ئێران دوو ئەندامی دیکەی موجاهیدینی خەڵقی لەسێدارە دا
رووداو دیجیتاڵ
بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، دەسەڵاتی دادوەریی ئێران سزای لەسێدارەدانی بەسەر دوو ئەندامی رێکخراوی موجاهیدینی خەڵقدا جێبەجێ کرد، کە تاوانبار کرابوون بە ئەنجامدانی چەندین "کردەوەی تیرۆریستی" و هێرشکردنە سەر ناوەندە حکومییەکان لە تاران.
بەگوێرەی میدیا فەرمییەکانی ئێران، ئەو دوو کەسەی لەسێدارە دراون ناویان (بابەک عەلیپوور) و (پوویا قوبادی)یە. راگەیێندراوە کە دوای تەواوبوونی رێکارە یاساییەکان و پشتڕاستکردنەوەی حوکمەکەیان لەلایەن دیوانی باڵای ئێرانەوە، سزاکەیان بەسەردا جێبەجێ کراوە.
بابەک عەلیپوور
لە راگەیێندراوی دادگەدا هاتووە کە 'بابەک عەلیپوور' لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە پەیوەندی بە رێکخراوی موجاهیدینی خەڵقەوە کردووە.
تاوانبارکراوە بەوەی لە پارێزگای گیەڵانەوە چووەتە تاران و چوار مووشەکی ئاراستەی باڵەخانەی دامەزراوەیەکی حکومی کردووە، هەروەها بەشداریی لە هێرشکردنە سەر باڵەخانەی وەزارەتی ئیتڵاعات دا کردووە.
پوویا قوبادی
دەسەڵاتدارانی ئێران دەڵێن، پوویا لەناو حەشارگەیەکی تاران دا لە کاتی دروستکردنی بۆمب و کەلوپەلی تەقینەوەدا دەستگیرکراوە. ئاماژە بەوەش کراوە کە ویستوویەتی لە سنوورەکانی شاری مهابادەوە بە قاچاخ بچێتە دەرەوەی وڵات بۆ ئەوەی لە وڵاتێکی دراوسێ مەشق و راهێنانی سەربازی بکات، بەڵام لە کاتی پەڕینەوە لە سنوور لەلایەن هێزە سنوورپارێزەکانەوە دەستگیرکراوە.
دادگەی ئێران ئەو دوو کەسەی بە یاخیبوونی چەکداری، ئەندامبوون لە رێکخراوی موجاهیدینی خەڵق، تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی و تێکدانی موڵکی گشتی تۆمەتبار کردبوو.
دوای چەندین دانیشتنی دادگە و وەرگرتنی گوتەی پارێزەرەکانیان، دادگە سزای لەسێدارەدانی بۆ بڕینەوە و دیوانی باڵای ئێرانیش بڕیارەکەی پەسند کرد.
رێکخراوی موجاهیدینی خەڵق، کە بەرهەڵستکاری حکومەتی تارانە، لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە وەک رێکخراوێکی "تیرۆریستی" دەناسرێت و ساڵانە چەندین کەس بە تۆمەتی ئەندامبوون یان هاوکاریکردنی ئەو رێکخراوە لەسێدارە دەدرێن.
رۆژی 29ی ئاداریش، تاران رایگەیاندبوو کە دوو کەسی بە تۆمەتی ئەنجامدانی کردەوەی "تیرۆریستی" و پەیوەندی بە رێکخراوی موجاهیدینی خەڵق لەسێدارە داوە.
بەپێی راپۆرتی دەزگای دادوەریی ئێران، ئەو دوو کەسە ناویان (ئەکبەر دانشڤەرکار) و (محەممەد تەقەوی سەنگدەهی)بووە. تاوانبار کراون بەوەی "لە رێگەی تێلیگرامەوە پەیوەندییان بە سەرپەلەکانی موجاهیدینی خەڵقەوە کردووە و لە ناوخۆی ئێران تیمیان بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی و تێکدەرانە پێکهێناوە."
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، محەممەد تەقەوی وەک سەرۆکی تیمەکە، بەو پارەیەی لەلایەن رێکخراوەکەوە بۆی دابینکراوە، "چەند خانوویەکی بۆ حەشارگەی ئەندامانی تیمەکە گرتووە و تەقەمەنیی کڕیوە بۆ بەئامانجگرتنی ناوەندە هەستیار و حکومییەکان لە تاران."
هەر بەپێی تۆمەتەکانی دادگا، ئەکبەر دانشڤەرکار، لەکاتی ئاڵۆزییەکانی رابردووی ئێران دا، نەخشەی رووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان داڕشتووە و لە چەندین ئۆپەراسیۆندا بەشدار بووە.