نووری مالیکی: تەندروستیم زۆر باشە
رووداو دیجیتاڵ
دوای نزیکەی هەفتەیەک لە ئەنجامدانی نەشتەرگەری، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا پەیامێکی دەنگی بڵاوکردەوە و سوپاسی هەموو ئەو کەسانەی کرد هەواڵیان پرسیوە و راشیگەیاند، ئێستا تەندروستی زۆر باشە.
29ـی تەممووزی 2025، نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، بەهۆی تێکچوونی دۆخی تەندروستییەوە گەیێندرایە نەخۆشخانە. دواتر، ساحب بەزوون حەسناوی، ئەندامی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا و کەسی نزیکی نووری مالیکی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "نەشتەرگەریی قەستەرە و باڵۆن بۆ نووری مالیکی کرا و نەشتەرگەرییەکە بە سەرکەوتوویی تەواوبوو."
ئەمڕۆ یەکشەممە، 3ـی ئابی 2025، نووری مالیکی پەیامێکی دەنگی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێت: "سوپاس بۆ خودای گەورە کە تەندروستی پێ بەخشیمەوە دوای ئەوەی تووشی نەخۆشییەک بووم و بە سەلامەتی تێپەڕی. سوپاس بۆ خودا، ئێستا تەندروستیم زۆر باشە. سوپاس و پێزانینی خۆم ئاراستەی هەموو ئەو برا و خوشکانە دەکەم کە هەواڵیان پرسیم و پەیوەندییان پێوە کردم یان لە نەخۆشخانە لەگەڵم مانەوە. سوپاسیان دەکەم بۆ میهرەبانییان و بۆ ئەو هەڵوێستە جوامێرانەیان کە خۆشەویستی و برایەتی و پەرۆشیی خۆیان دەربڕی."
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا نووری مالیکی دەڵێت: "دەمەوێت بەوانە بڵێم کە دڵیان خۆش بوو بەم رووداوە؛ نەخۆشی هی ئەوە نییە کەس دڵی پێ خۆش بێت. ئەو کەسانەی دڵیان خۆش بوو نیشانەی لاوازیی دەروونییانە. ئەوانەی درۆ دەکەن بۆ ئەوەی خۆیان پێ دڵخۆش بکەن، پێیان دەڵێم تەندروستیم باشە و سوپاس بۆ خودا، ئێستا هیچ کاریگەرییەکی ئەو نەخۆشییەی تووشی بووم نەماوە، سوپاس بۆ خودا."
نووری مالیکی کێیە؟
- ساڵی 1950 لە قەزای هیندیەی پارێزگای بابل لەدایکبووە
- لە کۆتایی شەستەکان پەیوەندی بە حیزبی دەعوەوە کردووە
- ساڵی 1980 بەهۆی گوشاری حیزبی بەعسەوە عێراقی جێهشتووە
- ماوەیەکی زۆر لە سووریا و ئێران ژیاوە
- ساڵی 2003 گەڕایەوە عێراق
- ئەندامی ئەنجوومەنی حوکم بوو
- ساڵی 2006 بووە سەرۆکوەزیرانی عێراق
- ساڵی 2010 بۆ جاری دووەم بە سەرۆکوەزیرانی عێراق هەڵبژێردرایەوە
- ئێستا سەرۆکی حیزبی دەعوە و سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسایە