رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم رایگەیاند، ئەو بڕە یۆرانیۆمەی ئێران هەیەتی بەشی دروستکردنی 10 چەکی ئەتۆمی دەکات. دەشڵێت، هێشتا ناتوانن بنکەکانی ئێران و ئەو یۆرانیۆمەی هەیانە بپشکنن، هەرچەندە ژمارەیەک پشکنەریان لەو وڵاتەن.
رۆژی چوارشەممە، 29ـی تشرینی یەکەمی 2025، رافائێل گرۆسی سەبارەت بە دەستکردنەوەی ئێران بە پیتاندنی یۆرانیۆم رایگەیاند، "نا نا لەم ساتەدا نا. هیچ جموجوڵێک نییە. هیچ چالاکییەک لەوێ نییە، بەڵام یۆرانیۆمی پیتێندراو بە رێژەی 60٪ هێشتا لەو وڵاتە ماوە". دەشڵێت، "ئەمە یەکێکە لەو خاڵانەی گفتوگۆی لەسەر دەکەین، چونکە پێویستە بگەڕێینەوە ئەوێ و پشتڕاستی بکەینەوە کە ئەو یۆرانیۆمەی لەوێیە ناگۆڕدرێت و بۆ مەبەستی دیکە بەکارنایەت."
لەکاتی جەنگی 12 رۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل لە حوزەیرانی ئەمساڵدا، ئەمریکا سێ بنکەی ئەتۆمیی ئێرانی بۆردوومان کرد و تاوەکو ئێستا چارەنووسی ئەو یۆرانیۆمە پیتێندراوە ئاشکرانەکراوە کە لەو بنکانەدا بووە.
پێش جەنگەکە، ئێران زیاتر لە 400 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێندراوی بە رێژەی 60٪ هەبوو. گرۆسی لەو بارەیەوە گوتی، "لە رووی تیۆرییەوە، بەو بڕە یۆرانیۆمەی هەیانە دەتوانن بە نزیکەیی 10 چەکی ئەتۆمی دروست بکەن، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە کە ئێران هەیبێت. دووبارەی دەکەمەوە، ئەمە مانای ئەوە نییە کە ئێران چەکەکەی هەبێت. ئەمە پێویستی بە کاری زۆر زیاترە. بە دڵنیاییەوە، نیگەرانی جیهان بۆ ئەو پرسە زۆر گرنگە."
بە گوێرەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، ئێران تەنیا وڵاتە کە پیتاندنی یۆرانیۆمیان بە رێژەی 60٪ هەبێت جگە لەو وڵاتانەی چەکی ئەتۆمیان هەیە.
لە کاتی جەنگەکەدا، ئێران هەموو هاوئاهەنگییەکی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم راگرت. دواتر، رێگەیان بە ژمارەیەک پشکنەری ئەو ئاژانسەدا بچنەوە ئێران. گرۆسی لەو بارەیەوە گوتی، "لە کاتێکدا ئێمە قسە دەکەین، ژمارەیەک پشکنەرمان لە ئێرانن. ئایە ئەمە مانای وایە کە ئەو هاوئاهەنگییە دەکەین کە پێویستە بیکەین؟ نەخێر. ئەمەش بەشێکە لە گفتوگۆکانمان. پێویستە بنەمایەکمان بۆ رێککەوتنێک لەگەڵ ئێران هەبێت و پێویستیشە بتوانین کە هەموو بنکەکانیان بپشکنین".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ