سوپای پاسداران لەبارەی کوژرانی هەنییە: وەڵامێکی تووند و جەرگبڕمان دەبێت

31-07-2024
سینا سۆما
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سوپای پاسداران لەبارەی کوژرانی ئیسماعیل هەنییە رایگەیاند، "بێ گومان ئەم تاوانەی رژێمی زایۆنی رووبەڕووی وەڵامێکی تووند و جەرگبڕی بەرەی زلهێز و زەبەلاحی مقاوەمە و بە تایبەت ئێرانی ئیسلامی دەبێتەوە."

سوپای پاسدارانی ئێران بە "تووندی" کوشتنی ئیسماعیل هەنییە سەرکۆنە دەکات: "لە کاژێرە سەرەتاکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، 31ـی تەمووزی 2024، موجاهیدی گەورە د. ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی بەڕێزی مەکتەبی سیاسیی حەماس و یەکێک لە پاسەوانە ئازاکانی، لە کردەوەیەکی تیرۆریستیی رژێمی ترسنۆک و تاوانکاری زایۆنی، لە شوێنی نیشتەجێبوونیان لە تاران شەهید بوون."
 
دەشڵێت، ئیسماعیل هەنییە یەکێک لەو کەسایەتییە دیارانەی نزیکەی 110 شاندی بیانی بوو کە لەلایەن پەرلەمانی ئێرانەوە بەمەبەستی بەشداریکردن لە رێوڕەسمی سوێندخواردنی چواردەیەمین خولی سەرۆککۆماریی ئێران بانگهێشتکرابوون و لەم ساڵانەی دواییدا و بە تایبەت لە دوای ئۆپەراسیۆنی مێژوویی تۆفانی ئەقسا، چەندین جار سەردانی ئێرانی کردبوو.
 
سوپای پاسداران رایگەیاند، "ئەم تاوانە پێشانی دا کە گرووپی تاوانبار، بکوژ و تیرۆریستی زایۆنی بە بێ گوێدانە یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەکان، بۆ پەردەپۆشکردنی شکستە ترسناکەکانی شەڕی 9 مانگەی غەززە کە بووەتە هۆی کۆمەڵکوژکردنی دەیان هەزار ژن، پیاو و منداڵی فەلەستینی، لە هیچ کردەوەیەک درێخی ناکات."
 
لە بەشێكی دیکەی راگەیێندراوەکەیدا، سوپای پاسداران هەڕەشەی تۆڵەکردنەوە دەکات و دەڵێت، "بێ گومان ئەم تاوانەی رژێمی زایۆنی رووبەڕووی وەڵامێکی تووند و جەرگبڕی بەرەی زلهێز و زەبەلاحی مقاوەمە و بە تایبەت ئێرانی ئیسلامی دەبێتەوە."
 
سوپای پاسداران بێ ئەوەی وردەکاری و زانیاریی زیاتر لە بارەی چۆنییەتی رووداوی کوژرانی ئیسماعیل هەنییە بڵاوبکاتەوە، رایگەیاندووە، "بەرنامەکانی رێوڕەسمی ناشتنی تەرمی هەنییە و پاسەوانەکەی لەلایەن ئەنجومەنی هاوئاهەنگیی پڕوپاگەندەی ئیسلامییەوە رادەگەیێنرێت."
 
سوپای پاسدارانی ئێران بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند، ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس و پاسەوانێکی تایبەتی لە تاران کوژراون.
 
تاوەکو ئێستا ئێران بە فەرمی هیچ وردەکارییەکی لەبارەی کوشتنی هەنییە بڵاونەکردووەتەوە و تەنیا رایگەیاندووە، شوێنی مانەوەی لە تاران کراوەتە ئامانج و لە ئەنجامدا خۆی و پاسەوانێکی کوژراون.
 
هەنییە بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی سوێندخواردن و دەستبەکاربوونی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری نوێی ئێران لە تاران بوو. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

موجتەبا خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران

موجتەبا خامنەیی سوپاسی حیزبوڵڵای لوبنان و گرووپە چەکدارەکانی عێراق دەکات بۆ چوونە نێو جەنگەکەوە

موجتەبا خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران دەڵێ، هاوشێوەی هاووڵاتییانی دیکەی وڵاتەکەی، لە تەلەڤزیۆنەوە زانیویەتی کە بە رێبەری نوێ هەڵبژێردراوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات سوپای وڵاتەکەی درێژە بەو جەنگە دەدات لە رۆژی 28ی شوباتەوە لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل دەستی پێکردووە.