راوێژکارێکی سوودانی بۆ رووداو: دەنگۆی لەنێوچوونی 62 تریلیۆن دینار بەهۆی جرج و مشکەوە راست نییە

رووداو دیجیتاڵ

لە بەشێکی ماڵپەڕ و پلاتفۆرمەکاندا بڵاوکراوەتەوە کە جرج و مشک 62 تریلیۆن دینار نەختینەیی عێراقیان خواردووە. راوێژکارێکی سوودانی ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە و بە "نالۆژیکی" ناوی دەبات.
 
ئەمڕۆ هەینی د. موزهر محەممەد ساڵح، راوێژکاری دارایی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە رووداوی راگەیاند: "چەند رۆژێکە لە هەندێک ماڵپەڕی هەواڵی و هەژماری نێو سۆشیاڵ میدیادا بانگەشەیەکی نالۆژیکی هەیە کە گوایە جرج و مشک بڕی 62 تریلیۆن دیناریان لە پارەی نەختینەی عێراق خواردووە. ئەو جۆرە دەنگۆیانە نالۆژیکین و بەتەواوی دوورن لە راستییەوە."
 
د. موزهر گوتی: "بڕی پارەی نەختینەی عێراق 100 تریلیۆن دینار تێناپەڕێت کە پێکدێت لە پارەی مامەڵەپێکراو و پارەی یەدەگ؛ بۆیە دەنگۆی لەو جۆرە لە رووی ئابوورییەوە ناگونجێ و جێگەی باوەڕ نییە."
 
راوێژکارەکەی سوودانی رایگەیاند: "داتا فەرمییەکان دەریدەخەن، نزیکەی 88٪ی کۆی نەختینەیی عێراق لە دەرەوەی سیستمی بانکییە و لەلایەن تاکەکانەوە پاشەکەوت کراوە. ئەو پارەیە لەنێو کۆگا یان ژێرزەوییەکی تایبەتدا نییە تاوەکو ئەگەری ئەوە هەبێت تووشی لەنێوچوونێکی لەم جۆرە ببێت."
 
د. موزهر گوتیشی: "سیستمی نەختینەیی عێراق بە رێکاری گونجاو و تووندی بەڕێوەبردندا تێدەپەڕێت و ناکرێت بڕە پارەیەکی هێندە زۆر بەبێ چاودێری یان بەدواداچوون جێبهێڵدرێت".
 
بە گوتەی راوێژکارەکەی سوودانی، "دەنگۆکە ئامانجی دروستکردنی سەرلێشێوان و هاندانی رای گشتییە، بەتایبەتی لەلایەن کەسانی ناشارەزاوە کە لە سرووشتی سیستمی نەختینەیی وڵاتەکەمان و چۆنییەتی کارکردنی تێناگەن، ئەمەش بابەتێکە کە پێویستە بە ژیری و لۆژیک رووبەڕووی ببینەوە."
 
د. موزهر داوای لە هاووڵاتییان و میدیاکان کرد "هەواڵی لەم جۆرە چەواشەکارانە بڵاونەکەنەوە کە سووکایەتیکردنە بە ژیریی و تێگەیشتنی خەڵک و هیچ بەهایەکی ئابووری یان واقیعی لەخۆناگرێت."