نوێنەری سیستانی داوادەكات قوتابیان فێری خۆشەویستی نیشتمان بكرێن

02-10-2015
سەمیع زوبێر
نیشانەکردن سیستانی
A+ A-

رووداو ـ هەولێر

نوێنەری گەورە مەرجەعی شیعەی عێراق جەختی لەسەر گرنگی بەرزكردنەوەی ئاستی زانستى و رەوشت و گرنگیدان بە دەزگای فێركاری كردەوە، داواشیكرد" قوتابیان فێری خۆشەویستی نیشتمان و رێزگرتن لە سامانی گشتی بكرێن".


ئەحمەد سافی نوێنەری عەلی سیستانی گەورە مەرجەعی شیعەی عێراق لە میانەی گوتاری ئایینی ئەمڕۆ هەینی 2-10-2015 لە شاری نەجەف گوتی "بەرپرسیاریەتییەكی گرنگ لەسەر شانی قوتابیانە بۆ ئەوەی بخوێنن لە پێناو بەدەستهێنانی بڕوانامەی زانستی بۆ ئەوەی بتوانن ئاییندەیەكی گەش بۆ خۆیان و نیشتمانەكەیان دابین بكەن".

ئەحمەد سافی بە ئاماژەدان بەوەی ، ئەمڕۆ خوێندكاران لەسەر كورسی خوێندنن، بەیانیش لەسەر كورسی بەپرسیاریەتی و خزمەتی كردنی نیشتمانن، جەختیکردەوە لەسەر" گرنگی دابینكردنی پێداویستیەكانی خوێندن لە پێناو بەرزكردنەوەی ئاستی زانستى و گرنگیدان بە دەزگای فێركاری بە هەموو ئاستەكانییەوە".

هەروەها نوێنەری سیستانی داوایكرد " قوتابیان فێری خۆشەویستی نیشتمان و پاراستنی سامانی گشتی بكرێن و تێبگەیەندرێن كە دزیكردن لە حكومەت وەكو دزيكردنە لە خەڵكی، كردەوەیەكی قێزەون و حەڕامە".

سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیش ئەحمەد سافی گوتی "گرنگترین رێگە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دادگاییكردنی ئەو بەرپرسانەیە كە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو سەدان ملیاریان لە رێگەی پڕۆژەی وەهمیدا دزیوە".

 چاكسازی راستەقینەش بە گوتەی نوێنەری سیاستانی" بە دەستگیركردن و دادگاییكردنی ئەو گەندەڵكارانە دەستپێدەكات كە داهاتی گشتیان دزیوە، ئەگەر دەستگیرنەكرێن و لێپێچینەوەیان لەگەڵ نەكرێت لەبەرامبەر ئەو تاوانانەی ئەنجامیانداوە ئەوە گەندەڵی بەردەوام دەبێت و گەندەڵكاران واز لە گەندەڵی ناهێنن".

گوتیشی" چاكسازیش پێویستیەكی بنەڕەتی و گرنگەو پەیوەندی بە ئاییندەی ئەو وڵاتەوە هەیە، بۆیە دەبێ هەموو هەوڵێكمان بۆ ئەم ئامانجە بخەینە گەڕ".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە