کوژرانی قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودس لەلایەن فڕۆکەکانی ئەمریکا کاردانەوەی عێراقییەکانی بەدوای خۆیدا هێناو بەشێک لە عێراقییەکان بەو هەواڵە تووشی شۆک بوون و بەشێکی دیکەیان لە گۆڕەپانی تەحریر ئاهەنگ دەگێڕن. پەیامنێری رووداو دەڵێت: تەرمی کوژراوەکان لە نەخۆشخانەی موسەننای سەربازین لە بەغدا.
هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو لە بەغدا رایگەیاند، بیستنی هەواڵی کوژرانی ئەبوهەمدی موهەندیس و قاسم سولەیمانی لە هێرشێکی ئەمریکادا، بەلای بەشێک لە عێراقییەکان مایەی شۆک بوو، بەشێکی دیکەی عێراقییەکان لە گۆڕەپانی تەحریری بەغدا ئاهەنگ دەگێڕن، بەو پێیەی لە دوو مانگی رابردوو لەگەڵ دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکان لە عێراق یەکێک لەو درووشمانەی دەگوترانەوە دژی قاسم سولەیمانی و ئێران بوو.
دەنگۆیەک هەیە ئەم بەیانییە هەریەک لە هادی عامری و قەیس غەزعەلی دەستگیرکرابن، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو هەواڵە پشتڕاستنەکراوەتەوە، بەڵام لەلایەن حەشدی شەعبییەوە ئەو هەواڵە رەتکرایەوە.
لە بەغدا رێوشوێنێکی ئەمنی تووند گیراوەتەبەر، لەسەر شەقامەکان و شوێنە گشتییەکان هێزێکی زۆری ئەمنی دەبیندرێت. لەو شوێنانەشی کە هێزەکانی ئەمریکای لێیە وەکو باڵیۆزخانە و دامەزراوەکانی دیکە، هەمووی خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە، هەلیکۆپتەری ئەمریکیش بە بەردەوام بەسەر باڵیۆزخانەی ئەمریکادا دەسووڕێتەوە.
کوژرانی ئەبومەهدی موهەندیس جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی، کە لەلای هێزەکانی حەشدی شەعبی بە کەسێکی پیرۆز سەیرکراوە، پێناچێت حەشدی شەعبی بە بێدەنگی بمێنێتەوە، لە چەند رۆژی رابردوو هەڕەشەی زۆر تووندیان دەکردە سەر ئەمریکا، ئێستاش دوای کوژرانی موهەندیس بێگومان کاردانەوەکانیان زیاد دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ