ئەو دوو کەسە دەستگیرکران کە بە سینى لە زیارەتکارێکى ئێرانى دەدەن

رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتى ناوخۆى عێراق ئەو دوو کەسەى دەستگیرکرد، کە لە یەکێک شارەکانى عێراق بە سینى لە زیارەتکارێکى ئێرانى دەدەن.
 
رۆژی 31ى ئابى 2023 وەزارەتى ناوخۆى عێراق رایگەیاند، لەدواى بڵاوبوونەوەى دیمەنى هێرشکردنە سەر زیارەتکارێکى ئێرانى بۆ چلەى ئیمام حوسێن لە شارى کەربەلا لە رێگەى هێزەکانیانەوە بەدواداچونیان کردووە و توانیویانە ئەنجامدەرانی هێرشەکە دەستگیر بکەن، کە دوو کەس بوون.
 
بە گوێرەى وەزارەتى ناوخۆى عێراق ئەو دوو کەسە لەلایەن ئاژانسى  هەواڵگرى و لێکۆڵینەوەکانى سەر بە وەزارەتى ناوخۆ دەستگیرکراون و رێوشوێنى یاسایی لە دژیان گیراوەتەبەر و دەڵێت: "ئەو دوو کەسە تەنیا نوێنەرایەتى خۆیان دەکەن".
 
بەپێی دیمەنەکان کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە؛ دوو کەس هێرش دەکەنە سەر زیارەتکارێکى ئێرانى و یەکێکیان بە سینی لە سەری زیارەتکارەکە دەدات.
 
6ى ئەیلوول چلەى ئیمام حوسێن دەستپێدەکات کە ساڵانە نزیکەى چوار ملیۆن زیارەتکارى ئێرانى بەو بۆنەیەوە سەردانى عێراق دەکەن.