ئۆزتورك یڵماز: زۆربەی ئەمیرەكانی داعش مووسڵیان جێهێشتووە

02-11-2016
كەمال ئاڤچی
نیشانەکردن موسڵ توركیا شەڕی_موسڵ پەكەكە
A+ A-

رووداو- ئەنقەرە

كونسوڵی پێشووی توركیا لە مووسڵ دەڵێت، ئۆپەراسیۆنی مووسڵ وەكو ئەوەی چاوەڕێ‌ دەكرا ناچێتە پێش، چونكە داعش لە ماوەی ئەو دوو ساڵ و چەند مانگەی مووسڵی گرتووە، چەكێكی زۆری لە شارەكەدا كۆكردووەتەوە، بەڵام گەشبینە بە نەمانی داعش لە ناوچەكە.

كاتێك داعش لە رۆژی 9/6/2014 گەیشتە نێو شاری مووسڵ، ئۆزتورك یڵماز، كونسوڵی پێشووی گشتیی توركیا لە مووسڵ لەگەڵ كارمەندانی كونسوڵخانەكەی لەنێو شارەكەدا بوون، پاشان لەلایەن چەكدارانی داعشەوە بە بارمتە گیران. دواتر توركیا رایگەیاند كە لە "ئۆپەراسیۆنێكی تایبەت"دا رزگار كراون. ئۆپەراسیۆنێك كە تا ئەمڕۆش پڕ لە تەمومژە.

 
پلانی ئۆپەراسیۆنی مووسڵ پەلە پەلی پێوە دیار بوو


یڵماز لە هەڤپەیڤینێكی تەلەڤزیۆنیدا لەگەڵ (رووداو) كە رۆژانی داهاتوو بڵاودەبێتەوە، باسی ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵ دەكات و دەڵێت "پلانی ئۆپەراسیۆنی مووسڵ پەلە پەلی پێوە دیار بوو، دەڵێن پلانی دوای كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵ ئامادەیە، بەڵام لەو باوەڕەدام كە ناڕێكوپێكییەك لە پلانەكەدا هەیە، ئێستا كێبڕكێ‌ لەسەر ئەوەیە كێ‌ مووسڵ كۆنترۆڵ بكات".

هەر لە درێژەی ئەو قسانەدا گوتی: "هەرچەندە وا نیشان دەدرێ‌ كە هەماهەنگییەك لە نێوان هێزەكاندا هەیە، بەڵام لە پشت دەرگاوە ناكۆكیی زۆر هەن".  یڵماز هەرچەندە دەڵێت ئۆپەراسیۆنەكە بە هێواشی بەڕێوەدەچێ‌، بەڵام لەو باوەڕەدایە داعش لە ناوچەكە دەربكرێ‌.
 
توركیا سیاسەتێكی دروستی بۆ ئۆپەراسیۆنی مووسڵ نییە

 ئەو باسی رەوشی داعش لە نێو مووسڵ دەكات و دەڵێت "لەو باوەڕەدام بەشێك لە ئەندامانی داعش بە تایبەتی ئەمیر و پلە باڵاكانیان لە مووسڵ نەماون، ئێستا ئەوانەی لەوێن سەرجەمیان خەڵكی عێراقن. پێموایە ئەوانیش یان لەو شەڕەدا دەكوژرێن، یان شەڕ ناكەن و خۆیان لەنێو خەڵكی سڤیلدا دەشارنەوە".

ئەوەی لە ئۆپەراسیۆنی مووسڵدا رۆژەڤە و قسەی لەسەر دەكرێ‌، بەشداریی سوپای توركیایە لەو ئۆپەراسیۆنەدا، هەرچەندە یڵماز پەرلەمانتارێكی ئۆپۆزیسیۆنە و سەر بە پارتی گەلی كۆمارییە، بەڵام لەگەڵ بەشداریی توركیایە لەو ئۆپەراسیۆنەدا.

ئۆزتورك یڵماز دەڵێت "توركیا بەشێكە لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی كە ئێستا شەڕی تیرۆر دەكات، هەروەها دراوسێی عێراقە، هەر رووداوێك لە عێراق رووبدات، راستەوخۆ كاریگەری لەسەر توركیا دەبێ‌. بۆ نموونە شەڕی سووریا كاریگەری زۆری لەسەر توركیا هەبووە، بە سەدان هەزار ئاوارەی سووری رژانە نێو توركیا، رەنگە لە عێراقیش ئەوە رووبدات و ژمارەیەكی زۆر كۆچبەر روو لە توركیا بكەن، بۆیە پێویستە توركیا بەشدارییەكی كاریگەری هەبێ‌ لەو شەڕەدا".
 
پەكەكە دەیەوێ‌ شنگال داگیر بكات و تەسلیمی پەیەدەی بكات

ئەگەر رێگە بە توركیا نەدرێ‌ بەشداری لە ئۆپەراسیۆنەكەدا بكات، چی روودەدات؟ یڵماز دەڵێت "ئەگەر هێزێكی هەرێمی وەكو توركیا ئاوت بكرێ‌، هەم بۆ پاشەڕۆی عێراق و هەم بۆ ئاشتی و ئارامیی ناوچەكە و هەم بۆ سەركەوتن لە دژی داعش، رێگایەكی راست نابێ‌".

ئۆزتورك گلەیی لە سیاسەتی توركیا هەیە لەبەرامبەر ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵ و دەڵێت "پلانی حكومەت ئەوەیە كە دەڵێ‌ بەشداریی ئۆپەراسیۆنەكە دەكەم و حكومەتی عێراقیش رێگە نادات، بەڵام دیار نییە پلانی بی چییە. حكومەت زۆر شت دەڵێت، بەڵام هەنگاوی پێویست ناهاوێ‌. بۆ دواڕۆژی مووسڵ سیاسەتێكی دروستی نییە".
 
ئێستا پەكەكە هەڕەشەیەكی دیكەیە لە بەردەم هەولێر

ئۆزتورك پێیوایە ئەگەر جەهەپە لە دەسەڵاتدا بووایە ئێستا ئەو كێشەیەی چارەسەر دەكرد "ئەوكات ئێمە هەم لەگەڵ ئیدارەی هەرێمی كوردی و هەم لەگەڵ حكومەتی عێراقیش پەیوەندی باشمان دەبوو. نابێت ئەوەش لەبیر بكەین كە لە نێوان ئیدارەی كوردی و بەغدا ناكۆكیی زۆر هەن، پێویستە ئێمە لە نێوان هەردووكیان رێگایەك بدۆزینەوە".

ئەوەی زیاتر توركیای تەنگەتاو كردووە بوونی پەكەكەیە لە شنگال، كە رەنگە رێگەیان پێبدرێ‌ بەشداری شەڕی مووسڵیش بكەن، ئەمەش بیانوو دەداتە توركیا بۆ ئەوەی بەشداری لە ئۆپەراسیۆنەكەدا بكات.
 
سیناریۆی بەغدا بۆ مووسڵی دوای داعش سەردەگرێ‌

ئۆزتورك لەبارەی پەكەكەوە دەڵێت "بوونی پەكەكە لە ناوچەكە بووەتە خەمێك بۆ توركیا، ئێستا پەكەكە لە چیای شنگالە. ئامانجەكەشی ئەوەیە كە شنگال داگیربكات و بیداتە پەیەدە، ئەوەش زیان لە یەكێتیی خاكی عێراق دەدات و رەوشەكە ئاڵۆزتر دەكات. لەبەر ئەوەی چیای شنگال شوێنێكی ئاسێیە، پەكەكە دەتوانێ‌ بە ئاسانی پێگەی خۆی لەوێ‌ جێگیر بكات. جگە لەوە بارزانییش بەمە دڵخۆش نییە، چونكە ئەگەر پەكەكە لەوێ‌ بەهێز بێت دەگاتە هەولێریش. سیاسەتی ئێستای پەكەكە خۆجێگیركردنە، پاشان خۆبەهێزكردنە".

ئۆزتورك سووریا بە نموونە دێنێتەوە و دەڵێت "پەكەكە لە سووریا بەهێز بوو، دەخوازن حوكمی هەولێریش بكەن. ئەو دەیەوێ‌ ئاڵۆزییەكانی هەولێر بكاتە ئامرازێك و كاریگەری لەسەر كوردی ئەوێش دروست بكات. دەیەوێ‌ بە درۆی دیموكراسی ئەوێش بەڕێوەببات و دەڵێت ئێمە دیموكراسیترین. ئەمەش وەكو هەڕەشەیەكە لەبەردەم ئیدارەی كوردی".
 
كورد زێدەڕۆیی بكەن لەگەڵ عەرەب تووشی شەڕ دەبن
 


ئێستا زۆر قسە لەسەر ئایندەی مووسڵ دەكرێ‌ كە ئایا لە ئایندەدا خاوەنی چ جۆرە ستاتۆیەك بێ‌. ئۆزتورك یڵماز لەو بارەیەوە دەڵێت "ئێستا سێ‌ سیناریۆ هەن، سیناریۆی حكومەتی عێراق ئەوەیە كە مووسڵ وەكو جاران پارێزگایەكی عێراق بێت. سیناریۆی ئیدارەی كوردی ئەوەیە كە رۆژهەڵاتی رووباری دیجلە كۆنترۆڵ بكات و بیخاتە سەر ئیدارەكەی. سیناریۆی سوننەكانیش ئەوەیە كە مووسڵ بكرێتە هەرێمێكی وەكو هەرێمی كوردی، بەڵام نازانین كامە سیناریۆ گونجاوە. لەبەر ئەوەی چەندە سوودیان هەبێ‌، ئەوەندەش زەرەریان هەیە".

یڵماز لەو باوەڕەدایە ئەو سیناریۆیەی ئەگەری سەركەوتنی هەیە ئەوەیە كە لەسەر داوای بەغدا بێ‌، لەبەر ئەوەی سوننەكان بەهۆی داعشەوە پێگەی خۆیان لەدەستداوە. كوردیش ئەگەر زێدەڕۆیی بكەن تووشی شەڕ دەبن لەگەڵ عەرەب.


 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە