رووداو - دیالە
بەهۆی بەردانی ئاوی دەریاچەی حەمرین بۆ نێو رووباری دیالە بۆ کەمکردنەوەی گوشاری سەر بەنداوی حەمرین، کە بەهۆی بەردەوامی لافاو دروست بوو، ئاستی ئاوی رووبارەکە بەرزبووەوە.
پردێکی نزیک دەریاچەکە ژێر ئاو کەوتووە و دیار نییە، بەهەمان شێوە زۆر لە باخەکان و حەوزەکانی ماسی ژێر ئاو کەوتوون و هەڕەشە لەسەر خانووی هاووڵاتیانیش هەیە، ئەگەر ئاستی رووبارەکە بەردەوام بێ لە بەرزبوون.
ئەحمەد مەحموود، هاووڵاتی دەڵێت: "ئەگەر ئاوی زیاتر بەردەن، ئاو دەگاتە ئەم ناوچانەی نیشتەجێبوونە و زیانیان پێدەگات. کێشەکە ئەوەیە هیچ پلانێکی پێشوەخت نابینین دانرابێ و ئەم پردە هەمووی قامیشە و دەبێتە هۆی زیادبوونی ئاو و دەگاتە ماڵان".
ئیدارەی خۆجێی قەزای بەعقووبە ناوەندی پارێزگای دیالە دڵنیایی دەدات کە رێنەمایی داوە بەو هاووڵاتییانەی لە حەوزی رووبارەکە نیشتەجێن بەوەی پێویستە ئامادە و وریا بن لە بەرزبوونی ئاستی ئاو، چونکە لە چەند رۆژی داهاتوو دیسان ئاو بەردەدەنەوە.
عەبدوڵڵا ئەلحەیالی، قایمقامی قەزای بەعقووبە دەڵێت: ''هاووڵاتیانی نیشتەجێی حەوزی رووباری دیالەمان ئاگادارکردووە، کە بەنداوی رێگر لە لافاویان بەزاندووە و ژمارەیان زیاتر لە 400 ماڵە لە ناوچەکانی شفتە و گەڕەکی مستەفا و گوندی دوای و سبتییە، بەوەی ئامادە و وریا بن لە ئەگەری بەرزبوونی ئاستی ئاو".
رێگرتن لە زیادڕەوی و داڕشتنی پلانی پێشوەخت ئەگەر جێبەجێ بکرایە، دەکرا زیانەکانیان کەمتر بکردایە و هەڕەشەکەیان دوور بکردایەتەوە.
پێداچوونەوە؛ راوچی حەسەن
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ