کۆنسووڵی پێشووتری ئەمریکا لە هەولێر وەک هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە بەغدا دەستبەکار بوو
رووداو دیجیتاڵ
کۆنسووڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر دەڵێت، ستیڤن ئەیچ فەیگن، کۆنسووڵی پێشووتری ئەمریکا لە هەولێر وەکو هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە بەغدا دەستبەکار بووە.
رۆژی سێشەممە 3ی حوزەیرانی 2025 کۆنسووڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "خۆشحاڵین بە راگەیاندنی دەستبەکاربوونی باڵیۆز ستیڤن ئەیچ فەیگن وەکو هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە بەغدا."
وەکو کۆنسووڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر باسی دەکات، "باڵیۆز فەیگن زانیارییەکی زۆر و فراوانی لەبارەی عێراق هەیە، بەو پێیەی پێشتر وەکو کۆنسووڵی گشتیی کۆنسووڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر کاری کردووە."
فەیگن لەنێوان ساڵانی 2018 بۆ 2020 کۆنسووڵی ئەمریکا بوو لە هەولێر و لەنێوان ساڵانی 2020 بۆ 2021ـیش لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا کاری کردووە.
باڵیۆزخانەی ئەمریکاش لە بەغدا لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "خۆشحاڵین رایدەگەیێنین کە باڵیۆز ستیڤن ئەیج فەیگن بووە هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەکەمان لە بەغدا."
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە راگەیێندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەش کردووە، ستیڤن ئەیچ لە ساڵی 1997ەوە دەستی بە خزمەت لە وەزارەتی دەرەوە کردووە؛ ستیڤن ئەیچ ئەزموونی لەو بوارە لە ئەورووپا، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و نێوەڕاستی ئاسیادا هەبووە.
ستیڤن ئەیچ لە شاری نیویۆرک لەدایکبووە و لە نیوجێرسی گەورە بووە، بڕوانامەی بەکالۆریۆس و ماستەری لە کۆلێژی وڵیامز و میشیگن بەدەستهێناوە.
باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە عێراق ئەلینا رۆمانۆوسکی بوو و لە کانوونی یەکەمی رابردوو ئەرکەکەی کۆتایی هات.
تاوەکو ئێستا ئەمریکا هیچ کەسێکی دیاری نەکردووە بۆئەوەی بە فەرمی ببێتە باڵیۆزی وڵاتەکەی لە بەغدا. بۆئەوەی کەسێک ئەو پۆستە وەربگرێت، دەبێت لەلایەن سەرۆکی ئەمریکاوە بەربژێر بکرێت و لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکاش پەسندی بکات و دواتریش تەواوی ئەنجوومەنەکە دەنگی لەسەر بدات.