەکانی ئێران بەردەوامن و گوتەبێژی مانگی سووری ئێران رایگەیاند، هێرشکراوەتە سەر  24 پارێزگای ئێران لە کۆی 31 پارێزگای ئێران . لە ئەنجامی هێرشەکان دا ژمارەیەک فەرماندەی ئێران کوژراون، هەروەها ژمارەیەک خەڵکی سیڤیل کوژراون کە کە ژمارەیەکیان خوێندکارن .
 
بەپێی ئەو زانیاریانەی میدیاکانی نێوخۆی ئێران بڵاویدەکەنەوە، زیاترین هێرشەکان کراونەتە سەر پارێزگاکانی تاران، قوم، ئەلبورز، ئیسفەهان، فارس، ورمێ، کرماشان، لوڕستان، سنە، ئیلام، زەنجان و هورموزگان. 
 
(ئاژانسی فارس)ی نزیک لە سوپای پاسداران شەوی شەممە بڵاویکردەوە، لە شارەکانی ورمێ، بوشێهر، قوم و هەروەها ناوچەی گەرمدەرەی پارێزگای ئەلبورز چەندین شوێن کراونەتە ئامانج. لەنێو شار و دەوروبەری تارانیش کردنە ئامانجی بنکە سەربازی و مووشەکییەکانی ئێران و هەروەها دامەزراوە حکومییەکان بەردەوامە.
 
لەنێو شار و دەوروبەری شاری کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان چەندین شوێن کراونەتە ئامانج و لە شاری تەورێزیش دەنگی لانیکەم شەش تەقینەوەی بەهێز بیستراوە. هەروەها بۆ چەندەمین جار لە بەیانییەوە، فڕۆکەخانە و چەند ئامانجێکی دیکە لە دوورگەی کیش کراونەتە ئامانج. لە شاری زەنجانیش ڤیدیۆی چەندین تەقینەوەی بەهێز بڵاوکراونەتەوە.
 
ئێوارەی ئەمڕۆ لە شاری شیرازی پارێزگای فارس، کۆمەڵگەیەکی پیشەسازیی سەربازی کرایە ئامانج. لە قەزوێنیش سەربازگەی هێزی پیادەی سوپای پاسداران کراوەتە ئامانج. لە ئیسفەهانیش لە سەربازگەیەکی سوپای پاسداران دراوە. هەروەها لە چابەهاری پارێزگای سیستان و بەلوچستان بنکەیەکی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران کراوەتە ئامانج.
 
تاوەکو ئێستا بەرپرسانی ئێران و دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکانی ئەو وڵاتە هیچ راپۆرتێکیان لەبارەی هیرشکردنە سەر دامەزراوە سەربازییەکانی ئێران  بڵاونەکردووەتەوە.
 
ئاماری سوپای ئەمریکا و ئیسرائیل
 
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا، سەنتکۆم، لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، هێزەکانی ئەمریکا بە سەرکەوتوویی "سەتان هێرشی مووشەکی و درۆنییان" کردووەتە سەر ئێران. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، بە بڕیاری دۆناڵد ترەمپ و بە ئامانجی لەنێوبردنی پێکهاتەی ئەمنیی رژێمی ئێران سەتان شوێنیان کردووەتە ئامانج و ئەو شوێنانە کراونەتە ئامانج کە بە هەڕەشەی خێرا دادەنران. هەروەها دەڵێت، زیانێکی کەم لەئەنجامی هێرشەکانی ئێران دا بەر بنکە و دامەزراوەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا کەوتووە.
 
هەروەها سوپای ئیسرائیل ئێوارەی شەممە رایگەیاند، بە نزیکەی 200 فڕۆکە نزیکەی 500 ئامانجیان لە ئێران پێکاوە. دەشڵێت، زیاترین هێرشەکانیان بۆ سەر سیستمی مووشەکی و بەرگری ئاسمانیی ئێران بووە لە رۆژئاوا و نێوەڕاستی ئێران. رۆژئاوای ئێران، کە رۆژهەڵاتی کوردستان و پارێزگای خوزستان لەخۆ دەگرێت.
 
لە راگەیێندراوەکەی سوپای ئیسرائیل دا هاتووە، هێرشی رۆژی شەممە بۆ سەر ئێران گەورەترین ئۆپەراسیۆنی ئاسمانیی ئیسرائیل بووە لە مێژوودا و "تواناکانی رژێمی ئێران بۆ هێرشکردن زۆر لاوازکراون ".
 
ژمارەی قوربانیان
 
رێکخراوی مانگی سووری ئێران کاژێر هەشت و 45 خولەک بە کاتی تاران (8:15 خولەک بە کاتی هەولێر) رایگەیاند، تاوەکو ئێستا 201 کەس لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل کوژراون و 747 کەس برینداربوون، کە ٨٥ کەس لە کوژراوان خوێندکارانی کچن کە لەئەنجامی قوتابخانەیەکی سەرەتایی کچان لە میناب بوونە قوربانی . 
 
بە گوتەی موجتەبا خالیدی، گوتەبێژی مانگی سووری ئێران، لە کۆی 31ـی پارێزگای ئێران، هێرشکراوەتە سەر 24 پارێزگای ئێران .
 
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران شەوی شەممە بە تەلەڤزیۆنی بی بی سی بەریتانی راگەیاند، ژمارەیەک فەرماندەی ئێران لە ئەنجامی هێرشەکاندا کوژراون، بەڵام ئاماژەی بە ناو و پلەی فەرماندە کوژراوەکان نەدا.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە