سوودانی: رێگە نادەم ناکۆکییەکان ببنە هۆکارێک بۆ ئەوەی هاووڵاتیی باجی قورس بدات
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشوازی سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان کرد. سوودانی رایگەیاند، "رێگە نادات ناکۆکییەکان ببنە هۆکارێک بۆ ئەوەی هاووڵاتیی باجێکی قورس بدات".
نووسینگەری سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، محەممەد شیاع سوودانی و عەلی باپیر تاوتوێی دۆسیەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستانیان کردووە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لە کۆبوونەوەکە باس لە رێککەوتنەکانی پەیوەست بە شایستە داراییەکان و کاریگەریی پابەندبوون بە جێبەجێکردنیان لەسەر هاووڵاتییانی هەرێم، هەروەها گفتوگۆ سەبارەت بە گۆڕانکارییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان کراوە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە داوە، "حکومەت لەسەر بنەمای بەرپرسیارێتی خۆی بەرامبەر بە هاووڵاتییانی لە سەرانسەری عێراقدا، هەوڵیداوە چارەسەری دەستووری و یاسایی و یاسادانانی گونجاو بۆ پرسی شایستە داراییەکان و سووککردنی باری سەرشانی هاووڵاتییانی هەرێم بدۆزێتەوە."
سوودانی جەختیشیکردەوە، "رێگە نادات ناکۆکییەکان ببنە هۆکارێک بۆ ئەوەی هاووڵاتی باجێکی قورس بدات، چ لە هەرێم بێت یان لە پارێزگاکانی دیکە." ئەمە بەگوێرەی راگەیێندراوەکە.
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، عەلی باپیر "سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ رۆڵی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران لە دابینکردنی مافەکانی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و پەرۆشیی بۆ بەردەوامیدانی سەقامگیری و خۆشگوزەرانی لە سەرانسەری وڵاتدا دەربڕی."