سەرۆکایەتى پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنەکان کۆبوونەوە؛ "نابێت هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار لە 8-2 تێپەڕێت"
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتیی پەرلەمانى عێراق و سەرۆکی فراکسیۆنەکان چاوەڕێی ئەنجامی سەردانی شاندێکی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگین بۆ هەرێمی کوردستان لەبارەی پۆستى سەرۆککۆمار، تاوەکو رۆژی دانیشتن بۆ هەڵبژاردنەکە دیاری بکەن و باسیان لەوە کردووە کە نابێت ئەو دانیشتنە لە 8ی شوبات تێپەڕێت.
کۆبوونەوەکە ئەمڕۆ یەکشەممە 2ی شوباتی 2026 کرا، دوای ئەوەی نەتوانرا دانیشتنى پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بکرێت.
یەکێک لە سەرۆک فراکسیۆنەکان کە نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە و بەشداربووی کۆبوونەوەکە بوو، بە رووداوی راگەیاند، دوو رۆژ دیاریکراوە بۆ دانیشتن، ئەگەر سەردانى شاندنى هاوپەیمانى چوارچێوەى هاوئاهەنگى بۆ هەرێمى کوردستان ئەرێنى بوو، 5 ى شوبات دەبێت، ئەگەریش ئەرێنی نەبوو، دانیشتنەکە لە 8ی شوبات بکرێت.
بەگوێرەی دەستوور، دەبێت لە 30 رۆژدا لە یەکەم کۆبوونەوەی خولی نوێی پەرلەمان، سەرۆککۆمار هەڵبژێردرێت و ئەویش لە 15 رۆژدا بەربژێری سەرۆکوەزیران بۆ پێکهێنانی حکومەت رابسپێرێت.
موسەننا ئەمین، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە کۆبوونەوەکەدا پێشنیاز کرا کە چاوەڕێی سەردانی شاندی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بکەن بۆ هەرێمی کوردستان، ئەگەر سەردانەکە ئەرێنی بوو، پێنجشەممە یان شەممە یان یەکشەممەی داهاتوو بۆ دانیشتنی پەرلەمان دیاری بکەن بە مەبەستی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار."
شاندەکەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی 2ی شوبات سەردانی سلێمانی و هەولێر دەکەن و لەگەڵ یەکێتی و پارتی کۆدەبنەوە.
بەگوتەی عەباس رازی، ئەمینداری گشتیی هاوپەیمانێتییەکە، ئەو سەردانە بۆ گەیشتنە بە لێکتێگەیشتن لەنێوان یەکێتی و پارتی لەبارەی پۆستەکەوەیە.
موسەننا ئەمین گوتی: "لە کۆبوونەوەکەدا وا باس کراوە کە نابێت دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار لە 8ی شوبات تێپەڕێت".
بۆ پۆستی سەرۆککۆمار 19 بەربژێر کێبڕکێ دەکەن، دیارترینیان فوئاد حوسێن، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان و نزار ئامێدی، بەربژێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانن.