یەکێتیی ئەورووپا سوپای پاسدارانی خستە لیستی تیرۆرەوە
رووداو دیجیتاڵ
کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا رایگەیاند، وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتییەکە هەنگاوێکی "یەکلاییکەرەوە"یان ناوە و سوپای پاسدارانی ئێرانیان وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی ناساندووە.
رۆژی پێنجشەممە 29-01-2026 کالاس لە هەژماری خۆی لە ئێکس نووسی: "سەرکوتکاری ناتوانێ بێ وەڵام بمێنێتەوە. وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا ئێستا هەنگاوێکی یەکلاییکەرەوەیان نا، بە ناساندنی سوپای پاسدارانی ئێران وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی."
بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا هۆشدارییەکی تووندیشی دایە بەرپرسانی باڵای تاران و رایگەیاند: "هەر رژێمێک هەزاران کەس لە گەلی خۆی بکوژێ، کار بۆ لەنێوچوونی خۆی دەکات."
ئەم بڕیارەی یەکێتیی ئەورووپا دوای چەندین هەفتە لە گوشاری سیاسی و دیپلۆماسی دێت و بە وەرچەرخانێک لە مامەڵەی یەکێتیی ئەورووپا لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران دادەنرێ.
ئەم بڕیارە رێگە بە وڵاتانی ئەورووپی دەدات کە تەواوی دارایی و سەرمایەکانی ئەو هێزە لە ئەورووپا سڕ بکەن، چوونە ناو خاکی ئەورووپا لە ئەندامانی قەدەخە بکەن و هەر جۆرە مامەڵەیەکی بازرگانی لەگەڵ کۆمپانیاکانی سەر بە سوپای پاسداران بە "تاوانی تیرۆریستی" هەژمار بکرێ.
ئەم هەنگاوەی برۆکسل هاوکاتە لەگەڵ هەڕەشە تووندەکانی دۆناڵد ترەمپ و ناردنی کەشتیی جەنگی بۆ ناوچەکە.