رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى تەندروستیى عێراق دەرگاى پێشکێشکردن بۆ دامەزراندنى دەرچووانى کۆلێژ و پەیمانگە تەندروستى و پزیشکییەکانى هەرێمى کوردستان دەکاتەوە.
ئەو بڕیارەى وەزارەتى تەندروستیی عێراق، لە بانگەوازێکدا بوو کە رۆژی یەکى ئایار بڵاویکردووەتەوە؛ دەرچووانى کۆلێژ و پەیمانگە پزیشکى و تەندروستى و تەکنیکی و پەرستیارییەکان لە هەرێمى کوردستان دەگرێتەوە بۆ ساڵى خوێندنى 2022–2023.
ماجید شنگالى، سەرۆکى لیژنەى تەندروستیی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، ئەو بانگەوازە بۆ ئەو کەسانەیە کە نیشتەجێى پارێزگاکانى عێراقن، بەڵام لەو زانکۆ و پەیمانگایانەى هەرێمى کوردستان خوێندوویانە بە ناوچە کوردستانییەکانیشەوە.
بۆ پێشکێشکردنى داواکاریی بۆ ئەو دامەزراندنە، بەستەرێکى ئەلیکترۆنى (بەستەرەکە) داندراوە، ماوەى 15 رۆژ کارایە بۆ پڕکردنەوەى فۆڕم.
سەرۆکى لیژنەى تەندروستیى پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، ئەو بانگەوازە دەرچووانى سەرجەم زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکانى هەرێمى کوردستان دەگرێتەوە، بەڵام بۆ ئەهلییەکان تەنیا کۆلێژەکان دەگرێتەوە و دەرچووى پەیمانگەکان وەرناگیرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ