رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی دۆخی ئەمنی و سێبەری شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا، وەزارەتی پەروەردەی ئێران چەند بڕیارێکی بەپەلە و چارەنووسساز بۆ قوتابیان دەردەکات. گوتەبێژی وەزارەتەکە دەڵێ، ئەگەر دۆخەکە رێگەنەدات، تاقیکردنەوە نیشتمانییەکان ناکرێن و سیستمێکی جێگرەوە جێبەجێ دەکرێ.
عەلی فەرهادی، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی ئێران، لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە کرد، کاری لەپێشینەی ئەوان بریتییە لە ئەنجامدانی تاقیکردنەوە نیشتمانییەکان، بەڵام ئەگەر دۆخی وڵات و ئاسایشی ناوچەکە رێگر بێت، پلانی "ب" جێبەجێ دەکەن بۆ ئەوەی رەوتی خوێندن پەکی نەکەوێ.
بە گوێرەی فەرهادی، بۆ قوتابیانی پۆلی 11 و 12، ئەگەر دۆخ بۆ تاقیکردنەوەی سەرتاسەری گونجاو نەبوو، تاقیکردنەوە لەسەر ئاستی پارێزگا (تەنانەت بە شێوازی ئۆنلاین) دەکرێت بۆ ئەوەی قوتابیان بتوانن قۆناخەکەیان ببڕن.
عەلی فەرهادی گوتی، کێشە گەورەکە لە "کۆنکور" (تاقیکردنەوەی چوونە زانکۆ)دایە و ئەگەر تاقیکردنەوەکان نیشتمانی نەبن، نمرەکان کاریگەرییان لەسەر ئەنجامی کۆنکور نابێت و تەنیا وەک دەرچوون هەژمار دەکرێن.
بۆ پۆلەکانی حەوتەم تاوەکو دەیەم، وەزارەتی پەروەردە بڕیاری داوە هیچ تاقیکردنەوەیەک لەسەر ئاستی وڵات نەکرێ. فەرهادی گوتی: "دەسەڵاتی تەواومان داوەتە بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی پارێزگاکان و ناوچەکان کە خۆیان بە سەربەخۆیی کاتی تاقیکردنەوەکان دیاری بکەن، بێ ئەوەی پێویستیان بە گەڕانەوە بۆ تاران هەبێت."
لەبارەی قۆناغی بنەڕەتیشەوە (پۆلی 1 تا 6)، سیستمی هەڵسەنگاندن بەو شێوەیە بێت کە تەنیا ئاستەکە وەک باش، ناوەند و زۆر باش دیاری بکرێ و نمرەی ژمارەیی تێدا نابێت، مامۆستاکان بەپێی ئاستی قوتابییەکە بڕیار لەسەر دەرچوونی دەدەن.
ئەم بڕیارانەی وەزارەتی پەروەردە لە کاتێکدان، ئێران لەنێو جەرگەی ململانێدایە لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ