لە پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە کرا

03-04-2023
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمشەو پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە و پەرلەمانتارێک دەڵێت، خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە کرا.
 
سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، دوای پەسندکردنی، پڕۆژەیاساکە ئاراستەی لیژنەی پەیوەندیدار کرا، دوو قۆناخی دیکەی لەبەردەمە و دوای خوێندنەوەی دووەم کە لە خوێندنەوەی دووەم گفتوگۆی پڕۆژەیاساکە دەکرێت، دواتر دەنگی لەسەر دەدرێت.
 
بە گوتەی سۆران عومەر، لە کۆبوونەوەکەدا هەندێک داواکاریی پەرلەمانتاران هەبوو بۆ ئەوەی قەزاکانی تەلەعفەر، فاو و خورماتووش بکرێنە پارێزگا و هەموویان پێکەوە بڕیاریان لەسەر بدرێت، بەڵام پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە کرد و رەوانەی لیژنەی تایبەتمەند کرا.
 
ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای هێنانەکایەی پارێزگای هەڵەبجە لە ئەنجوومەنی نوێنەران ئەمشەو بەسەرکەوتوویی تێپەڕی.
 
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە 13ـی ئاداری 2023، پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجەی پەسندکرد و رەوانەی پەرلەمانی عێراقی کرد. بەپێی پڕۆژەیاساکە "ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان سنووری پارێزگاکە و یەکە کارگێڕییەکانی دەستنیشان دەکات."
 
سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران بە رووداوی گوت، "هەم بەم یاسایەی هێنانەکایەی پارێزگاکە و هەم بە گوێرەی یاسای پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانیش، وەک لە مادەی 20 و شەشەم لە بەشی چوارەم لە یاسای پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان ژمارە 3ـی ساڵی 2009 هاتووە، فراوانکردنی سنووری پارێزگای هەڵەبجە و خستەسەری قەزای دیکە بە تایبەتیش قەزاکانی پێنجوێن وسەیدسادق، بە رەزامەندی خۆیان بۆ پارێزگاکە و گۆڕینی ناحیەکانی بۆ قەزا، بە مەرسوومی هەرێمی ئەنجام دەدرێت و پێویستی بە رەزامەندیی فیدراڵیی نییە".
 
سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران ئاماژە بەوەش دەکات، "هیچ رێگرییەکی دەستووریی و یاسایی نییە لەبەردەم فراوانکردنی سنووری پارێزگاکە لە داهاتوو، ئەم بابەتەش لە ناو دەسەڵاتە رەهاکانی فیدراڵی نییە و دەکەوێتە ناو دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان پشت بەست بە مادەی 115ـی دەستوور. بە پەسەندکردنی پڕۆژەیاساکە لە پەرلەمان، پارێزگای هەڵەبجە ئێستا لە یەک قەزا پێکدێت کە ئەویش قەزای ناوەندی هەڵەبجەیە و لەگەڵ ناحیەکانی (خورماڵ، سیروان، بیارە و بەمۆ)".
 
لە ساڵی 2013 نێچیرڤان بارزانی، کە ئەوکات سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بوو، رەشنووسی یاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجەی رادەستی حکومەتی عێراق کرد. 
 
‌هەڵەبجە لە کۆنترین قەزاکانە. لە سەردەمی عوسمانییەکاندا و پێش دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق، لە ساڵی 1889 کراوەتە قەزا و وەسمان پاشای جافی هاوژینی عادیلە خانم، یەکەم قایمقامی قەزاکە بووە.
 
پارێزگاکە لە قەزایەک و چوار ناحیە پێکهاتووە؛ قەزای ناوەندی هەڵەبجە و ناحیەکانی خورماڵ، بیارە، بەمۆ و سیروان. 
 
ماوەی 20 ساڵ دەبێت هیچ پارێزگایەکی نوێ لە عێراق دروستنەکراوە، لەکاتێکدا بەراورد بە ساڵی 2003 ژمارەی دانیشتووانی عێراق بەپێی ئەو ئامارانەی لەبەردەستن، بە رێژەی 40٪ زیادیکردووە و لە 25 ملیۆنەوە بووەتە 42 ملیۆن کەس. ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستانیش بە رێژەی 27٪ زیادیکردووە و لە 4 ملیۆن و 800 هەزار کەسەوە بووەتە زیاتر لە 6 ملیۆن و 400 هەزار کەس.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

جێنین پلاسخارت، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق

پلاسخارت: عێراقێک دەبینین کە لە هەستانەوەدایە

نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، دوایین راپۆرتی خۆی لەسەر عێراق لە نیویۆرک خوێندەوە و گوتی، "ئاڵنگارییەکان لە عێراق زۆرن، بەڵام ئێمە ئێستا عێراقێک دەبینین، کە لە هەستانەوەدایە."