قالیباف: ئەمریکا بە ئاشکرا پەیامی گفتوگۆ دەنێرێ و بە نهێنی خەریکی داڕشتنی پلانی هێرشی زەوینییە

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دەڵێت، ئەمریکا بە ئاشکرا پەیامی گفتوگۆ دەنێرێت، بەڵام بە نهێنی خەریکی داڕشتنی پلانی هێرشی زەوینییە. ئاماژە بەوەش دەکات، "شکۆی سەربازیی ئەمریکا شکاوە."
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 29ی ئاداری 2026، محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە پەیامێکدا هێرشی تووندی کردە سەر ئەمریکا و رایگەیاند، واشنتن لیستێکی 15 خاڵی وەک مەرجی خۆی خستووەتەڕوو، بەڵام ئەمانە تەنیا "خەون و هیوان" و ئەوەی لە رێگەی جەنگەوە بۆی بەدەستنەهات، دەیەوێ لە رێگەی دیپلۆماسییەوە بەدەستی بهێنێت.
 
"شکۆی سەربازیی ئەمریکا شکاوە"
 
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ئاماژەی بەوە کرد، ئێستا جیهان شایەتی شکانی شکۆی سەربازیی ئەمریکایە و گوتی، "لە فڕۆکەی F-35ـەوە تاوەکو کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکان و بنکە ناوچەییەکان، هەموویان زیانی گەورەیان بەرکەوتووە."
 
قالیباف باسی لەوەش کرد کە بازاڕی وزە لە کۆنترۆڵ دەرچووە و جیهان لەبەردەم هەڵاوسانی نرخی خۆراکدایە، ئەوەش نیشانەی لاوازیی ئیدارەی ترەمپە لە بەرامبەر هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی.
 
تەنگەی هورمز
 
قالیباف ئاماژە بە بانگەشەکانی ئەمریکا بۆ لەنێوبردنی زۆرینەی توانا سەربازییەکانی ئێران و دۆخی تەنگەی هورمز دەکات و دەڵێت، "ئەو دووژمنەی بانگەشەی لەنێوبردنی هێزی ئاسمانی و موشەکیی ئێمەی دەکرد و پلانی رووخانی کۆماری ئیسلامی هەبوو، ئێستا گەورەترین هیوای ئەوەیە تەنگەی هورمز بە روویدا بکرێتەوە."
 
لەبارەی هێزەکانی هاوپەیمانی ئێران لە ناوچەکە، قالیباف گوتی، حیزبوڵڵای لوبنان، موقاوەمەی عێراق و ئەنسارولڵای یەمەن، ئێستا لە هەموو کاتێک بەهێزترن و "سەرسوڕهێنەری نوێ" بۆ دوژمنانیان ئامادە دەکەن.
 
هەڕەشەی "جەنگی زەوینی"
 
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هۆشداریی تووندی دایە ئەمریکا لەبارەی هەر ئەگەرێکی هێرشی زەوینی و رایگەیاند، "هێزەکانمان چاوەڕێی هاتنی سەربازە ئەمریکییەکانن تاوەکو ئاگریان تێبەربدەن و هاوبەشە ناوچەییەکانیان بۆ تا هەتایە تەمبێ بکەن."
 
لە کۆتایی قسەکانیدا، قالیباف باسی لە یەکگرتوویی نێوخۆیی ئێران کرد و گوتی، ئەمریکا و ئیسرائیل بەو جۆرە بیریان دەکردەوە کە کۆمەڵگەی ئێران دوای جەنگ پارچە پارچە دەبێت، بەڵام "گەلی ئێران یەک جەستە و 90 ملیۆن گیانن" و زیاتر لە جاران یەکگرتوون.
 
قالیباف دڵنیایی دا کە وڵاتەکەی تەنیا بە "سەرکەوتن" لەم جەنگە گەورەیە دەچێتە دەرەوە و رێگە نادەن بەبێ چەسپاندنی دەسەڵات و پێگەی ئێران، دووژمنان لە جەنگەکە پاشەکشە بکەن.