سوودانی لە دادگەی فیدراڵیی عێراق سکاڵا لەسەر 12 مادەی یاسای بودجە تۆمار دەکات

03-07-2023
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی عێراق لە دادگەی فیدراڵیی عێراق سکاڵا لە دژى 12 مادەی نێو یاسای بودجەی عێراق تۆمار دەکات و داوا دەکات بە شێوەیەکى کاتى جێبەجێکردنى ئەو مادانە رابگیرێن تاوەکو سکاڵاکە یەکلایی دەبێتەوە.
 
بەگوێرەی نووسراوێک کە رۆژی 26ی حوزەیرانی 2023 دەرکراوە و واژۆی قاسم سەحیب، بریکاری یاسایی سەرۆکوەزیرانی عێراقی لەسەرە؛ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە دادگەی فیدراڵیی عێراق سکاڵای لە دژی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تۆمار کردووە، لە بەرامبەر گۆڕانکاری لە 12 مادەی نێو یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵەکانی 2023، 2024 و 2025.
 
بەگوێرەی ئەو نووسراوە بێت ئەو مادانە، مادەکانی 12، 13 و 14 ناگرێتەوە کە تایبەتن بە پشکی هەرێمی کوردستان، لە کاتێکدا دوای پەسندکردنی بودجەی عێراق بەشێک لە فراکسیۆنە سیاسییە کوردستانییەکان پێیان وابوو پەسندکردنی بودجە بەوشێوەیە پێچەوانەی ئەو رێککەوتنانەیە کە پێشتر لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی عێراق کراوە و چاوەڕوانی هەڵوێستی سەرۆکوەزیرانی عێراق بوون.

لە سکاڵاکەیدا سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، پەرلەمان چەند بڕگەیەکی بۆ ئەو مادانە زیادکردووە کە پابەندبوونی دارایی هەیە، ئەوەش پێچەوانەی مادەی 62ی دەستووری عێراقە، ئەوەش جگە لەوەی چەند بڕگەیەکی دیکەی زیادکردووە کە پێچەوانەی سیاسەتی گشتیی دەوڵەتە.
 
ئەو مادانەی کە سەرۆکوەزیرانی عێراق سکاڵای لەسەر تۆمار کردوون، پێکدێن لە مادەکانی 2، 16، 20، 28، 57، 62، 63، 65، 70، 71، 72، 75.
 
هەر لە سکاڵاکە محەممەد شیاع سوودانی داوای کردووە، بە فەرمانێکى کاتى (ئەمری وەلائی) دەربکرێت، بە شێوەیەکی کاتی جێبەجێکردنی ئەو مادانە رابگیرێت و کاریان پێ نەکرێت تاوەکو یەکلاییکردنەوەی سکاڵاکە لە دادگەی فیدراڵیی عێراق.
 
دوای پێنج رۆژ لە گفتوگۆی بەردەوام، رۆژی 12-06-2023 پەرلەمانتارانی عێراق دەنگی بە سەرجەم مادەکانی پڕۆژەیاسای بودجە دا و رەوانەی بەردەستی سەرۆککۆماری عێراق کرا.
 
رۆژی 21-06-2023 لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵیی پەسند کرد و رایگەیاند، "پەسندکردنی بودجە، خاڵی وەرچەرخان دەبێت بۆئەوەی حکومەت دەست بە بەرنامەکەی بکات."
 
قەبارەی بودجەکە بۆ هەر ساڵێک نزیکەی 199 تریلیۆن دینارە و ساڵانە 16 تریلیۆن دیناریش لەو بڕە، پشکى هەرێمى کوردستانە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە