رووداو دیجیتاڵ
ئەو مەلا ئێرانییەی لە کاتی رێوڕەسمی حەجدا لەلایەن پۆلیسی سعودیەوە دەستبەسەرکرا ئازاد کرا و گەڕایەوە ئێران.
غولامڕەزا قاسمیان، درەنگی شەوی رابردوو لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، "بە هەوڵی باڵیۆزخانەی ئێران لە سعودیە ئازاد کراوە و لە رێگەی دوبەیەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئێران".
رۆژی دووشەممە26ـی ئایاری2025، غولامڕەزا قاسمیان، مامۆستای ئایینی شیعە مەزهەب، لە میدیای ئێراندا بە ناوی شارەزای ئایینی زۆر دەردەکەوێت و لە رێوڕەسمە ئایینییەکانی نووسینگەی رێبەری کۆماری ئیسلامیشدا بەشدار دەبێت، دوای بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەک لە مەدینە دەستبەسەرکرا.
مەلاکە لە ڤیدیۆیەکدا کە لەنێو مزگەوتی پێغەمبەر محەممەد (د.خ) لە مەدینە تۆمار و بڵاویکردووەتەوە دەڵێت, خەڵک لەمەودوا دەتوانن لەبری ئەوەی بچنە ئەنتالیای تورکیا، دەتوانن گەشتی مەککە و مەدینە بکەن.
ئەو مامۆستا ئایینییە دەسەڵاتدارانی سعودیە بە کاسبکار و داگیرکەری شوێنە پیرۆزەکان و ماڵی خودا ناودەبات و دەڵێت، لە مەککە و مەدینە قومارخانە و شوێنی بەدڕەوشتی و خواردنەوەی کحولییان کردووەتەوە و کۆنسێرتی بەدڕەوشتانە بەڕێوەدەبەن؛ هەروەها دەڵێت، هەموو ئەوانە نیشانەن بۆ ئەوەی کاتی دەرکەوتنی ئیمام مەهدی هاتووە و مەککە و مەدینە لە دەستی "داگیرکەران"ـی دەردەهێنێت.
دوای دەستبەسەرکردنی ئەو مامۆستا ئایینییە، دەزگای دادی ئێران داوای لە وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە کرد، بەدواداچوون بۆ هۆکاری دەستبەسەرکردنی بکات و هەوڵی ئازادکردنی بدات.
عەلیڕەزا عینایەتی، باڵیۆزی ئێران لە سعودیە لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی، سعودیە هەموو هەوڵی خۆی خستووەتەگەڕ بۆ خزمەتکردنی زیارەتکارانی حەج و هیچ کەس بێڕێزی قبووڵ ناکات و زیارەتکاران دەبێ رێز لە یاساکانی ئەو وڵاتە بگرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ