رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئێران راگەیێندراوێکی لەبارەی هێرشەکانی سەر ئەو وڵاتە بڵاوکردەوە و دەڵێت، ئەمریکا و ئیسرائیل کۆمەڵێک ژێرخانی بەرگری و ناوەندی مەدەنییان لە شارە جیاوازەکانی ئێران کردووەتە ئامانج.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاندووە: "ئەو هێرشانە لەکاتێکدان ئێران و ئەمریکا لە دانوستاندندا بوون. ئێمە سەرباری ئەوەی نیازی ئەمریکا و رژێمی زایۆنیمان دەزانی و لێمان روون بوو هێرشی سەربازی دەکەنە سەرمان، بۆ ئەوەی هیچ بیانوویەک نەدەینە دەستەوە چووینە نێو دانوستاندن".
وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەشڵیت: "ئێستا خەریکی بەرگریکردن لە وڵات و رووبەڕووبوونەوەی هێرشە سەربازییەکانیی دووژمنین. چۆن بۆ دانوستان ئامادە بووین، بۆ بەرگریکردنیش لە هەموو کاتێک ئامادەترین و هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی بە شکۆوە وەڵامی دەستدرێژییەکان دەدەنەوە".
وەزارەتی دەرەوەی ئێران داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایش دەکات دەستوەردانی بەپەلە بکەن و داوا لە سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایش دەکات ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن.
هاوکات وەزارەتی دەرەوەی ئێران داوا لە وڵاتانی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی ئیسلامی دەکات هێرشەکانی سەر ئێران شەرمەزار بکەن و کاردانەوەی بەپەلەیان هەبێت بۆ رووبەڕووبوونەوەیان و دەشڵێت، بێگومان ئەو هێرشانە ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکەیان خستووەتە ژێر مەترسییەکی بێ وێنەوە.
